لە کۆمەڵگەیەکی سەقامگیردا، دوو بەهای سەرەکی هەن، ئاشتی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. لە کاتێکدا رەنگە ئەم بەهایانە وەک ئامانجی سیاسی یان یاسایی دەرکەون، بەڵام رەگ و ریشەیان زۆر قووڵترە، بەتایبەتی لە پێکهاتەی کەلتوریی هەموو کۆمەڵگەیەکدا چەسپیوە، بە کۆمەڵگەی کوردییشەوە.
لێرەدا مەبەستمان تەنها نەبوونی شەڕ یان ململانێ نییە، بەڵکو مەبەست لە بەدامەزراوەکردنی کۆمەڵگەی کوردییە بە هاوئاهەنگی و رێزگرتنی تاک لەنێوان یەکتردا، لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی بانگەشە دەکات بۆ دەوڵەتی مەدەنی و دامەزراوەیی، بەڵام ئێستاش زۆرێک لە پێشنیاز و بڕیارەکانی چارەسەرکردن لە هەناوی خێڵەوە دروستدەبن و بڕیاری لەسەر دەدرێت.
رۆڵیان لە رێکخستنی پەیوەندییەکاندا هەبووە
لەناو فرەیی خێڵەکی و ناوچەییدا، دابونەریتەکان رۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە رێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، بڕیارە یەکلاکەرەوەکان و ئەنجومەنی هۆزەکان و ئاشتەوایی نەریتییەکان، وەک «دادپەروەریی کۆمەڵگە» کاردەکەن، لە کاتێکدا کە رەنگە دامەزراوە رەسمییەکان لە هەندێک بواردا پەکبخرێن بۆئەوەی رەوایی بدەن بەو هێز و دەسەڵاتەی کە سیستمی خێڵ بەرهەمی هێناوە.
لەگەڵ گەشەکردنی کۆمەڵگەی کوردیدا، بەتایبەتی له شارە گەورەکان، تا ئێستا چەمکەکانی ئاشتی نەیانتوانییەوە دیوەخان و ژووری ئاغا و شێخ و سەرۆک عەشیرەتەکان تێبپەرێنن.
ئەم جۆرە دامەزراوەیە لە کۆمەڵگەدا بەرگێکی تری پێداکراوە، تەنانەت پیاوانی بواری دەوڵەتدارێتیش هێز و نفوزی خێڵەکی خۆیان بەکاردەهێنن لە چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا لەبەرامبەر یاسا و سەروەریی یاسا و مافەکانی مرۆڤ و بەشداریی دامەرزاوە مەدەنییەکانی کۆمەڵگەدا.
لە نەریتی خێڵەوە بۆ چی؟
ئەم هێزە مەدەنییە تا ئێستا نەیتوانیوە گۆڕانکاریی بەرچاو لە ئاشتی تەقلیدییەوە بۆ ئاشتی دامەزراوەیی مۆدێرن بگۆڕێت و چارەسەری کێشەکان لە نەریتی خێڵەوە بۆ چارەسەر لەناو دامەرزراوە یاسایی و تایبەتمەندەکان بەو بوارە دروست بکات .
سەرەڕای ئەوەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا تا ئێستا کەلتوری ئاشتی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی رووبەڕووی ئاستەنگ و تەحەدای زۆر دەبێتەوە، لە جیاکاری رەگەزییەوە تا جیاوازیی چینایەتی، بیروباوەڕ، ئابووری و ئایینی و سەرجەم ئەم بابەتانەی هۆکاری دروستبوونی جیاوازیی ئاشتی کۆمەڵایەتین.
سەرەڕای ئەو خەباتە مەدەنییەی کرا بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی و دروستکردنی بەهای کەسێتی تاک لە کۆمەڵگەدا، بەڵام تائێستا لە هەندێک بواردا کە پێگەی بڕیاردان و چارەسەری تێدایە، گەمارۆ دراوە بە کاریگەریی و نەریتی خێڵەکی و دەستیانگرتووە بەسەر ئەو دامەزراوانەدا کە رۆڵیان هەیە لە چارەسەرکردنی کێشەکان و دروستکردنی ئاشتی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا، ئەم دامەزراوانەیان سنووردارکردووە بۆ بیرکردنەوەی خێڵایەتی.
وەک گروپی پەراوێزخراو لێیان دەڕوانن
دامەزراوەکانی کۆمەڵگە زۆرجار سەیری گروپە کۆمەڵایەتییەکان دەکات وەکو گروپی پەراوێزخراو لە کۆمەڵگەدا، چونکە تاک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەمیشە ناتوانن نوێنەرایەتیی راستەقینەی خۆیان بکەن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت یان کۆمەڵگەی مەدەنیدا، ئەمەش دابەشبوونی کۆمەڵایەتی قووڵتر دەکاتەوە.
لە روانگەی ئەنترۆپۆلۆجییەوە، ئەگەر خوێندنەوەیەک بکەین بۆ کۆمەڵگەی کوردی، وا دەردەکەوێت کە دەیەوێت هاوسەنگی و هەندێکجار ئەو جیاوازییەی کە هەیە لەنێوان تاک و گروپە کۆمەڵایەتییەکان و لەگەڵیشیدا مافی تاک بپارێزێت، بەڵام لە زۆربەی کێشە و بڕیارە کۆمەڵایەتی و سیاسییە چارەنووسسازەکانی تایبەت بە کۆمەڵگەی کوردی دەبینین، ئەقڵیەت و نەریتی خێڵایەتی پشتیوانی و پارێزگاری لێدەکرێت لەبەرامبەردا مەرجی توندی خۆی دادەنێت لە بەمۆدێرنکردن و مەدەنیکردنی دامەزراوەکانی کۆمەڵگە، کە دەرفەت بۆ تاک دەڕەخسێنێت بۆ سەربەخۆیی و پاراستی مافەکانی، بەڵام هەندێکجار لەگەڵ دیواری کەلتوری کۆنەپەرستانەدا بەریەک دەکەوێت، ناتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت.
لە کاتێکدا دەوڵەت و کۆمەڵگە هەوڵدەدەن بۆ بنیاتنانی ئاشتی و سەقامگیری، گەیشتن بە یەکسانی و وابەستەی توانای کۆمەڵگە دەمێنێتەوە بۆ تێپەڕاندنی پێکهاتە تەقلیدییەکان، بەبێ ئەوەی ناسنامە کەلتورییەکەی لەدەستبدات و کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دروستبکات.
تاکە رێگەیەکە بەرەو ئاشتی
ناتوانین باسی ئاشتی بەبێ دادپەروەریی بکەین، یان باسی یەکسانی بکەین بەبێ کەلتورێک کە بیپارێزێت.
کۆمەڵگەی کوردی لەبەردەم دەرفەت و قەیرانیێکدایە بۆئەوەی هاوسەنگی لەنێوان رەسەنایەتی و مۆدێرنی و نەریت و مافی مرۆڤ، لەگەڵیشیدا گروپ و تاک ببیارێزێت.
ئەم رێگایە هەرچەندە سەختە، بەڵام تاکە رێگایە کە بەرەو ئاشتییەکی هەمیشەیی و دادپەروەریی راستەقینەمان دەبات.
بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی راستەقینە لە کوردستاندا، چارەسەرکردنی ناکۆکی بەشێوەیەکی کاتی بەس نییە، پێویستە کۆمەڵگەیەک بنیاتبنێین کە هەموان دەرفەت و کەرامەتێکی یەکسانیان هەبێت.
ئەمەش پێویستی بە چاکسازیی سیستمی پەروەردە هەیە، بۆ بەرەوپێشبردنی کەلتوری پاراستنی ماف و هاووڵاتیبوون و بەهێزکردنی پێگەی ژنان و گەنجان بۆ بەشداریکردنی کاریگەرانە لە کۆمەڵگەدا. گرنگترین خاڵ، بەهێزکردنی رۆڵی یاسا و جێبەجێکردنی یاسایە لەسەر حسابی بڕیاری ناڕەوا لای هەندێک لە خێڵەکان. دواجاریش دەستپێکردنی مشتومڕێکی زانستی و کۆمەڵایەتی فراوان سەبارەت بە رۆڵی یاسا و و گرنگیی پاراستنی تاک و کۆمەڵگە لەبەرامبەر نەریتی خێڵەکیی زیانبەخش و دەستەبەرکردنی پاراستنی شوناسی تاک.