سەرپەرشتیاری پەروەردەیی پایەیەکی بنەڕەتییە لە بەرەوپێشبردنی کوالیتی خوێندن، بەڵام رۆڵیان لە هەندێک بواردا لە ئێستادا کەم بووەتەوە، بۆ نموونە لە پرۆسەی بنیادنانی تواناکاندا کاریگەریی لەسەر تواناکانیان هەبووە، لێرەدا بەکورتی باسێک لە رۆڵی سەرپەرشتیار و گرنگی کارەکانیان دەکەین، پێشتر لەچەند بوارێکدا رۆڵی بنەڕەتییان هەبووە:
رۆڵی سەرپەرشتیار لە کارە کارگێڕییەکاندا
سەرپەرشتیار رۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت لە پاڵپشتیکردنی کارگێڕی و بەڕێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگەکان، لە رێکخستنی داتا و زانیاری و بوارەکانی تری پەیوەست بە خوێندکاران و مامۆستایان، یەکەم: باشترکردنی پەیوەندیی و ئاسانکارییکردن بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی لە نێوان مامۆستایان و کارگێڕیی و بەڕێوەبەرێتی پەروەردەکانیان. دووەم: بەدواداچوونی ئەدای کارکردن، سەرپەرشتیار دەتوانێت چاودێری پێشکەوتنی کارەپەروەردەییەکان و جێبەجێکردنی رێنمایی و بڕیار و فەرمانە کارگێڕییەکان بکات و بوارەکانی باشترکردن دەستنیشان بکات. سێیەم: پلاندانانی کاریگەر، واتە داتای ورد دابین دەکات بۆ یارمەتیدانی پەرەپێدانی ستراتیژی پەروەردەیی گونجاو.
سەردانیکردنی مامۆستایان
رۆڵی سەرپەرشتیار، سەردانی مامۆستایان لە پۆلەکانیاندا دەگرێتەوە بۆ چاودێریکردنی ئەدای کارکردنیان و پێشکەشکردنی پشتگیری و پێدانی رێنمایی پێویست لەسەر کتێب و رێگا و شێوازی وانەوتنەوە و هەڵسەنگاندنیان. یەکەم: پێشکەشکردنی فیدباکێکی بنیاتنەر و رێنماییکردنی مامۆستایان و باشترکردنی شێوازی وانەوتنەوە. دووەم: بەرەوپێشبردنی گەشەپێدانی پیشەیی و دابینکردنی دەرفەتی راهێنان بە پێی پێویست.
سێیەم: چاودێریکردنی کوالیتی پەروەردە و هەڵسەنگاندنی کاریگەریی مەنهەج و ستراتیژییەکانی وانەوتنەوە.
بەداخەوە ئەم رۆڵە لە سیستمی پرۆسەی بنیادنانی تواناکاندا زۆر کەم بایەخ کراوە و تەنیا وەک رێنماییکارێک بێ ئەوەی توانای بڕیاردان و بەشداریی هەبێت و تەنانەت یەکلاییکردنەوەی سەرنج و تێبینییەکانیشی دەکەوێتە سەر پەسەندکردنیان لەلایەن کارگێڕی قوتابخانە و خوێندنگەکانەوە، ئەمەش چەند تهحەدییاتێک دێنێتە کایەوە کەوا دەکات رۆڵی سەرپەرشتیار رۆڵێکی تاڕادەیەک پەراوێزیی و ناپێویست بێت لە ناوەندەکاندا، لە سیستمی (بریتش کاونسڵدا)، رۆڵی سەرپەرشتیار بۆ رۆڵێکی رۆتینیتر کورتکراوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی، یەکەم: کەمبوونەوەی کاریگەریی و رۆڵی سەرپەرشتیار، دووەم: تەرکیزکردن لەسەر ئەرکە رۆتینیەکان، ئەمەش کاریگەریی لەسەر توانای سەرپەرشتیاران هەبووە، سێیەم: لەدەستدانی پەیوەندیی، لەبەرئەوەی سەرپەرشتیاران تەنیا سەردانی کارگێڕی ئەنجام ئەدەن و سەردانی پۆل و مامۆستایان ناکەن، بەشێکی زۆری مامۆستایان بەتایبەت ئەوانەی نوێن و پێویستیان بە رێنمایی و پاڵپشتی هەیە، بێ رێنمایی و سەرنج و تێبینی دەمێننەوە، ئەمەش پەیوەندیی نێوان مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی پسپۆڕیی تەواو کاڵکردووەتەوە.
بەهێزکردنی رۆڵی سەرپەرشتیار لە سیستمی پەروەردەدا
یەکەم: پەرەپێدانی بەرنامەی راهێنانی تایبەتمەند، واتە خولی راهێنان بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی سەرکردایەتی و رێنمایی پەروەردەیی.
دووەم: زیادکردنی نەرمی لە رۆڵەکاندا، واتە رێگە بە سەرپەرشتیاران بدرێت کە ئەولەویەتەکانیان بە پشتبەستن بە پێداویستییەکانی قوتابخانە دیاری بکەن.
سێیەم: باشترکردنی پەیوەندییەکان، یانی دانانی کەناڵی پەیوەندیی کاریگەر لە نێوان سەرپەرشتیاران و مامۆستایاندا.
چوارەم: پێناسەکردنی نیشاندەری ئەدای کارکردن، واتە دانانی پێوەرێکی روون بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای سەرپەرشتیاران.
پێنجەم: بەرپرسیارێتی هاوبەش، واتە هاندانی سەرپەرشتیاران بۆ کارکردن لەگەڵ مامۆستایان وەک بەشداربوو لە پرۆسەی خوێندندا.
شەشەم: پێشکەشکردنی پشتگیریی کارگێڕی، واتە کەمکردنەوەی بارگرانی کارگێڕیی رۆتینی لەسەر سەرپەرشتیاران.
حەوتەم: بەهێزکردنی رۆڵی سەرپەرشتیار لە پلاندانان، یانی بەشداریکردنی سەرپەرشتیاران لە پرۆسەکانی پلاندانانی ستراتیژیدا.
هەشتەم: هەڵسەنگاندنی بەردەوام، واتە ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی وەرزی بۆ رۆڵ و کاریگەریی سەرپەرشتیاران.
گەڕانەوە دەرماڵەی هاتوچۆ
لە ئێستادا دەرماڵەی هاتووچۆی سهرپهرشتیاران زۆر کەمکراوەتەوە، ئەمەش ئاستەنگییەکی زۆر بۆ سەرپەرشتیاران دروست دەکات، چونکە سەرپەرشتیاران بە ئۆتۆبێلی کەسیی خۆیان و بە تێچوی گیرفانی خۆیان سەردانی قوتابخانە و خوێندگەکان دەکەن. دەبێ لە رووی ماددییەوە گرینگی بە سەرپەرشتیاران بدرێت، چونکە سەرپەرشتیار کاریگەریی لەسەر باشترکردنی کوالیتی خوێندن هەیە، بە تەرخانکردنی دەرماڵەی گواستنەوە، دەتوانرێت کاریگەریی سەرپەرشتیاران بەرز بکرێتەوە و ئەدای پەروەردەیی لە قوتابخانەکاندا باشتر بکرێت، ئەمەش بەشدارە لە دەرئەنجامە باشترەکان بۆ پەیڕەوێکی پەروەردەیی سەرکەوتوو.
*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی