ژوان باقی
هەموومان بە منداڵیی لەگەڵ ئازارەکانی خێزانەکەمان خۆزگەکانمان، خەونەکانمان دەگۆڕا!!!
خێزانەکەمان هەر ئازارێکیان هەبوایە، حەزمان دەکرد کە گەورە بووین ببین بەو کەسەی ئەو ئازارە ساڕێژ دەکات. ئەوەی خەونی خێزانەکەمان و گەورەکانمان بوو، خۆزگەی منداڵیی ئێمەیان دەگۆڕی بۆ ئەو کەسەی ئەو خەونە دەهێنێتە دی... بۆ نموونە: من باپیرم نابینا بوو، هەمیشە دەیوت: (خودایە شکورم بەم تاقیکردنەوەیەم سوپاسگوزارتم، بەڵام خۆزگە تەنها یەکجار نەوەکانمم دەبینی و چاوم لە رەنگ و شێوەی رووخساریان پڕ دەبوو!!!)، خۆزگەی کچەزا بچووکەکەی کە من بووم، ئەوە بوو ببم بە دکتۆری چاو و بینایی بۆ باپیرم بگەڕێنمەوە، ئەم خۆزگەیەم بە لەدەستدانی باپیرم مرد.
کاتێك کەروێشکەکەمیان سەربڕی بۆ ژەمی ئێوارەی میوانێك، خەونەکەم گۆڕا بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان، هەتا نەهێڵم هیچ ئاژەڵێک سەرببڕن و بیکەن بە ژەمە خواردنێك!
ئەو کاتەی براکەم بوو بە پێشمەرگە و لە شەڕی داعشدا بەرامبەر هێزی دوژمن دەجەنگا، شانازیم بەو نیشتمانەوە دەکرد کە براکەم بەرگریی لێ دەکات، ئیدی خەونەکەم گۆڕا بۆ ئەوەی ببم بە پێشمەرگە و لە تەنیشت براکەمەوە بەرامبەر بە دوژمن بجەنگم و بەگری لە نیشتمان و گیانی براکەم بکەم، هەتا دایکم جەرگ سوتاو نەبێت و نیشتمان نەکەوێتە ژێر دەستی هێزی دوژمن!
کاتێك دایکمم بینی گوڵەکانی حەوشەکەمانی ئاو دەدا و گۆرانیی بە باڵای خونچە نەکراوەکانی گوڵەکاندا دەوت، پڕ بەدڵ حەزم دەکرد ببم بە باخەوان و باخێکی زۆر گەورە و جوان بکەمە گوڵستانێك و ناوی دایکمی لێ بنێم. کاتێکیش دایکم لەسەر بەرگی پشتییەکان نەخشی دروست دەکرد و ماڵەکەمانی دەڕازاندەوە خەونەکەم گۆڕا بۆ هونەری شێوەکاریی.
خەون گەلێکی زۆر زیاتر و زۆر ئازاری دیکەمان هەبوو. هەریەك لە ئێمە خەونی جیاوازمان هەبوو، خەونی خۆمان فەرامۆشکرد بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی خێزانەکەمان.
من ئێستا شێوەکارێکم و ئەو ئازارانە دەکێشم، کە دەیانبینم، ئەو شادییانە دەکێشم کە مافی هەمووانە تێیدا بژین.! هەوڵ دەدەم بە نووسینەکانیشم برینەکان تیمار بکەم.
ئێمە نەوەی سەردەمێکین هەموو کاتێک هەستمان بە بەرپرسیارێتی کردووە، بەشێوەیەك کە بەبێ ئەوەی گەورەکان هەستی پێبکەن، خەمی خەمەکانی ئەوانیشمان دەخوارد.!!!
بەشداربن خەونی ئێوە چۆن و بۆ چی گۆڕا؟!