كتێبی (لە ئەزموونەوە بۆ هیوا) نووسینی (خۆشی شوان)ە، لە ساڵی 2025 دا، بڵاوبۆتەوە، ئەم كتێبە سەرەنجامی ئەزموونی نووسەرە لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، لە رێی ئەم كتێبەوە، نووسەر بۆمان دەدوێت و دەیەوێت خوێنەر لەو گەشتەی خۆی ئاگادار بكاتەوە كە لەگەڵ شێرپەنجەدا بەسەری بردووە، باسكردنی ژیانی تاڵی خۆیەتی هاوشانی نەخۆشیی شێرپەنجە و ئەو لێكەوتانەی لەو ماوەیەدا تێیپەڕاندووە.
ئەگەرچی نەخۆشیی شێرپەنجە لەگەڵ بیستنی ناوەكەیدا، دەیان بیری ناخۆش و تاڵ و پڕ ئازار بە مرۆڤ دەدات، بەڵام نووسەر جیاواز گەشتمان پێدەكات و بە ئیرادەوە چاومان بە وشەكانی كتێبەكە ئاشنا دەكات، باسی ئەو رۆژانە دەكات كە بۆ هەر مرۆڤێك لە شەوگاری تاریكترن، كاتێك بەو نەخۆشییە دەردەدار دەبێت، بەڵام ئەو پێمان دەڵێت، ئیرادە و پاڵپشتی كەسانی دەوروبەر زامنی سەركەوتنن بەسەر نەخۆشی و ناخۆشیدا، هەربۆیە ئەو كەسانە لەیاد ناكات كە هەمیشە وەك چیایەك لە پشتی بوون و نەیانهێشتووە (با) رەشی نەخۆشیی شێرپەنجە بیانخات، ئەو وانانەمان پێ دەڵێت، كە لە گەشتی خۆی لەگەڵ شێرپەنجەدا فێریان بووە.
پەیامی هیوای پێیە
نووسەر لەم كتێبەدا پەیامی هیوا و ژیان و ئیرادە و بیركردنەوەی ئەرێنی دەگەیەنێت، چاوی هەموو ئەوانە دەكاتەوە، كە ژیان لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجەدا دەگوزەرێنن و خەریكە لەژێر هەژموونی بێهیوایی و بیركردنەوەی نەرێنیدا هەرەس دەهێنن و دەڕووخێن. پێمان دەڵێت، ئیرادە و هیوا بەسن بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی و سەركەوتن بەسەر ناخۆشییەكاندا. ئەو دەڵێت: راستە ئەوانەی تووشی ئەم نەخۆشییە هاتوون شەوگاریان تاریك و پڕ ئازاڕە، بەڵام دوای هەموو شەوگارێكی درێژ، رۆژێكی رووناك بوونی هەیە، تەنیا ئارامگرتن و ئیرادە دەتگەیەنێت بە رۆژی رووناك.
ئەم كتێبە گەشتی سەركەوتنی ئیرادەی مرۆڤە لە جەنگی دژی شێرپەنجەدا، بە بڕوای من خوێندنەوەی دەبێتە چەكێكی بەهێز بۆ سەركەوتن بەسەر نەخۆشیی و ناخۆشیدا.
ئەم كتێبە ئاگادارمان دەكاتەوە لەوەی، بیركردنەوەی ئەرێنی، ئەو هێزەیە كە زۆربەی خەڵكی لێی بێ ئاگان
كتێبەكە دابەشی چوار بەش كراوە
ئەم كتێبە دابەشی چوار بەشی سەرەكی كراوە، هەر بەشەیان گرنگی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، لە بەشی یەكەمدا، نووسەر باسی ژیانی خۆی دەكات لە ماوەی تووشبوونی بە شێرپەنجە، چیرۆكی خۆی لە رۆژانی هاتووچۆی نەخۆشخانە و وەرگرتنی چارەسەر و ئەو دۆخەی پێیدا تێپەڕبووە دەگێڕێتەوە. وەك نووسەرێكی ئاسایی لە سەرەتاوە بە باسكردنێكی سادەی پێش تووشبوونی بە شێرپەنجە دەست پێدەكات، پاشان دەچێتە سەر ئەو رۆژە و ئەو چركەساتەی هەواڵی تووشبوونی نەخۆشیەكەی پێڕادەگەیەندرێت، چۆنیەتی بیستنی هەواڵەكە و مامەڵەی خۆی لەوكاتەدا دەخاتەڕوو. دواتر هێدی هێدی بەرەو رۆژانی چارەسەر و چۆنیەتی سەردانیكردنی نەخۆشخانە و تێكەڵبوونی لەگەڵ نەخۆشانی تر باس دەكات، تا دەگات بەكۆتایی هاتنی چیرۆكەكەی و ئەوكاتەی پێی رادەگەیەندرێت كە نەخۆشییەكەی تێپەڕاندووە.
بەشی دووەمی كتێبەكە تەرخانكراوە بۆ هێزی بیركردنەوەی ئەرێنی و چۆنیەتی بەكارهێنانی هەستی ئەرێنی بۆ بەرەنگاربوونەوە و تێپەڕاندنی شێرپەنجە، ئەم بەشە بەتەنیا كتێبێكی تایبەتە لە بواری گەشەپێدانی مرۆییدا و چێژ و سوودێكی ئێكجار زۆر بە خوێنەر دەبەخشێت.
بەشی سێیەم تەرخانكراوە بۆ وتەی پزیشكانی نەخۆشخانەی هیوا، سەرنج و تێبینییەكانیان دەربارەی نەخۆشیی شێرپەنجە و رێنمایی و ئامۆژگارییەكانیان لەو بوارەدا. بەشی چوارەمیش تەرخانكراوە بۆ چاوپێكەوتنی ئەو نەخۆشانەی هاوشێوەی نووسەر، نەخۆشییەكەیان تێپەڕاندووە، یان بە ئیرادەوە بەرەنگاری بوونەتەوە.
هەستێكی بەهێز لە وشەكانی كتێبەكەدا بەدیدەكرێت
ئازار هەستە، نەخۆشی هەستە، خۆشی هەستە، لەكاتی باسكردنی ناخۆشیی و نەخۆشیی شێرپەنجە و چارەسەر و هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بەو نەخۆشییەوە، لەگەڵ بیستنیدا هەستێكی ناخۆش و پڕ لە ئێش و نەرێنی داتدەگرێت، چونكە لەگەڵ باسكردنیدا ئەو هەستانە بۆ خوێنەر دەگوێزرێنەوە، من سەراپا لەكاتی خوێندنەوەی كتێبەكەدا، هەستم نەكرد كەسێك ئەم كتێبەی نووسیبێ خۆی تووشبووی نەخۆشییەكە بێت، چونكە هیچ كات هەستم بە بێزاری و نائومێدی و رەشبینی، یان هیچ هەستێكی نەرێنی نەكرد، بەڵكو هەمیشە هەستێكی بەهێز، پڕ لە ورە و ئیرادە، پڕ لە سەركەوتن لەم كتێبەدا دەتدوێنێ، تەنانەت كاتێك باسی ئەوە دەكات وردە وردە قژەكانی دەوەرێت، خۆی بڕیار دەدات هەمووی بە یەكجار لاببات بۆئەوەی هەستی نەرێنی لەگەڵ وەرینی پرچیدا داینەگرێت، ئەگەر ئەمە ئەوپەڕی ئیرادە و هێز و گەورەیی نەبێت، دەبێت چی بێت، ئەمە هێزی ئیرادە و رووبەڕووبوونەوەیە، هێزێكە لە ناخەوە پێت دەڵێت: ئەگەر پرچیشم نەبێت من بە پێوەم، بەهێزم، خۆم مووەكانی سەرم دەتاشم بەڵام رێگە نادەم ئیرادەم بوەرێت.
ئەم كتێبە هەڵگری چەندین وانەی جوانە
فێرمان دەكات هەركات نەخۆشی و ناخۆشی، خەم و ئازار، گرفت و كێشە رووبەڕوومان بوونەوە، نەپرسین چۆن و كەی و بۆ هات، بەڵكو لەبری ئەوە، بەدوای چارەسەردا بگەڕێین و كات و وزەی خۆمان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر تەرخان بكەین، فێرمان دەكات بەهای ژیانمان بزانین و فێری خۆشەویستی و ئیرادە و هاوكاری و پاڵپشتیمان دەكات، ئەوەمان پێ دەڵێت: كە پاڵپشتییەكان ئەگەرچی كەم و بچووكیش بن بەڵام جێی خۆیان دەگرن.
ئەم كتێبە فێرمان دەكات ژیان ئەم چركە ساتەیە، ئێستا دەتوانین داهاتوو دروست بكەین، رووخانی ئێستامان كاولكردنی داهاتوومانە، ئەوەمان پێدەڵێت، لە ناخی شێرپەنجەشدا، هەناسەیەك بۆ ژیان و سەركەوتن هەیە، شێرپەنجە بەشێكی ژیانە نەك هەمووی.
ئەو پێمان دەڵێت، شێرپەنجە ئەزموونە، هەموو كەسێك دەتوانێت سەركەوتوو بێت، وەك چۆن خوێندكارێك تاقیكردنەوە دەكات و سەردەكەوێت، هێندە بەسە كۆنتڕۆڵی بیركردنەوەكانت بكەیت و ژیانت پڕبكەیت بەبیركردنەوەی ئەرێنی .
ئەم كتێبە ئەوەمان پیشان دەدات، كاتێك ئەرێنی بیردەكەیتەوە، لایەنە باشەكانی ژیان دەبینیت، ئەوكاتیش زیرەكانە مامەڵە دەكەیت و رووبەڕووی كێشەكان دەبیتەوە و ژیانت جوانتر و بەرهەمدارتر دەبێت.
ئەم كتێبە ئاگادارمان دەكاتەوە لەوەی، بیركردنەوەی ئەرێنی، ئەو هێزەیە كە زۆربەی خەڵكی لێی بێ ئاگان.