وشەی (ئەپدەیت) لە بنەڕەتدا واتای نوێکردنەوە یاخود تازەکردنەوەی بەرنامە، یاخود سیستمێک دەگەیەنێت. لەگەڵ پێشکەوتنی بەردەوامی تەکنۆلۆژیا و بڵاوبوونەوەی ئامێرە زیرەکەکان، ئەم وشەیە بۆتە بەشێکی جیانەکراوە لە ژیانی رۆژانەمان. ئەمڕۆ ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین، کە پێویستی بە نوێکردنەوەی بەردەوام هەیە، جا لە رووی تەکنۆلۆژیاوە بێت یاخود لە رووی زانیاری و شارەزاییەکانمانەوە.
لە جیهانی تەکنۆلۆژیادا، کۆمپانیا گەورەکان وەک ئەپڵ، گوگڵ، مایکرۆسۆفت...، ساڵانە یاخود چەندجارێک لە ساڵدا، ئەپدەیتی نوێ بۆ بەرنامەکانیان دەردەکەن. ئەم نوێکردنەوانە بۆ چەند مەبەستێک دەکرێن: چاککردنی کێشەکان، زیادکردنی تایبەتمەندیی نوێ، باشترکردنی ئاسایشی سیستم و گونجاندن لەگەڵ پێداویستی نوێی بەکارهێنەران.
بەڵام لێرەدا راستییەکی سەرنجڕاکێش دەردەکەوێت: لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و گەشەی گەورەی بەرنامەکان، هەندێک ئامێری کۆن، ناتوانن ئەو ئەپدەیتە نوێیانە وەربگرن. ئەمەش بەهۆی چەندین هۆکارەوە: کەمی بیرگەی ئامێرەکە، کۆنبوونی پرۆسێسەرەکە، یاخود نەگونجانی کەرەستەی رەقەکار لەگەڵ داواکاری نوێی بەرنامەکە. لە ئاکامدا، ئەم ئامێرانە وەک پارچە مۆزەخانەیەکن، کە ناتوانن ئەرکی سەرەکی خۆیان بە باشی ئەنجام بدەن.
ئەم یاسایەی کار لە جیهانی تەکنۆلۆژیادا، تەنها پەیوەندی بە ئامێرەکانەوە نییە، بەڵکو بەهەمانشێوە لە مرۆڤەکانیشدا دەبینرێتەوە. مرۆڤ وەک ئامێر پێویستی بە نوێکردنەوەی بەردەوامی زانیاری، شارەزایی و میتۆدەکانی کارکردنی هەیە. ئەوانەی خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم نوێ ناکەنەوە، وەک ئەو ئامێرە کۆنانە دەبن، کە چیتر ناتوانن ئەپدەیت وەربگرن.
لە بواری کارگێڕیی و بەڕێوەبردندا، زۆرینەی ئەو کەسانەی کە لە پلە بەرزەکانی فەرمانگەکاندا کار دەکەن، بەهۆی خۆنوێنەکردنەوەیان لەگەڵ پێشکەوتنە خێرایەکانی تەکنۆلۆژیا، کەوتوونەتە دواوە. زۆرێک لەوان هێشتا نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ مۆبایلی زیرەک، بەکارهێنانی کۆمپیوتەر، نووسین لە سیستمی وۆرد یاخود ئێکسڵ، یاخود بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گەڕان بە ناو وێبسایتەکاندا بکەن.
ئەم دۆخە تایبەت و نەخۆشە، لەو سەردەمەدا کە زانستی تەکنۆلۆژیا مەودای نێوان شوێنەکانی زۆر نزیک کردۆتەوە و کاتی بۆ ئەنجامدانی کارەکان بە چەندین قات کەم کردۆتەوە. ئەمڕۆ دەتوانیت لە ماوەی چەند خولەکێکدا، ئەو کارانە ئەنجام بدەیت کە پێشتر مانگێکی پێ ئەویست.
هەمان دیاردە لە بواری سیاسییشدا بە روونی دەردەکەوێت. زۆرن ئەو کەسانەی لەناو رێکخراوە حزبیەکان یاخود دامەزراوە سیاسییەکاندا کار دەکەن، بەڵام گرنگییان بە خۆپەروەردەکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و رۆشنبیری خۆیان نەداوە. ئەوان وەک ئەو ئامێرە کۆنانەن کە لە هەمان شوێنی سەرەتایاندا، بەجێماون و نەیانتوانیوە خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم بگونجێنن.
ئەم جۆرە کەسانە ئەمڕۆ لە قۆناغێکی گرفتدان کە ئیتر ناتوانرێت (ئەپدەیت) بکرێنەوە، چونکە سەردەمیان بەسەرچووە و توانای گونجانیان لەگەڵ پێداویستیە نوێیەکانی سیاسەت و کۆمەڵگە نییە. ئەوان تەنها وەک ئامێرێکی کۆن کار دەکەن، کە بە ئەستەم کارەکانی رۆژانە ئەنجام دەدات، بەڵام ناتوانێت بە شێوەیەکی کارا و بەپێی ستانداردەکانی سەردەم خزمەتگوزاریی بکات.
ئەو کەسانەی لەم دۆخەدان، باشترین چارەسەر بۆیان ئەوەیە کە، یەکەم: دان بنێن بەو راستییەدا کە پێویستیان بە فێربوونەوە و نوێکردنەوەی زانیاریەکانیان هەیە. ئەمە یەکەم هەنگاوە بۆ گۆڕانکاری. دووەم: بەشداری لە کۆرس و وۆرکشۆپەکانی فێرکاری تەکنۆلۆژیا، کارگێڕیی نوێ و میتۆدە سیاسیە نوێیەکان بکەن. سێیەم: ئەگەر نەیانتوانی خۆیان بگونجێنن، باشترە شوێنی خۆیان بدەنە کەسانی گونجاو و شارەزا، تاوەکو زیان بە دامەزراوەکان و خەڵک نەگات. چوارەم: دامەزراوەکانیش دەبێت سیاسەتی نوێکردنەوەی هێزی مرۆییان هەبێت و بە بەردەوامی لە ئاستی شارەزایی کارمەندەکانی زیاد بکات.
دەبێت تێبگەین کە نوێکردنەوە تەنها بۆ ئامێرەکان نییە، بەڵکو یاسایەکی سروشتییە کە هەموو بوونەوەرێک، تایبەت بە مرۆڤ، دەبێت پەیڕەوی لێبکات. ئەوانەی خۆیان نوێ ناکەنەوە و لەگەڵ سەردەم هەنگاو نانێن، وەک ئەو ئامێرە کۆنانە دەبن، کە جگە لە گرتنی شوێن، سوودێکی دیکەیان نییە. بۆیە، گرنگە هەرکەسێک بۆ خۆیی و دامەزراوەکەیی و کۆمەڵگاکەی، بەردەوام بێت لە فێربوون و نوێکردنەوەی خۆی، تاوەکو بتوانێت بەرپرسیارێتییەکانی بە باشی ئەنجام بدات و بەشدارییەکی ئەرێنی لە پێشخستنی کۆمەڵگەدا بکات.