ژن و رەنگپۆشی

10:01 - 2025-07-30
نەرمین عوسمان محەمەد
74 خوێندراوەتەوە

رەنگەکان تەنها بریتی نین لە هەستێکی بینایی و بەرچاو، بەڵکو پێکهاتەی ئەزموونێکی فرە رەهەندی فیزیایی، بایۆلۆژی، سایکۆلۆژی و رۆشنبیرین، سەبارەت بە پەیوەندیی ژن بە رەنگەکانەوە، لە رووی زانستییەوە دەرکەوتووە ژن پەیوەندیییەکی قووڵتر و تێکەڵاوتری هەیە لەگەڵ رەنگدا بەراورد بە پیاو، بەهۆی پێکهاتە بایۆلۆژی و هەستەوەرییە دەروونییەکەی و بەکارهێنانە بەرفراوانەکەی بۆ دەربڕینی شوناس و میزاجی تایبەتی ژنانە.
هەڵبژاردنی رەنگەکان بۆ هەر رەگەزێک بە گشتی و بۆ ژنان بە تایبەتی تەنها پەیوەست نییە بە زەوقی تاکە کەسەوە، بەڵکو پەیوەندیی بە کۆمەڵێک فاکتەری دیکەوە هەیە، وەک باری دەروونی، پەستانە کۆمەڵایەتییەکان و هێما رۆشنبیرییەکان، یەکێکیش لەو رەنگانەی لەسەر ئەو بنەمایانەی پێشوو ئاماژەمان پێدا هەڵدەبژێردرێت.
لە کەلتوری خۆرهەڵاتیی و تەنانەت کوردیشدا رەنگەتۆخەکان بە رەنگەکانی هەڵکشانی تەمەن ناوزەد دەکرێن و واباوە کە ژنێک لەگەڵ گەیشتنی بە تەمەنی نائومێدی، ئیتر یەکێک لەو شتانەی پێویستە رەچاوی بکات پۆشینی رەنگە مات و تۆخەکانی وەک رەش، نیلی، خۆڵەمێشی، قاوەیی و..هتدە، ئەوانە لەو رەنگانەن کە بە رەنگی رەسەن هەژمار دەکرێن بۆ ئەو تەمەنە و ئیتر لەو تەمەنەوە جوانترە بۆ ژنێک لە رەنگە ئاڵ و واڵاکان بکشێتەوە و خوو بەم رەنگانەوە بگرێت، خۆ دەکرێت هەندێک کەلتوری دیکەش هەبێت، وەک هیندییەکان و ژاپۆنییەکان کە ژنانیان لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا روو بکەنە پۆشینی رەنگە تۆخ و ماتەکان، بەڵام بە واتا و هۆکارێکی فەلسەفی و ئایینی قووڵترەوە، پەیوەندیییان هەیە بە خۆگونجاندن لەگەڵ سروشت و نەریتەکانی ژیاندا، نەک کۆتکردنی ژن بە رەسەنایەتی و هەندێک پەستانی دیکەی کۆمەڵایەتییەوە هاوشێوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
لەسەر بنەمای توێژینەوەکان پسپۆڕانی دەروونی ئامۆژگاریی ژنانی تەمەن نزیک لە 50 ساڵ و سەرووی ئەو تەمەنە دەکەن بۆ پۆشینی کۆمەڵێک رەنگ و ئەو رەنگانەش بریتین لە پەمەیی کاڵ، سەوزی زەیتونی، زەردی هەنگوینی، شینی ئاسمانی، مۆری کاڵ و خۆڵەمێشی تێر، ئەو پسپۆڕانە دەڵێن: بەکارهێنان و تێکەڵکردنی رەنگە هێمن و کاڵەکان بەشێوەیەکی نەرمونیان دەبێتە مایەی چەسپاندنی هەستی ئارامیی و متمانە بەخۆبوون و ئاسودەیی لەگەڵ خوددا.
بەپێی توێژینەوەیەک کە پەیمانگەی زانستی دەروونناسی رەنگەکان لە بەریتانیا کە لەسەر 1200 ژن کردوویەتی کە تەمەنیان لەنێوان (40-60) ساڵیدایە، لەسەر ئەنجامی بەکارهێنانی رەنگە کاڵەکان گەیشتوونەتە ئەم ئامارە:
-1رێژەی 78 % ی ژنان هەستیان بە ئارامی کردووە کاتێک جلوبەرگە رەنگ کاڵەکانیان پۆشیوە.
-2 رێژەی %72ی ژنان هەستیان بە باشبوونی میزاجیان کردووە و سترێس و خەمۆکییان کەمتر بووە، بە پۆشینی جلوبەرگە رەنگ کاڵەکان.
3 - رێژەی%64 ی ژنان هەستیان بە زیادبوونی باوەڕبەخۆبوون و خۆ قبوڵکردن کردووە بە پۆشینی رەنگە کاڵەکان.
4 - رێژەی %58ی ژنان بەردەوامبوونی پەیوەندیییە کۆمەڵایەتییەکانیان و هەستی نزیکبوونەوەیان لە کەسانی دیکە زیادی کردووە.
5 - رێژەی %61ی ژنان هەستیان بە کاریگەریی پۆزەتیڤ لەسەر باشبوونی خەو کردووە، بە بەکارهێنانی رەنگە کاڵەکان لە ژووری خەوتنەکانیاندا یاخود بۆ جلوبەرگی خەوتنیان.
لە توێژینەوەکەیاندا ئەو زانایانەی بەریتانیا گەیشتنە ئەم تێبینیانەی خوارەوە:
-1بەکارهێنانی رەنگە کاڵەکان کاریگەریی هەیە لەسەر هێورکردنەوەی مێشکی ئەو ژنانەی رەنگە کاڵەکانیان پۆشیوە.
-2ئەو ژنانەی رەنگە کاڵەکانیان لە ژیانی رۆژانەیاندا بەکارهێناوە نەرمونیانییەکی زیاتر و توانایەکی گەورەتریان لە مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییە جەستەیی و میزاجییەکانی پەیوەست بە تەمەنەوە نیشانداوە.
-3کاریگەریی رەنگەکان بەهێزتر دەردەکەوتن کاتێک ژنێک خۆی رەنگی پۆشاکەکانی هەڵدەبژارد، نەوەک لەسەر خواستی کۆمەڵگە یاخود بەپێی دابونەریتەکان هەڵیبژاردبێت.
دواجار بە هەموو ژنێک دەڵێین خۆت خاوەنی تەمەنی خۆتیت و گشت قۆناغێکی تەمەنت جوانی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بۆیە مەهێڵە رەنگەکانت لە هیچ قۆناغێکدا بۆ هەڵبژێردرێت و خۆت خاوەنی رەنگی پۆشاکەکانت بە.

وتارەکانی نوسەر