حودەیبییەیەكی عیراقی لە ناوخۆ و دەرەوە..!*

09:42 - 2025-07-23
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
84 خوێندراوەتەوە

عیراق، پێویستی بە سەقامگیری و تەبایی ناوخۆیی زیاترە بۆ ئەوەی هاووڵاتی؛ متمانەی بە دەوڵەت و دامەزراوەكانی و بە پرۆسەی سیاسی بگەڕێتەوە. تینووی بەستنی پەیماننامەیەكیشە لەشێوەی پەیماننامەی حودەیبییە-ی ساڵی (628م) لە رەهەندە كاتییەكەیدا، یاخود ئاشتەواییەك‌ وەك ئاشتەوایی حودەیبییە لە سەردەمی پێغەمبەر (د.خ)، بەڵام نەك تەنها لەگەڵ لایەنێك و بەبێ ئەوانیتر، بەڵكو لەگەڵ سەرجەم لایەن و گروپەكان لە ناوخۆ و دەرەوە. ئەمەش بۆ بەگەڕخستنی كات و تەرخانكردنی لەپێناوی وەدیهێنانی خەونی زۆرو زەوەند و چەپێنراوی دڵ و ناخی عیراقییەكان، كە دیارترینیان دەستپێكردنی ئاوەدانیی ماددی و كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆژییە، ئەوانەی كە وڵات و هاووڵاتیان پێویستیان پێیانە و نیانە!‌.
هەروەها ئاشتەوایی بۆ چەسپاندنی بنەماكانی دەوڵەتی یاسا و لێبووردەیی و بۆ بانگەوازی سیاسییش، كە لەسەر بنەمای كۆنسێپت و بەهای سەردەمییانە بێت و خاڵی بێ لە مەیلی دواكەوتووانە و لێوان لێویش بێت لە گیانی نوێبوونەوە و شارستانیەت و پێشكەوتن، بە شێوەیەك كە ئیتر هانی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بدات مامەڵە لەگەڵ عیراقدا بكەن و پەیوەندیی دۆستایەتی و ستراتیژی و سیاسی و ئابووریی لەگەڵدا گرێبدەن، ئەو پەیوەندییانەش خزمەت بە وڵات بكەن و لە گەشەپێدان و بوژاندنەوەیدا بەشداربن.
هەروا عیراق هیچ پێویستییەكی بەوە نییە كە لە تەنگژە و ململانێی ناوخۆیی خنكێنەری زیاتردا بژی، كە بێگومان پرۆژەكانی بنیاتنانی دەوڵەتێكی بەهێز و نەخشەكانی پێگەیاندنی كۆمەڵگەیەكی یەكگرتوو و یەكپارچە لەباردەبەن، بەتایبەتی لەبەرئەوەی هەر دەمێك كە قەیران و ململانێی نوێ و دووبارە سەرهەڵدەدەن، لەگەڵیدا ئاوات و هیواكانیش پاشەكشە دەكەن و تارمایی دووبەرەكی و پەرتبوون و نەبوونی ئاسایش و ئارامی دەگەڕێتەوە، متمانە بە ئێستا و داهاتوو و بە تەواوی پرۆسەی سیاسییش‌ لەبار دەچێت. عیراق، پێویستە بە تەواوی دووربكەوێتەوە لە هەر تێوەگلانێك لە شەڕ و ململانێكانی ناوچەكەش، كە زۆرجار لەسەر حیسابی سەقامگیریی ناوخۆیی دەبێت.
بە مانایەكی تر، بەرپرسیارێتیی دەستەبژێری سیاسی لە عیراق و بڕیاربەدەستانی، زۆر گەورەیە، ئەوان پێویستە لەسەریان كە سیاسەتی كۆنترۆڵكردنی تەنگژە و ململانێ ناوخۆییەكان پەیڕەو بكەن ئەگەر نەیانتوانی بە تەواوی سفریشی بكەنەوە و كۆتاییان پێبهێنن. لەم رووەوە، عیراق ئێجگار پێویستی بە وەبەرهێنانی كات و قەرەبووكردنەوەی ئەو دەورانەیە‌ كە لە شەڕ و وێرانكاری و لەناوبردنی توانا و لێهاتوویی رۆڵەكانیدا بەزایەچوون، كە هەمووشی بەهۆی بەفیڕۆدانی كاتەوە لە ململانێی لاوەكی بەهەدەردرا لەجیاتی ئەوەی لە پرۆژەكانی بنیاتنان و گەشەپێدان و پێشكەوتندا، بەكاربهێنرێت.
* ئەم وتارە تایبەتە بە كوردستانی نوێ و رۆژنامەی (الزمان)ی نێودەوڵەتی و لە یەككاتدا بڵاودەبێتەوە.

وتارەکانی نوسەر