چەند حزبێکی کوردستانی و عیراقی کێشمەکێش و شەڕەنیخیانە لەسەر ئەوەی کامە لایەن لەپێناو بەرژەوەندیی بەرتەسکی حزبی و تاکلایەنە بتوانێت دەسەڵاتی شەنگال بگرێتەدەست، نەک كێشەی ئێزدییان چارەسەر بکات
لە یانزدەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکانی شەنگالدا، ئەگەر بە دیدێکی بابەتیانەوە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستای ئەو شارە و دەرهاویشتەکانی ئەو جینۆسایدە و قۆناغی دوای پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شەنگال بکەین و بەوردی خوێندنەوە بۆ هەردوو دیوی رووداوەکە بکەین، بە ئاسانی وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەست دەکەوێت کە بۆچی بۆ ئەم بابەتە، ناونیشانی (شەنگال، زامێکی بەردەوامی لەبیرکراو) مان هەڵبژاردووە؟
یەکەم: شەنگال زامێکی بەردەوامە، چونکە دیرۆکی ئەم زامە تەنها بۆ 3ی ئابی ساڵی 2014 ناگەڕێتەوە، بەڵکو مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و لە (74) قۆناغ و سەردەمی جیاوازدا ئێزدییان خەڵتانی خوێن و جینۆسایدکراون و بەر فەرمان کەوتوون، (74) جار دڵی شاخی شەنگال بە تیری ژەهراوی بریندارکراوە .
ئێستاش زامی شەنگال بەردەوامە، چونکە ئەمە (11) ساڵ بەسەر تاوانەکە و زیاتر لە (8) ساڵیش بەسەر لەناوبردنی داعش تێپەڕدەبێت، کەچی هێشتا ئەو زامە دژوارە خوێنی لێ دەتکێت و سارێژنەکراوە .
دووەم: زامێکی لەبیرکراوە! : بەردەوامبوونی زامەکە بۆ ئێزدییان چەندە دژوارو بە ئازارە، ساڕێژنەکردن و لەبیرکردنی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەهەمان ئەندازە بۆ ئێزدییەکان بەئازارە.
لەبیرکراوە، چونکە هێشتا چارەنووسی (2600) منداڵ و ژنی ئێزدییەکانی شەنگال نادیارە .
- لەبیرکراوە، چونکە هێشتا زیاتر لەنیوەی ئاوارەکانی شەنگال لەناو کامپەکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی، ژیان بەسەر دەبەن و نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان. ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرجەم ئەو ئاوارانەی کە بەهۆی داعشەوە لە شارەکانی دیکەی عیراقەوە روویانکردبووە هەرێمی کوردستان گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان و کامپەکانیان لە هەرێم داخراون.
ـ هێشتا نزیکەی (80) گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزدییەکان هەڵنەدراونەتەوە و کەسوکاری قوربانیان چاوەڕوانی هەڵدانەوەی گۆڕەکان و بینینی ئێسک و پروسکی ئازیزانی خۆیانن تا لە رێوڕەسمێکی شایستەدا لە گۆڕستانەکانی خۆیان بە خاکیان بسپێرن .
ـ لەبیرکراوە، چونکە هێشتا دەستی ئاوەدانی وەک پێویست بۆ قەزاکە درێژنەکراوەتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە ناوەندی شاری موسڵ و قەزا و ناحیەکانی دیکەی سەر بە پارێزگای نەینەوا و پارێزگاکانی دیکەی عیراق ئاوەدانکراونەتەوە و ئاسەواری کاولکارییەکانی شەڕی تیروریستانی داعش سڕاونەتەوە .
ـ هێشتا ئێزدییەکانی شەنگال لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوونەکراونەتەوە.
ـ هێشتا کاروانی کۆچبەربوونی هاووڵاتیانی ئێزدی بۆ هەندەران بەردەوامە کە بەپێی سەرچاوەکان زیاتر لە (100) سەد هەزار هاووڵاتی ئێزدی بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچیانکردووە .
ـ زامێکی لەبیرکراوە، چونکە لەدوای کۆتاییهاتنی داعش سەرجەم شار و شارۆچکەکانی عیراق سەقامگیریی بەخۆیەوە بینیوە، کەچی هێشتا دۆخی شەنگال ناسەقامگیرە .
بۆیە ئێزدییەکان مافی خۆیانە بپرسن، بۆچی لەدوای کۆتاییهاتنی داعش، دۆخی هەموو شار و شارۆچکەکانی عیراق ئاسایی بۆتەوە، دەستی ئاوەدانی گەیشتە هەموو شوێنێک، ئاوارەکانی هەموو شار و شارۆچکەکانی عیراق گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان، تەنها شەنگال نەبێت ؟!.
گەرەکە ئێزدییەکان وەڵامی ئەو پرسیارەیان دەست بکەوێت بۆ ئەوەی تێبگەن ئەو فەرامۆشكردن و جیاکارییە لەپای چی؟. تاکەی زامی شەنگال بەردەوام دەبێت؟. هۆکارەکانی ساڕێژنەکردنی زامەکەی شەنگال چین؟.
بە دڵنیاییەوە وەڵامی ئەم پرسیارانە وا بەئاسانی نادرێتەوە، بەڵام دەکرێت چەند هۆکارێکی سەرەکی بخەینەڕوو .
-1 کێشەی شەنگال هەرچەندە بەپلەی یەکەم سیاسی نییە، بەڵام ئێستا بەپلەی یەکەم وەکو تاکە رەهەندێکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و ئەگەر بەچاویلکەیەکی بێلایەنەوە سەیری پرسەکە بکرێت، دەکرێ بڵێین پرسی شەنگال بەپلەی یەکەم بە حزبی کراوە، چونکە چەند حزبێکی کوردستانی و عیراقی کێشمەکێش و شەڕەنیخیانە لەسەر ئەوەی کامە لایەن لەپێناو بەرژەوەندیی بەرتەسکی حزبی و تاکلایەنە بتوانێت دەسەڵاتی شەنگال بگرێتەدەست، نەک كێشەی ئێزدییەکان چارەسەر بکات و زامی شارەکەیان ساڕێژبکات؟!.
-2 بەردەوامبوونی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بەهەند وەرنەگرتنی رای گشتیی ئێزدییەکان لەسەر پرسی شەنگال.
-3 پەرتەوازەیی ناوماڵی ئێزدیخانە و دابەشبوونی ئێزدییەکان بەسەر چوار حزبی ئێزدی و چەند حزبێکی کوردستانی و عیراقی و حەشدی شەعبیدا و نەبوونی دیدگا و ئیرادەیەکی هاوبەش لەنێوان ئەم لایەنانە بۆ ئایندەی شەنگال. ئەم دابەشكارییە ناسروشتییە و سەرهەڵدانی ناکۆکیی سیاسی لەنێوان ئێزدییەکان زیانێکی زۆری بە یەکڕیزیی ئێزدییەکان گەیاندووە .
-4 هەڵکەوتەی جوگرافی، وەکو ناوچەیەکی دوورەدەست یەکێکە لە هۆکارەکان کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نەتوانن وەکو پێویست دەستی یارمەتی بۆ خەڵکەکە و دەستی ئاوەدانیش بۆ ناوچەکە درێژبکەن .
-5 کەمتەرخەمیی ئیدارەی پارێزگای نەینەوا بەرامبەر بەو ناوچەیە. ئەم کەمتەرخەمییە بەوە بەدیدەکرێت کە هاوشێوەی قەزاکانی دیکەی پارێزگاکە، لەپێش هاتنی داعش و لەدوای هاتنی تیرۆریستانی داعش، شەنگال خزمەت نەکراوە .
-6 کاریگەرییە ئیقلیمییەکان و ناسەقامگیریی ئەمنی هۆکارێکی دیکەی بەردەوامبوونی دۆخی شەنگالە.
-7 ململانێی حزبایەتی و نەبوونی پرۆژەیەکی هاوبەشی ستراتیژی حزبە ئێزدییەکان و حزبە کوردستانییەکان بە گشتی بۆ پرسی شەنگال هۆکارێکی دیکەی بەردەوامبوونی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەیە، چونکە بەبێ پرۆژەیەکی نیشتمانی کە ببێتە جێگەی رەزامەندیی هەموو ئێزدییەکان، هەر هەوڵێک بدرێت، یان رێککەوتنێک لەنێوان هەرێم و بەغدا بکرێت، ناتوانێت چارەسەرێکی ریشەیی و سەقامگیرییەکی دایمی بۆ ناوچەکە لەگەڵ خۆیدا بێنێت کە ببێتە هۆی ساڕێژکردنی زامی شەنگال.