ئەو قەباحەتەی زۆرجار هەندێ لە مایك بەدەستانی بەشێك لە كەناڵە میدیاییەكان بەرامبەر بە خانەنشینان و مووچەخۆرانی دەكەن، پێشێلێكی ئاشكرای مافی ژیانی تایبەتی خەڵك و مافی مرۆڤیشە، ئاخر چۆن دەكرێ كەم ئەزموونێك بە مایك و لۆگۆیەكی كەناڵەكەیەوە، خۆی بخزێنێتە نێو سەرەی دوور و درێژی خانەنشینانی بێزار و ماندوو، لە ناو و لە بەردەم بانكەكاندا و پرسیاری نائیتیكی لێبكات لە شێوەی «هەستت چۆنە دوای سێ مانگ مووچەت وەرگرت؟!»، یان «چی لە مووچەكەت دەكەیت؟!»، یان «چەندت وەرگرت؟!» و چەندین پرسیاری نالەباری تر.
ئێمە دەزانین بەشێك لەو مایك بەدەستانە، بۆ زیادكردنی لایك و كۆمێنتی پەیج و ترافیكی وێبسایتەكانیانە، بەشێكیشیان كار لەسەر ناڕەزایی خەڵك دەكەن و كەشی گشتی پێ دروستدەكەن تا بیگەیەننە رای گشتی و ئەوەندەی تر رەشبینی و بێزاریی و بێئومێدی بڵاودەكەنەوە، هەندێكیشیان لە نەزانییانەوە بۆ خۆدەرخستن و خۆبادان ئەوە دەكەن، بەڵام لە دەرئەنجامدا، كارێكی بێویژدانانەیە بەرامبەر بە خانەنشینان و ئەوانەی لە بانكەكان و لە ئامێرەكانی راكێشانی پارە لە شوێنە گشتییەكان، مووچە وەردەگرن.
ئەو زوڵمەی هەندێ لە كەناڵەكانی میدیا بەرامبەر بە خانەنشینان دەیكەن كە گەلێجار وەك سوكایەتیش دێتەبەرچاو، ئازارەكەی رەنگە بە قەد ئەو كەموكوڕییانەی لایەنی بەرپرس بێت كە وایكردووە بە قەرەباڵغییەكی زۆر و نۆرەیەكی دوور و درێژی نوێژی بەیانیانەوە، دوای خەفەت و ماندووبوونێكی زۆر و بەچەند سەعاتێك، ئنجا خاوەن ماف نۆرەیان بەركەوێ و مووچە وەربگرن.
كاتی مووچە وەرگرتن و شێواز و بڕەكەی، نهێنیی ژیانی تایبەتی خەڵكە، ئەم دیاردە قێزەونەی راگەیاندنی لیست و وێنەگرتنی پارەی ناو دەستی چرچ و لۆچی پیرەمێردێكی خانەنشین، یان پیرێژنێكی چاودێریی كۆمەڵایەتی، لە هەرێمی كوردستان نەبێت، لە مێژوودا لەهیچ شوێنێك وێنەی نەبووە و رووینەداوە، بەڵام كە ئێستا واقیعێكە و خەڵكی هەرێم تێیدا دەژین، نابێ راگەیاندن بۆ بەرژەوەندیی خۆی و زیادكردنی لایك و كۆمێنت و ناساندنی ناوی كەناڵەكەی و «پەیامنێرەكانیان»، خۆیان لە هەموو ئەو شتانە هەڵقورتێنن كە نە پارووی ئەوانە و نە ئیشی میدیاشە. راستە لەسەر ئەم بابەتە راگەیاندن كۆمەڵێك ئەركی لەسەر شانە بۆ نموونە بەیانكردنی كەموكوڕییەكانی مووچە وەرگرتن و ئازاری مووچەخۆران و رێگەچارەكان بۆ باشكردنی دۆخیان لە چلەی هاوین، یان لەسەرمای زستاندا، بەڵام خوێ خستنە سەر برینەكانیان و ورووژاندنی سۆزیان و دەرخستنی سیما و پارەی ناولەپی دەستیان، ئیشی نەك هیچ كەناڵێكی میدیا نییە، بەڵكو چونكە مافی ژیانی تایبەتە، كەس بۆی نییە خۆی تێ هەڵقورتێنێ.
كاتێك هەندێك میدیا هەست بە بەرپرسیارێتی ناكەن و ویژدانیان ناكەنە بنەمای كارەكانیان، گرنگە لایەنی بەرپرس لە شارەكان، قەزا و ناحیەكان ئەو گێرەشێوێنییەیان سنوردار بكات و نەیهێڵێت. بێزاریی خانەنشینانی بەردەم بانكەكان و ئامێرەكانی پارە راكێشان، سەر و سیمای پڕ ئازار و ماندوویان، با چیتر نەبێتە ماددەی خامی شاشەكانی تەلەفزیۆن و پەیجەكانی سۆشیاڵ میدیا.
سەرنووسەر