رۆژی 25-7-2025 جۆرج ئیبراهیم عەبدوڵڵای دێرینترین زیندانی سیاسی لە ئەوروپادا، ئازادکرا. جۆرج بە پێوانەی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، شۆرشگێڕێکی عەیارە 24 بوو بڕوای تەواوی بەگوتەکەی جیڤاراش هەبوو کە دەیوت: (زوڵم و زۆرداری لە کوێ بێت من لەوێم). جۆرجی کریستیانی مارۆنی لوبنانی چەپێکی کۆمۆنیست بوو، دامەزرێنەری رێکخراوی چەکدارە شۆڕشگێڕەکان بوو لە لوبنان و سەرۆکیشی بوو. ئەم رێکخراوە هەڵگری فیکری مارکسی - لینینی بوو. جۆرج لەگەڵ حزبی شیوعی لوبنان و بەرەی میللیی رزگاریی فەلەستین کاری کردووە. ساڵی 1984 لە فەرەنسا لە شاری لیۆن لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە بە تۆمەتی هاوکاری لە کوشتنی دیپلۆماتکارێکی ئیسرائیل بەناوی یاکۆڤ بارسیمانتوف و کارمەندێکی ئەمریکایی بەناوی چارلز رای، دەستگیرکراو پاش دادگایی کردن، بە 41 ساڵ زیندانی حوکم درا. ساڵی 1999 بەهەوڵی پارێزەرەکانی، دەبوو ئازاد بکرێت، بەڵام لەژێر گوشاری ئەمریکا و ئیسرائیلدا لە زیندان مایەوە، تا25/7/2025 و پاش 41 ساڵ، شۆڕشگێرێکی سەدەی بیستەم، لەسەدەی بیست و یەکەمدا لەسەردەمی دەگمەنیی شۆڕشگێرەکاندا، ئازادکراو گەڕایەوە لوبنان. رۆژێک پاش گەڕانەوەی، زیاد رەحبانی هونەرمەند و نووسەر و چەپ و کۆمۆنیست و کوڕی گەورەی ئەستێرە گەشەی مۆسیقا و گۆرانی فەیرۆز، کۆچی دوایی کرد. زیاد شۆڕشگێرێک بوو بە شێوازێکی تر و ئامرازی تر، زیاد جیا لە جۆرج بە نۆتە و ئاواز و موسیقا تێدەکۆشا. زیاد و جۆرج هەردووکیان دژی زوڵم و ناحەقی و ناعەدالەتی بوون. هەردووکیان دژی ئەو هێزانە بوون کە جاران پێمان دەوتن ئیمپریالیزم و خوێنی میللەتانیان دەمژی و ئێستا زۆرێک پێیانوایە فریادڕەس ئەوانن. جۆرج لە زیندانی فەرەنسای ئازادییەکاندا تەسلیمی نائومێدی نەبوو، وەک شۆڕشگێڕێکی دەگمەن مایەوە، تا ئەو ساتەی ئازاد بوو گەڕایەوە وڵاتەکەی خۆی بۆ درێژەدان بەو کاروانەی دەستی پێکرد، بەڵام زیاد رەحبانی وێڕای مانەوەی وەک شۆرشگێڕێکی تەسلیم نەبوو، مردن یەخەی گرت و بارگەی پڕ لە ئاواز و مۆسیقا و نووسین و روبەڕوبوونەوەی، پێچایەوە و ماڵئاوایی کرد. لوبنان ئەو رۆژەی پێشوازیی لە شۆڕشگێڕێک کرد، بۆ رۆژی دواتر، ماڵئاوایی لەیەکێکی تر کرد!.