میدیا و رووماڵی زانیارییەکان
میدیا رۆڵی گەورە و کاریگەریی هەیە لەسەر هەموو پرسە جیاوازەکان کە رووبەڕووی تاک و کۆمەڵگە دەبنەوە، زۆرجار رووماڵ و گواستنەوەی ئەو زانیارییانە لە میدیاوە، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تاکەکان و کۆی گشتیی کۆمەڵگە دەبێت، میدیا چۆنی بوێت بەو جۆرە دەتوانێت ئاڕاستەی کۆمەڵگە بکات.
لەمڕۆدا میدیا رۆچووەتە ناو هەموو كون و كەلەبەرەكانی ژیانەوە، بە هۆی ئاسانی دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت و مۆبایلی زیرەکەوە، کە لە گیرفانی هەموو كەسێكدایە، چرکە بە چرکە هەواڵ و زانیاری و وێنە و ڤیدیۆکانی پێدەگات.
لە ماوەی پانزە ساڵی رابردوودا، لە پرسە گەورەکانی وەک (شەڕی داعش، ریفراندۆم، کێشەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردن و پێکهێنانی کابینەکان و قەیرانی دارایی و...هتد)، میدیا رۆڵی گەورەی هەبووە لە گواستنەوەی ئەم پرسانەدا، زۆر تێبینی و رەخنە هەیە لەسەر شێوازی رووماڵ و گواستنەوەی ئەو پرسانە کە لێرەدا دەرفەتی ئەوە نییە باسیان بکەین و لێی دەگەرێین بۆ توێژەرانی میدیا، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستمە باسی بکەم پرسی مووچەیە لە میدیاکاندا.
بە درێژایی دە ساڵی رابردوو، میدیاکانی هەرێم بەگشتی و چەند کەناڵێکی تیڤی و پەیجەکان کاریگەریی خراپیان هەبووە لەسەر گواستنەوەی تەواوی زانیارییە دروستەکانی ئەم پرسە، چ لە بەغدا و چ لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان.
میدیاکانی کوردستان، بەتایبەتی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان، تەنیا پشتیان بە پەیامنێر و وێنەگرێک بەستووە بۆ گواستنەوەی زانیارییەکانیان، واتە بە سەنگ و قورساییەوە نەچوونەتە پایتەخت، هەندێک لەوانەش کە لە بەغدان زمانی عەرەبی بە مانا فراوان و قووڵەکەی نازانن، لەلایەکی دیکەوە پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ بەرپرسان و کاربەدەستانی یەکەمی حزب و حکومەت نییە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و چاوپێکەوتن بۆ ئەوەی بتوانرێت لەکاتی پێویستدا سوودیان لێوەربگیرێت.
میدیاکانى کوردستان، بەتایبەتى کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان، تەنیا پشتیان بە پەیامنێر و وێنەگرێک بەستووە بۆ گواستنەوەى زانیارییەکانیان، واتە بە سەنگ و قورساییەوە نەچونەتە پایتەخت، هەندێک لەوانەش کە لە بەغدان زمانى عەرەبی بە مانا فراوان و قوڵەکەى نازانن
میدیا و پرسی مووچە
لەچەند مانگی رابردوودا، بەتایبەتی لە چەند رۆژی رابردوودا، پرسی مووچە بوو بە هەواڵ و خەمی یەکەمی مووچەخۆران و هاووڵاتیان و کاسبکارانی کوردستان، میدیاکان رووبەرێکی فراوان و زۆریان داوە بەم پرسە، زۆرترین کاریگەریی ئەرێنی لەسەر شەقام هەبووە.
وەک رۆژنامەنووسێک تەنیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک چاوێکم خشاندەوە بە پۆست و هەواڵ و زانیارییەکانی سێ رۆژدا، لە سێ کەناڵی تەلەفزیۆنی دیاری کوردستان، لە رۆژی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، خەرجکردنی مووچەم لە رۆژانی (17-20/ 7/ 2025) وەک نموونە وەرگرتووە، لە هەر کەناڵە و تەنیا چوار پۆستم وەرگرتووە.
بە سەیرکردنی پۆستەکان لە رۆژی یەکەمی لێکتێگەیشتنەکەدا، واتە (17ی 7ی 2025) تێدەگەیت چۆن میدیاکان خەڵکیان گەشبین کردووە، بەهۆی هەواڵی هاتنی مووچەوە، پەیامنێرەکانیان لە دەستی دوو و سێ زانیارییان گواستووەتەوە بۆ خەڵک، بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند و لە رۆژی 20ی مانگ، یەکشەممەی رابردوو پرۆسەی رووماڵ و گواستنەوەی زانیاریی 180 پلە پێچەوانە بووەتەوە.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە مووچە لەو رۆژانەدا و رۆژانی دواتردا جۆرێک لە لێڵی و ناڕوونی تێکەوت، نازانرێت کەی و چۆن دێت؟ دیسان هەمان پەیامنێری ئەو کەناڵانە بە گواستنەوەی زانیارییەکانیان مووچەخۆران و هاووڵاتیانیان نائومێد و رەشبینکردەوە، جۆرێک لە بێ متمانەیی بۆ کەناڵە میدیاییەکە و نائۆمێدی بۆ هاووڵاتیان خوڵقاندووە. ئەوەش دەرکەوت کەسانی سیاسی و کاربەدەستانی حکومەت و وەزیرەکان لە حکومەتی عیراق، ئایندەی ناردنی مووچە ناڕوونە لایان، لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی راگەیاندنیش وەک یەک زانیاریی کاتی هاتنی مووچە دەزانن، چونکە پرسەکە رۆژ بە رۆژ، تەنانەت کاتژمێر بە کاتژمێر دەگۆڕدرێت، بەگشتی کەناڵ و سیاسییەکانیش، تێڕوانینی فراوانیان نەبووە بۆ ئەم بابەتە، خۆیان بۆ سیناریۆ جیاوازەکان ئامادە نەکردووە!
میدیا و سەرچاوەکانی زانیاری
من پێموایە باشترە بۆ ئەوەی کەناڵەکان و خودی پەیامنێرەکان، دوای گواستنەوەی هەر زانیاریی و رووماڵێک نەکەونە بەر تانە و تەشەر و رەخنەی هاووڵاتیان بەگشتی و تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و شەقامیان لێ توڕە نەبێت، باشترە میدیاکان چاوێک بە رووماڵەکانیاندا بخشێننەوە، خۆیان بخەنە بەر رەخنە و هەڵسەنگاندنەوە کە چیانکردووە و چۆن کردوویانە؟ بۆئەوەی بینەر و خوێنەری خۆیان لەدەست نەدەن.
بەشێک لەو پەیامنێرانە باشترە لەسەر پرسی مووچە ماوەیەک بێدەنگی هەڵبژێرن لەبری ئەوەی زانیاریی دووبارە و سواو دەرخواردی بینەر و بیسەرەکانیان بدەن، هەوڵبدەن لەو گۆشانەوە رووماڵی زانیارییەکان بکەن کە سەرچاوەی تایبەتن لەسەر ئەم پرسە، ئەویش بەوە دەکرێت زانیاریی لەخودی کەسە یەکەمەکانی حزبی حکومڕان و پشتی پەردە، کەسانی لایەنی پەیوەندیدار لە بەغدا و هەولێر وەربگیریت و زانیارییەکان بگوازنەوە، نەک لە پەرلەمانتار و وەزیرەکانەوە، کە جۆرێک دەبێت لە گواستنەوەی زانیاریی لە دەستی دوو و سێ.
هەرێمی كوردستان بەراورد بە رێژەی دانیشتوانەكەی گرفتی كەمیی ژمارەی میدیای نییە، بەڵكو گرفتاری چۆنێتی كاركردنی بەشێکی میدیاكانی هەیە، بۆیە باشترە بۆ گەڕانەوەی رۆڵی میدیاکان و گێڕانی رۆڵی راستەقینەیان لە گواستنەوەی سەرجەم قەیران و پرسە جیاوازەکاندا گۆڕانكاریی ریشەیی لە خۆیان و رۆژنامەنووسانیان و بەتایبەت تر لە پەیامنێرەکانیاندا بکەن.