لە سۆشیاڵ میدیادا دۆخەکە بە جۆرێك شێواوە، هەمووان قسە لەسەر هەموو کەس و بابەتێک دەکەن و هێڵی سوور بۆ هیچ کەسێک نەماوە، سیاسی، کەسایەتی، هونەرمەند، پیر و گەنج هەرکەس بێت، دەبێت چاوەڕوان بێت رۆژێک لە رۆژان، بەبێ ئەوەی كارێکی خراپی کردبێت، بکەوێتە بەر هێرشی ناڕەوای بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە ژیانی تایبەتی کەسەکان، هی خۆیانە و کەس بۆی نییە قسەی لەسەر بکات.
بەم دواییانە، (ماهیر حەسەن)ی هونەرمەند، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری رێکخراوێک، کەوتە بەر هێرشی ناڕەوای بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بەبێ ئەوەی لە خۆیان بپرسن، بۆچی دەبێت لەسەر هەموو شتێك قسە بكەن؟ بۆ هەمیشە هەوڵی شكاندنی كەسی بەرامبەر دەدەن؟ بۆ هەوڵی ئەوە نادەن تەداخولی ژیانی تایبەتی یەكتر نەكەن و نەبن؟
بە داخەوە خەڵكی وایانلێهاتووە گرنگی بە هونەرەكە نادەن، بەڵكو گرنگی بە ژیانی تایبەتی هونەرمەندەكە دەدەن. رەنگە هاووڵاتییان بەچاوی قەیران و خراپی دۆخی ئێستای هەرێم سەیری كۆبوونەوەی هونەرمەند و سیاسییەك بكەن، وەك رۆژنامەنووسە (پاپارازییەکان) بە دیار هونەرمەندەوەن، كە بزانن چی دەكات و لەگەڵ چ كەسێكی سیاسی كۆدەبێتەوە، تا راستەوخۆ پۆستێكی لەسەر بكەن لە سۆشیال میدیا و رێك لەسەر پۆستەكە بنووسن: (ئەمیش فت و خۆی فرۆشت!) بەبێ ئەوەی لەبیریان بێت كەسەكە ئازادە لەگەڵ كێ كۆدەبێتەوە و دادەنیشێت پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، پەیوەندی بەخۆیەوە هەیە، با هونەرەكەیمان لەلا گرنگ بێت كە پێشكەشی دەكات، ژیانی تایبەتی هونەرمەندەكە بۆ خۆی.
تكایە با چیتر ئەم هێرشانە بوەستێنین، چونكە هیچ (سەرمایەدارێكی دیار، حزب، لایەنێكی سیاسی) بۆ هونەرمەندان هێڵی سوور نییە، ئەمە لە هەموو جیهاندا وایە، كەسێكی سەرمایەدار، یان كەسێكی سیاسی دیار حەز بكات چاوی بە هونەرمەندێك بكەوێت شتێکی ئاساییە.
پێویستە دڵخۆشبین كە لایەنێك هەیە گرنگی بە هونەر و هونەرمەندان دەدات، دەستخۆشیشیان لێبكەین بۆئەوەی چیتر هونەرمەندان بێ ناز نەبن، نابێت هەموو ئەو رۆژانەش لەبیر بكەین كە ئەو هونەرمەندە، لە درامایەك یان فیلمێك یانیش بەرنامەیەك، هەمووانی كۆكردۆتەوە بە دیار شاشەی تەلەفزیۆنەكەمانەوە، بە قسە خۆشەكانی هەمووانی خستووەتە پێكەنین و هەندێك لە خەمەکانی كەم كردووینەتەوە.
ئەو خەڵاتانەی هونەرمەند (ماهیر حەسەن) وەک ئەکتەریکی کورد وەریگرتوون، جێی دەستخۆشی و خۆشحاڵییە، نەوەک هێرشکردنە سەری، با لێرەوە بڕیار بدەین کارەکانی هونەرمەندانمان لەلا گرنگ بێت، نەوەک ژیانی تایبەتییان.