جوانیی كەركوك هەر لە خاسە و قەڵاو سەفینەكانی شۆڕیجە و گۆرانییەكانی هابە و عەلی مەرداندا نییە، جوانیی كەركوك لە چوار مەوجیەكەیدایە، گەرچی مەوجە عەرەبیەكە لە چاو مەوجەكانی دیكەدا زۆر تازەیە، لەگەڵ ئەوەش ستەمی دەسەڵاتی رابردوو ئێستا ئەوی زاڵكردووە بەسەر مەوجەكانی دیكەدا، ئەمە گیانی فاشیزمە، دەنا دەبوو هەموو كەركوكییەك هەر چوار زمانەكەی بزانیایە، چی لەوە خۆشترە تۆ بۆ خۆشەویستی چوار وشە و بۆ پێكەوەژیان چوار وشە و بۆ گۆرانی و دیلانێ چوار وشە یان زیاترت هەبێت، هەر كەسێك بەربەست لە بەردەم ئەم هەمەڕەنگیی وشەیەدا دروست بكات، بێگومان لە دۆخی مرۆڤی ئاسایی دەردەچێت، ئیدی ئەو بەربەست دروستكردنە بە بڕیاری وەزیرێك بێت یان بەرپرسی حزبێك، بیرمە لە كۆبونەوەیەكدا رۆژنامەنووسانی كورد و عەرەب و توركمان لەگەڵ موئەیەد لامی لە كەركوك من بە كوردی قسەم كرد، خاتوونێك كردی بە قاو و قیژ هەموو دۆستانی ئەو دەمە دەزانن كێ دەڵێم، ئەو وتی ئێرە كەركوكە و تۆ نابێت بە كوردی قسە بكەی، بە نەرمی پێمگوت خاتون تۆ دەتوانی گوێم لێنەگری، ئەو وتی نا تۆ نابێت بە كوردی قسە بكەی، من بەتوڕەیی وتم شەقیش بەری بە كوردی قسە دەكەم، ئیدی ئەو هەر زاق و زیقی بوو، هەندێك دۆستی عەرەب و توركمان پەلیان گرت و گوتیان دەتوانی بڕۆی .
من ئێستاش دەڵێم، دەبێت وەزیر و گزیری عیراق هەموو فێری كوردی بن، نەك ئەوەی بێن بە فێرخوازی كورد بڵێن نابێت بە كوردی وەڵام بدەیتەوە.
هاوڕێم خالید شوانی هەرزوو بەرپەرچی ئەو كارەی دایەوە، دەبێت ئەمە لە ریشەوە چارەسەر بكرێت، سەیرم بەوە دێت كاك حەمە سەمعان ئاغا بە ناوی پردێ، دەچێت بە حەوادا لە كاتێكدا ئەو لە من باشتر دەزانێت، 500 ساڵ توركاندنی دەشت و دەر و شار و وڵاتی كوردەواری تەنانەت زەردیئاوای لێگۆڕیوین بە قەرەداخ، هەرچەند كوڕ و كاڵی كورد بە جۆرێكی تر چاكیانكردووەتەوە و كردوویانە بە قەراخ، ئەدی ئاخجەلەر و قەرەهەنجیر و قەرەتامۆر و ئاخجەمەشەت و هەتا دوایی، نە برایەتی وادەبێت, نەهەمەڕەنگی، رێزگرتن لە جیاوازی, بەشێكی گرنگی دیموكراسییە، فرە مەوجی دەوڵەمەندییە نەك هەژاری، ئێ با پردێشی پێبڵێین و ئاڵتون كۆپریش، ئەوە كەی كێشەیە تا قارداشێك بەیانی لەسەر دەربكات و خاتوونێكیش بە وتنی كوردی تەنگە تاو بێت.
دۆستێكم هەیە زۆربەی كەسوكارەكەی بوونەتە توركمان، پیرۆزیان بێت، فەرهاد سەنگاوی بەوانە دەڵێت توركمانە كورد، جا دۆستەكەم بۆی گێڕامەوە، كاتێك كورد حاكمی شار بوون، هەموو كێشەی خزمەكان بووبوو بەوەی چۆن دەبێت لە فەرمانگەكان بە كوردی نووسراو بنووسرێت و بە توركمانی نەنوسرێت، وتی كاتی راكان بوو بە پارێزگار، هەموو خزمەكانم ئاقڵ ئاقڵ بە عەرەبی لارەملانە نوسراویان دەنووسی كەسیش نقەی لێوە نەدەهات، ئێ سەرچاوەی ئەم رقە لە كوردی نووسین و كوردی وتن بۆ، هەڵبەت قسە زۆر هەڵدەگرێت .