ژنــــان ‌و خەڵاتــــی نۆبـــــڵ

10:46 - 2025-08-10
خەلیل عەبدوڵلا
52 خوێندراوەتەوە

124 ساڵە خەڵاتی نۆبڵ لە بوارە جیاجیاكاندا دەبەخشرێت، سەرباری پێشكەوتنەكانی ژنان لە هەموو بوارەكاندا و لە رووی هزرییەوە هیچیان لە پیاوان كەمتر نییە‌، كەچی تا ئێستا ناهاوسەنگییەكی گەورە لەنێوان ژنان ‌و پیاواندا لە وەرگرتنی ئەو خەڵاتە جیهانییەدا هەیە

خەڵاتی نۆبڵ خەڵاتێكی جیهانییە، ئەم خەڵاتە ساڵانە لە بوارەكانی (ئاشتی، ئەدەب، فیزیا، كیمیا، پزیشكی، ئابووری) دەبەخشرێت.
خەڵاتەكە بە ناوی ئەلفرێد نۆبڵی زانای سویدیی بواری كیمیاوە ناونراوە، نۆبڵ داهێنەری دینامیت بوو، مەبەستی داهێنانەكەی بۆ خزمەتی بوارەكانی مەدەنیی، پیشەسازی‌ و تەلارسازی بوو، بەڵام بە پێچەوانەی ئامانج ‌و خواستی ئەوەوە ئەو داهێنانە بۆ بواری جەنگ ‌و وێرانكاری سوودی لێوەرگیرا ‌و زیانی زۆری گیانیی ‌و ماڵیی بە مرۆڤایەتی گەیاند، ئەوەش ئەلفرێد نۆبڵی نیگەران كرد ‌و هەستی بە تاوان ‌و گوناه كرد، لەبەرئەوە زۆربەی سامانەكەی بۆ بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ تەرخانكرد، دوای پێنج ساڵ لە مردنی ‌و لە ساڵی 1901 دەست بە بەخشینی خەڵاتەكە كرا‌و 124 ساڵە ئەو خەڵاتە  دەبەخشرێت.
خەڵاتەكە بە‌و كەسە داهێنەرانە دەبەخشرێت كە لە ژیاندان، مەگەر كەسێك ناوی وەك سەركەوتووی خەڵاتەكە دەرچووبێ ‌‌و پێش وەرگرتنی خەڵاتەكە كۆچی دوایی كردبێت، خەڵاتەكە بە خانەوادەكەی بەخشرا بێت، هەروەها ئەو خەڵاتە بەو رێكخراوانە دەبەخشرێت كە لە بوارێكدا خزمەتی ناوازەیان پێشكەش كردووە، تا ئێستا 850 پیاو ‌و 66 ژن ‌و چەند رێكخراوێك لەو خەڵاتە سوودمەند بوون.
ئەوەی دەمەوێ‌ لەم وتارەدا تیشكی بخەمە سەر ژمارەی ژنانی بەهرەمەندی ئەو خەڵاتەیە، ئەوەی تێبینی دەكرێت، سەرباری پێشكەوتنەكانی مرۆڤایەتی ‌و بانگەشەكردن بۆ یەكسانیی ژنان ‌و پیاوان لە ماف‌ و دەرفەتەكاندا تا ئێستا ژمارەی ژنانی وەرگری ئەو خەڵاتە زۆر كەمترە لەچاو پیاواندا ‌و جێگەی بەراورد نییە، ئەوەش بۆتە رەخنەیەك لەسەر لیژنەكانی ئامادەكاریی ئەو خەڵاتە، كە زیاتر پیاوان بۆ ئەو خەڵاتانە دەپاڵێون‌ و ژنان نادیدە دەگرن.
بڕوانامە ‌و میدالیایەكی ئاڵتوونە
خەڵاتەكانی نۆبڵی بوارەكانی (فیزیا، كیمیا، پزیشكی، ئەدەب) لەلایەن ئەكادیمیای زانستیی سوید ‌و خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتمەندی نەرویجی لە ئۆسلۆی پایتەخت ‌و خەڵاتی نۆبڵی ئابووری لەلایەن بانكی ناوەندی سوید دەبەخشرێن.
خەڵاتەكە بڕوانامە ‌و میدالیایەكی ئاڵتوونە بۆ هەر كەسێك، یاخود چەند كەسێك بە هاوبەشی یان رێكخراوێك، كە بەهاكەی نزیكەی یەك ملیۆن دۆلارە.
لە ساڵی 1901ەوە تا ئێستا وەرگرتنی جۆری خەڵاتەكە لەلایەن ژنانی جیهانەوە بەم شێوەیە بووە، (ئاشتی 19 ژن، ئەدەب 18، پزیشكی 13، كیمیا 8، ئابووری 3)، بەپێی دابەشبوونی وڵاتان، ژمارەی ژنانی وەرگری خەڵاتی نۆبڵ بەم شێوەیەیە (ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا 19، فەڕەنسا 7، ئەڵمانیا 4، بەریتانیا 3، پۆڵەندا 3).
ماری كوری یەكەم كەس‌ و یەكەم ژنە كە دووجار ئەو خەڵاتەی وەرگرتووە، ساڵی 1903 بە هاوبەشی لەگەڵ هاوسەرەكەیدا خەڵاتی نۆبڵیان لە بواری فیزیادا وەرگرتووە، ساڵی 1911 جارێكی تر بەتەنیا ئەو خەڵاتەی لە بواری كیمیادا وەرگرتووە، ئەوەش بە شتێكی ناوازە‌ و بەرزیی توانای هزریی ئەو ژنە لە مێژووی خەڵاتی نۆبڵدا دادەنرێت، چونكە تا ئێستا هیچ ژن ‌و پیاوێكی تر نەیانتوانیوە دووجار ئەو خەڵاتە وەربگرن.
ناهاوسەنگییەك لە وەرگرتنی ئەو خەڵاتەدا هەیە 
نادیە موراد یەكەم ژنی كوردی ئێزدی شنگالە كە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرتووە ‌و هیچ ژن ‌و پیاوێكی كوردی دیکە ئەو خەڵاتەیان وەرنەگرتووە، هەرچەندە چەند جارێك چەندان كەسایەتیی ژن‌ و پیاوی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا بۆ ئەو خەڵاتە پاڵێوراون، بەڵام سەركەوتنیان بەدەست نەهێناوە.
مالالا یوسفزای كچە چالاكوانی پاكستانی بواری مافەكانی مرۆڤ‌ و خوێندن، لە ساڵی 2014 لە تەمەنی 17 ساڵیدا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرت، ئەوەش بۆ یەكەمجار بوو لە مێژووی بەخشینی ئەو خەڵاتە جیهانییەدا، كەسێك لەو تەمەنە بچووكەدا ئەو خەڵاتە وەربگرێت.
124 ساڵە خەڵاتی نۆبڵ لە بوارە جیاجیاكاندا دەبەخشرێت، سەرباری پێشكەوتنەكانی ژنان لە هەموو بوارەكاندا ‌و دەرخستنی ئەو راستییانەی كە ژنان هاوشانی پیاوانن ‌و لە رووی هزرییەوە هیچیان لەوان كەمتر نییە‌، سەركەوتنی مەزنیان لە زۆربەی بوارەكاندا بەدەستهێناوە، كەچی تا ئێستا ناهاوسەنگییەكی گەورە لەنێوان ژنان ‌و پیاواندا لە وەرگرتنی ئەو خەڵاتە جیهانییەدا هەیە ‌و چاوەكان لەسەر ئەوەن لە ساڵانی داهاتوودا ئەو لاسەنگییە تا رادەیەك راست بكرێتەوە.

 نادیە موراد، یەکەم کوردە خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی وەگرتووە

وتارەکانی نوسەر