تێڕوانینی ناوەندی دەسەڵاتی بڕیاربەدەست لەجیهاندا، گۆڕانی بەسەردا هاتووە و چەمکی شەڕ درێژەپێدەری سیاسەتە و شەڕی رەوا و شەڕی ناڕەوا وەک سەردەمی ئایدیۆلۆژیای زاڵ نەماوە
لهو حەکایەته كوردهوارییانهی كه پهندی زۆریان تێدایە و دهكرێت له ژیانی سیاسیشماندا ببنه ههڵوێست و بیروباوهڕ، حەكایهتێکی نێوان حاجی مایخان و خاڵو گوڵمرای شاری خانهقین و گهڕهكی جهلهوهیە، کە لهم رۆژانهدا بیرم هاتهوه.
حاجی مایخان و خاڵو گوڵمرای
حاجی مایخان لە دوورەوە هاواری دەکرد و دەیوت: هۆ خاڵو گوڵمرای، ئاگات لە خۆت بێت، خاڵو ئەگوەر لەسەر نۆبەی ئاودانی بێستانەکەتان، شەڕت پێ دەفرۆشێت، گوڵمرای-یش وەڵامی دەدایەوە: ئەو شەڕ دەفرۆشێ و منیش نایکڕم!
شاری خانەقین تا ئەندازەیەکی زۆر پشتی بە تەڕە و سەوزەی چەمی گەڕەکی جەلەوە دەبەست، کە زەوییەکی پر خێر و بەرەکەتی هەبوو، ئێواران بە گوێدرێژ و شەڵتە بەرهەمەکانیان دەبرد بۆ خانی خورما و تاریکە بازاڕ لە شار، لە هاویناندا لە رووباری ئەڵوەن دەپەڕینەوە بۆ ناو شار، لە زستانانیشدا کە ئاوی ئەڵوەن سارد و زۆر دەبوو، بە رێگای کۆپری گەورەدا دەچوون بۆ ناو شار، جاروبار دەستەیەک سەوزەیان بە خۆڕایی دەدا بە هەندێ گەنج و ژنانی هەژاری جەلەوە کە ئەوەش دەبووە ژەمێکی خواردنی شەوانیان.
باخەوان و جووتیاری جەلەوە
بەشێک لە دانیشتووانی جەلەوە باخەوان و جووتیار بوون، جاروبار لە سەر نۆبەی ئاوی جۆگەی عالیاوە دەمەقاڵێیان دەبوو، لە ترسی بە کارهێنانی خاکەناز و تەور و داس و قولاپ، کە بەردەوام لە بەردەستیان بوو، بەشی زۆریان خۆیان لە شەڕ و پێکدادان به دوور دەگرت، بۆئەوەی خوێنی لێ نەکەوێتەوە.
ئێستاش لەم سەروبەندەدا، دوای گۆڕانکارییەکانی دنیای سیاسەت و تێگەیشتنی فەلسەفی و رۆشنبیری بۆ ئێمەی خەڵکی کوردستان بە گشتی، قسەکەی خاڵو گوڵمرای پر بەپێستی بارودۆخەکەیە، دەبێت بە هیچ شێوەیەک شەڕی شەڕفرۆشان نەکڕین، چونکە بارودۆخەکە لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی و سەربازی و تەکنۆلۆجییەوە گۆڕاوە، بە شێوەیەک كه لە قازانجی شۆڕشی چەکداری و شەڕ و فەرتەنەدا نەماوە، چونکە تێڕوانینی ناوەندی دەسەڵاتی بڕیاربەدەست لەجیهاندا، گۆڕانی بەسەردا هاتووە و چەمکی شەڕ درێژەپێدەری سیاسەتە و شەڕی رەوا و شەڕی ناڕەوا وەک سەردەمی ئایدیۆلۆژیای زاڵ نەماوە، هەوڵیش دەدرێت لۆجیکی شەڕ بگۆڕدرێت بە ململانێی سیاسی و گفتوگۆی ئاشتییانە، شەڕیش بەواتای کوشتن و کاولکاری، بێ سوود وێنا دەکرێت.
کوردستان بە ناهەق دابەشکراوە
بێگومان، کوردستان دەمێکە بە ناهەق دابەشکراوە بەسەر چوار دەوڵەتی ناوەندییدا بەبێ خواستی خەڵکەکەی، ئەمەش بۆته هۆكاری سەرەکیی هەڵگیرساندنی شۆڕشەکانی کوردستان لە پێناوی رزگاری و راماڵینی داگیرکەران و سەربەخۆیی، بە باوەڕبوون بە چەمکی (دەسەڵاتی سیاسی لە لوولەی تفەنگەوە هەڵدەقوڵێت)، بەڵام لەم رۆژگارەدا و لەبەر هۆکارەکانی سەرەوە، ستراتیژ و تەکتیکی بزووتنەوەی کوردایهتی گۆڕاوە، لە جیاتی ئەوەی بە (لوولەی تفەنگ) دەسەڵاتی سیاسی مسۆگەر بکات، بووە بە خەباتی سیاسی و (بە هەڵبژاردن و لەڕێی دەنگدەرانەوە) ئەوە زامن دەکرێت.
گۆڕانکارییەکانی جیهان ئەوە دەسەلمێنن، کە کێشەی هەر بەشێکی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتە ناوەندییەكهی خۆیەوە چارەسەر دەکرێت، ئهوهش بە سیستمی دیموکراسی و ئازادیی و شارستانی.
سازان و شەراکەت و هاوپەیمانی
خۆشبەختانە لەم ماوەیەدا شۆڕشی چەکداری نەبۆتە ئامرازی سەرەکی خەباتی کوردایەتی لە کورستاندا، چونکە هەر بەشێکی کوردستان لەڕێگای بههاكانی دیموکراسی و مافی مرۆڤهوه كار بۆ مافەکانی خۆی دهكات، ئاشکراشە کورد بە حوکمی پێگە و ژمارە، ناتوانێت بە تەنها ببێت بە هێزی سەرەکی لە هەر چوار دەوڵەتەکەدا، کە کراوە بە پاشکۆیان و پێویستی بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنەکانی تری ناو دەوڵەتە ناوەندییهكه ههیه، ئەمەش جارێکی تر پێویستیی بە سازان و شەراکەت و هاوپەیمانی هەیە.
شادەماری سەرکەوتنی ئەم شێوە خەباتە بەندە بە یەکڕیزی و یەکدەنگی و یەکهەڵوێستیی ناو ماڵی کوردەوه، ئاشکرایە پرۆسەی ئاشتی لە دەوروبەر و ناوچەکە و جیهان بۆتە دیفاکتۆ، بەتایبەتی لە کوردستانی باکوور و رۆژئاوا، ئەمەش خۆی لە خۆیدا شێوازێکی نوێیە لە خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی، ئەم پرۆسەیە حاڵی حازر جێگیر و قایم نەبووە، هەم دۆستی هەیە و هەم دوژمن، راستە ئاشتی تەنها بە لایەک مەیسەر نابێت، بەڵام شەڕ بە لایەک ههڵدەگیرسێت!
یەکێتیی بڕوای تەواوی بە ئاشتییە
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرەتای دامهزراندنییهوه تا ئەمڕۆ، بڕوای تەواوی بە ئاشتی هەبووە، هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێش هەر بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان بووە لە چوارچێوەی عیراقی دیموکراسیدا، ئهوهش بە دروشمی (دیموکراسی بۆ عیراق و مافی چارەی خۆنووسین بۆ کوردستان).
ههروهها چوار دروشمە سەرەکییەکەشی: (ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ، مافی چارەی خۆنووسین)، کە قیبلەنمای خەباتی بووە، لە پراکتیکدا مەسەلەی ئاشتیی تێدا پێشەنگ بووە.
پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی لە هەر چوار پارچەی کوردستان
لەبەر رۆشنایی ئەوانەی سەرەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانی تەواوی پرۆسەی ئاشتی لە هەر چوار پارچەی کوردستان دهكات، ئەمەش بەڕێی راست و دروست دەزانێت، بۆ خەباتی ئەمڕۆی خەڵکی کوردستان، کە ئەندازیارەکەی رەوانشاد مام جەلال بووە.
لەبەرئەوەی كات و شوێنیش لە جووڵه و گۆڕاندان، هەروەها پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکانیش بەهەمان شێوە بەردەوام لە گۆڕاندان، بۆیە رەوای هەق نییە، دوای هەر گۆڕانکارییەک لە شێوە و ئامرازی خەباتی بزووتنەوەی کوردایەتی، دەستبکەین بە شیوەن و لاواندنەوە بۆ شێوەی خەباتی ماوە بەسەرچوو، شێوەی خەباتی نوێش بدەینە بەر تانە و لێکدانەوەی ناڕاست و دوور لە لۆژیک.
یەکێک لە خانە کۆنەکانی شاری خانەقین 1957