کەلتور و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان دوو چەمکی پێکەوە گرێدراون، بەشێکی زۆری ئەو رەفتارانەی کە مرۆڤ وەریدەگرێت لە رێگای کەلتورەوەیە، رەنگدانەوەی لەسەر تەواوی دەربڕینەکانی مرۆڤ و هەست و رەفتار و بڕیارەکانی دەبێت، ئەمە لە کاتێکدا مەعریفە لە چوارچێوەی تیۆریدا تەنها بەشێک لە تێفکرینی مرۆڤەکان دەگۆڕێت.
ئێمە وا گریمانەی دەکەین ئەگەر لە شتێک تێبگەین، دەتوانین لە رەفتارەکانی رۆژانەماندا رەنگدانەوەی هەبێت، بەڵام ئەم گریمانە سادەیە لە جێبەجێکردندا رووبەڕووی واقیعێکی ئاڵۆزی دەروونی و کەلتوری دەبێتەوە، چونکە مەرج نییە زانین ببێتە هۆی گۆڕانکاری، بەتایبەت کاتێک جێدەستی نائاگایی کەلتوری لەو نێوەندەدا هەبێت.
رەنگە کەسێک بزانێت و پێیوابێت گوزارشتکردن لە هەست و هەڵچوونەکانی وەک (گریان) و دەربڕینی، نیشانەی لاوازی نییە، بەڵام لە پراکتیکدا کاتێک دووچاری هەلومەرجێک بێتەوە کە پێویست بکات (بگری) هەست بە شەرم دەکات. ئەم کاردانەوەیە لە مەعریفەوە نییە، بەڵکو رەگوڕیشەی لە کەلتورێکی قووڵتر و ناوەکییەوە سەرچاوە دەگرێت کە نائاگایی ئێمەی لە قاڵبداوە، کاریگەریی لەسەر بیرکردنەوە و رەفتارەکانمان هەیە.
کارل گوستاڤ یۆنگ، چەمکی (نائاگایی دەستەجەمعی / Collective unconsciou) کە بەشێکی گرنگی میراتی کەلتوری بۆ نەوەکان دەگوێزرێتەوە، ئەو پێیوایە ئەمجۆرە لە نائاگایی بەوەی چینێکە لە عەقڵ، پڕە لە وێنە و نەخش و بیروباوەڕ کە لە ئەزموونی کەسییەوە فێرییان نەبووین، بەڵکو لە کەلتورەوە وەرمانگرووە.
نموونەی دەرنەبڕینی هەڵچوونێکی وەک گریان لەبەردەم ئەوانیتردا، بەتایبەت بۆ رەگەزی نێر، لەم کۆمەڵگەیەی ئێمەدا بەشێکە لەو وێنایەی کە بۆ رەگەزی نێر کێشراوە، دواجار لە نائاگایی دەستەجەمعیماندا ماوەتەوە و لە رێگەی کەلتورەوە بۆمان گوازراوەتەوە.
بۆ ئەوەی گۆڕان لە رەفتارەکانماندا بەدیبهێنین، پێویستمان بە پرۆسەیەکی وەک تێڕامان لە خود، ئەزموونی قووڵی دەروونی و گفتوگۆی راستگۆیانە لەگەڵ رابردووی کەلتوریماندا هەیە
یاخود ئەوەی منداڵ دەبێت ئارەزووی خۆی هەبێت بۆ هەڵبژاردنی ئەو بەشەی کە دەیەوێت وەربگیرێت، بەڵام بەهۆی نائاگاییەوە زۆرینە منداڵەکانیان ئاڕاستەی ئەو بەشە دەکەن کە نمرەی زۆر بەرزی پێویستە. یا زۆرێک لە خەڵکی بەهۆی تێگەیشتنی مەعریفەی سیاسییەوە پێیانوایە پێویستە ژنان لە کایە سیاسییەکاندا بەشداربن، بەڵام بەهۆی ئەو کەلتورەی تێدا گەورە بوون رێگە بە کەسە نزیکەکانی خۆیان نادەن بەشداریی کایەی سیاسی بکەن.
هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەو کاریگەرییە قووڵانەی کەلتور، کاریگەریی لەسەر رەفتار و کردارەکانی رۆژانەمان کردووە، قووڵترە لەو تێگەیشتنەی لە رێگای مەعریفەوە فێری دەبین، زۆرجاریش مرۆڤ دەتوانێت پێچەوانەی ئەو مەعریفەیەی هەیەتی کار بکات، بەڵام کەمتر دەتوانێت لە بەها کەلتورییەکان لابدات، چونکە ئەو نەخشاندنی نەک رەفتارمان، بەڵکو لە دەربرینی هەست و شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤدا رەنگدانەوەی هەیە.
کۆمەڵناسی دیاری فەڕەنسی (پیێر بۆردیۆ) لە ناساندنی چەمکی خوو و عادەتەکان (Habitus)دا کە بۆ ئەم بابەتەی ئێمە جێگای سەرنجە دەڵیت: ( خوو بریتییە لە هەموو ئەو مەیل و رەفتار و سەلیقەیەی کە لە جەستە و مێشکماندا لە رێگەی ئەزموونە کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکانەوە جێگیر بوون. «بۆردیۆ» پێیوایە ئەم مەیلانە ئەوەندە نائاگایین، تەنانەت ئەگەر فێری ئەوە بین کە شتێکی تر بکەین، هێشتا بەپێی ئەو مەیلانە مامەڵە دەکەین کە لە کەلتورەوە بۆمان ماوەتەوە.
کەلتور، بەدرێژایی چەندین ساڵ لە منداڵییەوە، لەلایەن خێزان، کۆمەڵگە، قوتابخانە، تەنانەت لە چیرۆکەکانەوە لە دەروونی ئێمەدا رەگ و ریشەیان هەیە، ئەم کەلتورە دەبێتە بەشێکی گرنگی بڕیارەکانمان، پێش ئەوەی مرۆڤ بیربکاتەوە، بڕیاری خۆی داوە، بۆ نموونە کاتێک کچێک لە ماڵێکدا گەورە دەبێت و هەمیشە گوێی لێ دەبێت: (بێدەنگی، سیفاتێکی باشی کچانەیە)، تەنانەت ئەگەر دواتر دەیان کتێبی تایبەت بە مافەکانی ژنانیش بخوێنێتەوە، رەنگە هێشتا بە نائاگایانە لە کۆبوونەوەیەکی گرینگدا بێدەنگ بێت.
لەم چوارچێوەیەدا، پەروەردە و هۆشیاریی زانستی تەنیا بەشێکە لە رێگای گۆڕانکاری لە ژیانی مرۆڤدا، بەڵام کەلتور وەک ئەو داربەڕوویە وایە کە رەگ و ریشەی لەناوەوەماندا جێگیرکردووە. بۆ ئەوەی گۆڕان لە رەفتارەکانماندا بەدیبهێنین، پێویستمان بە پرۆسەیەکی وەک تێڕامان لە خود، ئەزموونی قووڵی دەروونی و گفتوگۆی راستگۆیانە لەگەڵ رابردووی کەلتوریمان هەیە.
لێرەدا ئەم پرسیارە بە کراوەیی جێدەهێڵم: ئایا تا ئێستا روویداوە شتێکت «زانیبێت»، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو زانینە «کارت» کردبێت؟ ئایا دەکرێت ئەم پارادۆکسە (دژبەیەکییە) رەگ و ریشەی لە نائاگایی کەلتوریماندا هەبێت؟
سەرچاوەکان:
1. بوردیو، پییر. (1393). نظریه کنش. ترجمە سیدمرتضی مردیها. تهران: نشر نقش و نگار.
2. یونگ، کارل گوستاو. (1400). ناخودآگاه جمعی و کهنالگو. ترجمە محمدباقر اسماعیلپور، فرناز گنجی. تهران: نشر جامی.
• مامۆستای زانکۆ، پسپۆڕی دەروونزانی کلینیکی
پییر بوردیو
کارل گوستاڤ یۆنگ