کەرتی چێشتخانە و خواردن و خواردنەوە لە جیهاندا رۆژ بە رۆژ لە پێشکەوتن و پەرەپێدانی بەردەوامدایە، ریستۆرانتە بەناوبانگەکان و چێشتخانە گەورە و بەهێزەکانی ئەم بوارە لە پێشبڕکێیەکی بەردەوامدان لەگەڵ یەکتر، لە رووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی و زیادبوونی رەزامەندیی کڕیار و زانینی حەز و ئارەزووەکانی گەشتیاران لەناو چێشتخانەکەدا لەسەر جۆر و خواردن و خواردنەوەی ناوازە، ململانێی توندی بازرگانی دەکەن ئەمەش لەپێناو سەرنجڕاکێشانی گەشتیار و قازانجی ئابووریی زیاتر، لەبەر گرنگیی ئەم کەرتە، وڵاتانی پێشکەتوو پسپۆڕی تایبەت لەم بوارەدا ئامادە دەکەن تا لە وڵاتەکەیاندا خواردن و خواردنەوەیەکی تایبەت و شایستە پێشکەشی میوانان و گەشتیاران بکەن.
چێشتخانە و خواردنگە بەو جێگایانە دەوترێت کە خواردن و خواردنەوە پێشکەشی سەردانکەران و میوانان و رێبواران و گەشتیاران دەکەن، ئەمانە دەکرێت میللی بن یان گەشتیاریی. لە دوای شوێنی مانەوە، ریستۆرانت و خواردنگە و چێشتخانە و خواردەمەنی بە گرنگترین خزمەتگوزاریی گەشتیاریی دادەنرێت لە شارەکاندا، چونکە مرۆڤ لە دوای حەوانەوە، بەردەوام بە دوای خواردن و خواردنەوەی چێژبەخش و ناوازەدا دەگەڕێت، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە فسیۆلۆجییەکانی.
خواردنی تایبەت و ناوازە
لەگەڵ ئەوەی پێشکەشکردنی خواردەمەنی و خواردنەوە بە خزمەتگوزارییەکی گەشتیاریی دادەنرێت، بەڵام وەکو بنەمایەکی گرنگی راکێشانی گەشتیاریش، بایەخی خۆی هەیە، بە تایبەتی ئەگەر ناوچەیەک، یان شارێک ناوبانگێکی تایبەتی لە دروستکردن و پێشکەشکردنی جۆرە خواردن و خواردنەوەیەکی دەگمەن و ناوازەدا هەبێت، ئەوە چانسێکی باشی لە بوژانەوەی گەشتیاریدا دەبێت. لە هەندێک وڵاتی جیهانیشدا گەشتکردن بە مەبەستی ئەزموونکردنی جۆرە خواردنێکی ناوازە و تایبەت یان بینینی چێشتخانەیەکی دەگمەن و تایبەت، یان تاقیکردنەوەی خواردنی شێفێکی بەناوبانگ و بەتوانا گرنگیی پێ دەدرێت، هەر لەبەر ئەوەشە کە خواردن و خواردنەوە وەک فاکتەرێکی راکێشان یان خستنەڕووی گەشتیاریی دادەنریت.
هەڵکەوتەی شاری سلێمانی
کەرتی گەشتیاریی لە پارێزگای سلێمانی بەهۆی لەباریی ژینگەی گەشتیاریی بەهارە و هاوینە و پایزە و زستانە، هاوکات زیادبوونی ئاستی رۆشنبیری و پێشکەوتنی ئاستی خزمەتگوزاری گەشتیاریی پارێزگای سلێمانی بە تایبەت، پشکی شێری بەردەکەوێت لە بوونی ژمارەیەکی زۆر فرۆشگە و خواردنگە و رێستۆرانت و براندی خورادن و چێشتخانەی گەشتیاریی، چونکە پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستانە، لەگەڵ بوونی ژمارەیەکی زۆر لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان و براندە بەناوبانگەکان و دامەزراوە گەشتیارییەکان، هەروەها هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی و نزیکیی لە ناوچەکانی دەرچوونی گەشتیارانەوە لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستانیش یەکێکی ترە لە هۆکارەکان.
لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە، پێویستە ناساندن و بازاڕگەری بۆ کەرتی گەشتیاریی بکرێت لەسەرجەم لایەنەکانەوە، بەدڵنیاییەوە لە ساڵانی داهاتوودا گەشتیاریی بیانی زیاتر روو لە سلێمانی و هەرێمی كوردستان دەكەن.
فێستیڤاڵی شێفەکان، کە رۆژانی 31ی تەمموز تا 8ی ئاب لە پارکی هەواری شار لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت، دەرفەتێکە بۆ ناساندنی خواردن و خواردنەوە کوردەوارییەکان و رێگە خۆش دەکات بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری
لە هەواری شارە
یەکێک لەو چالاکیانە، کە بۆ ناساندنی خواردن و خواردنەوە گەشتیارییەکان دەکرێت، فێستیڤاڵێکە بە ناوی (یەکەمین فێستیڤاڵی شێفەکان) و لە پارکی گەشتیاریی هەواری شار لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت، ئەم فێستیڤاڵە لەسەر رووبەری زیاتر لە (2100) مەتر دووجا و بە بەشداریی زیاتر لە (100) کوشکی رێستۆرانت و خـواردنگە و براندی بازرگانی و بە میوانداری شێفەکانی کوردستان و عیراق و ئێران و وڵاتە عەرەبییەکان و شێفە بەناوبانگەکانی سلێمانی دەکرێت.
فێستیڤاڵەکە رۆژانی 31ی تەمموز تا 8ی ئاب بە چاودێریی شێفەکانی کوردستاندا بەڕێوە دەچێت و ئامانج لێی ناساندنی خواردنی کوردەواریی و کۆکردنەوەی تامە جیاوازەکان و تاقیکردنەوەی خواردنەکانە، لەگەڵیشیدا رێوڕەسمێکی تایبەت بە منداڵانی بێناز رێک دەخرێت و کەلتوری جل و بەرگی کوردی و بەرهەمی پیشەی دەستیش پێشکەش دەکرێت.
چەندین کۆمپانیا و نووسینگەی خانوبەرە تێیدا بەشدار دەبن، ئەمەش رۆڵێکی گرنگ لە بەبازاڕکردنی کەرتی گەشتیارییدا دەگێڕێت، ئەویش لە رێگەی پێشخستن و ناساندنی خواردنە ناوخۆییەکانەوە، راکێشانی سەرنجی گەشتیاران بۆ خواردنە ناوازەکان و فرەجۆریی کەلتوری و ئابووریی ناوچەکە.
ناساندنی کەلتوری کوردی
لەم فێستیڤاڵەدا کە ناوەندێکی گرنگە بۆ ناساندن و بەبازاڕکردنی خزمەتگوزاریی خورادن و خواردنەوە، بەشداربووان کار دەکەن بۆ ناساندنی خۆیان و پاکێچی تایبەتی بەرهەمەکانیان و پێشکەشکردنی ئوفەرەکانیان بەسەردانیکەران و گەشتیاران، هەروەها فێستیڤاڵەکە رۆڵێکی سەرەکی دەبێت لە ناساندنی خواردنی کەلتوریی کوردی لە نێوان چێشتخانەکانی شارەکە و دەوروبەریدا، بۆ پیشاندانی مێژووی خواردن و خواردنەوەی کۆمەڵگەی کوردیش دەکرێت لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دیکۆمێنتاریدا و بە فیلم و وێنەی سەرنجڕاکێش، ناساندن بۆ خواردنی کەلتوریی کوردی بکرێت.
بۆیە ئێستا فێستیڤاڵی شێفەکان لەپارکی هەواری شار لە سلێمانی گرنگی زۆری پێدەدرێت، چونکە کەرتی گەشتیاریی بە یەكێك لە سەرچاوەكانی داهات و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجان لە خواردنگە و ریستۆرانت و كافتریا و کۆمپانیا و چێشتخانەکانی گەشتیاریی دەڕەخسێنێت و جموجۆڵی ئابووریی لە بازاڕدا دروست دەکات، دواجار متمانەی ئەوە لای هاونیشتمانیانی شاری سلیمانی دروست دەکات، کە ئابووریی هەرێمی کوردستان توانای دووبارە بوژانەوەی هەیە، ئەمەش دەستكەوتێكی زۆر گەورەیە.
ناوەندێکە بۆ دروستکردنی پەیوەندی
هەروەها لەم فێستیڤاڵەدا چەندین هونەرمەندی کورد چالاکی هونەریی جیاواز و ناوازە پێشکەش بە میوانان و گەشتیاران دەکەن و لەگەڵ میوانداریی شێفەکانی ناوخۆ و بیانی کە ئامادە دەبن، ئەمەش دەبێتە پردێکی پەیوەندیی بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی رۆشنبیریی و هونەریی و بازرگانی و گەشتیاریی، کە سەرەنجام سوودی دەبێت بۆ بوژانەوەی دۆخی ئابووریی شارەکە.
هەر لە فێستیڤاڵەکەدا لە رێگەی چەندین رێبەر و بڕوشەر و نەخشە و ئەلبوومی تایبەتەوە، خواردنە ناوخۆیی و کوردەوارییەکان پیشانی میوانان و شێفە گەشتیارییەكانی بەشدار دەدرێت، جگەلەوە ئەم فێستیڤاڵە ناوەندێکە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهیز لەگەڵ شێفە بەناوبانگەکان و ناساندنی چالاکییەکانیان و دواتر کۆبوونەوە و گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر چۆنێتی راکێشانی گەشتیاران و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری.
* خوێندکاری دکتۆرا لە بواری بەبازاڕکردنی گەشتوگوزاردا/ زانکۆی سلێمانی