بەرهەمهێنانی چەکی ئەوروپا ناتوانێت خواستەکان دابین بکات

10:14 - 2024-01-29
ئابووری
256 جار خوێندراوەتەوە
#پیشەسازی چەک لە برەودایە

کامەران ئەحمەد سلێمان


بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە جارێکی دیکە بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنی لە ئەوروپا لە کارنامەی بەرزدایە، بەڵام سەرەڕای زیادبوونی بودجەی نیشتمانی، پیشەسازیی بەرگری ئەوروپا درەنگ دەستپێدەکات.
ساڵانێک خێرایی و قەبارەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەوروپا لەسەر بنەمای بارودۆخی ئاسایی بوو، بە واتایەکی تر پڕۆسەکە لە دۆخی ئاشتیدا بەڕێوە دەچوو، ئەوەش وایکرد زۆرێک لە وڵاتان لەوانەش هۆڵەندا، بەشێکی زۆری بودجەی بەرگرییەکەی کەم بکاتەوە.
بەڵام ئێستا وڵاتان جارێکی تر بە بڕی زۆر و قەبارەیەکی گەورە دەستیان کردووە بە کڕینی چەک، ئەوان چەک و تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا دابین دەکەن، لە هەمان کاتدا هێزی چەکداری خۆیان بەهێز دەکەن، ئەویش بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکانی روسیا بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپاوە، ئەنجامەکەشی ئەوەیە، کە خواستێکی زۆر لەسەر چەک و تەقەمەنی دێتە ئاراوە، زیاتر لەوەی پیشەسازیی ئەوروپا بتوانێت مامەڵەی لەگەڵ بکات.

دەبێ هاوکاری یەکدی بن
دیک زەندی، پسپۆڕی بەرگری لە پەیمانگای کلیننداڵ لە هۆڵەندا دەڵێت: «داتاکان ورد و نهێنین، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی کار گەیشتۆتە ئەوەی بپرسین، دەتوانرێت لە پشکەکانی ئێستاوە چی دابین بکرێت؟ لەبەر ئەوە زیادکردنی بەرهەمی پیشەسازی هەیە زۆر گرنگە.»
زەندی دەڵێت: نیگەرانە لەوەی شتەکان زۆر بە خێرایی روودەدەن. ئەو پێی وایە پێویستە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە کاتی کڕینی تەقەمەنی و کەرەستەی جەنگیدا زۆر باشتر هاوکاری یەکتر بکەن، بۆ نموونە ئێستا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا خاوەنی کۆمەڵێک سیستمی چەکی جیاوازن کە هەریەکەیان بە جیا دەکڕدرێن.
بەڵام خودی پیشەسازیی بەرگریش دەبێت خۆی لەگەڵ دۆخە نوێیەکەدا بگونجێنێت. کۆمپانیاکان نابێت رکابەریی یەکتر بکەن، بەڵکو پێویستە تایبەتمەند بن و لە نێوان خۆیاندا رێک بکەون لەسەر ئەوەی کێ چی بۆ هەمووان بەرهەم دەهێنێت. لە ئامۆژگارییەکی سیاسیدا بۆ یەکێتی ئەوروپا زەندی دەڵێ: «ئەوە پەیوەندی بە گەورەکردنی ئەو شتەوە هەیە کە زۆرترین پێویستییان پێیەتی، وەک تەقەمەنی، دەبێت هەندێک بەش لە بەرهەمهێنانی پیشەسازی بخرێنە خزمەتی دۆخەکەوە، کە دۆخی جەنگە.»

ئۆکرانیا بەبێ ئەوروپا 
ئۆکرانیا بۆ پاراستنی شەڕی پەرتبوون لەگەڵ روسیا زۆر پشت بە پێداویستییەکانی رۆژئاوا دەبەستێت، تا کۆتایی ساڵی 2023 ژمارەی ئەو تۆپە بەکارهێنراوانەی کە ئۆکرانیا لە هەفتەیەکدا دەیتەقاندن دابەزیبوو بۆ دوو هەزار تۆپ، لە کاتێکدا روسیا هەر لەو ماوەیەدا توانی هەفتانە 10 هەزار تۆپ بتەقێنت.
27 وڵاتی یەکێتی ئەوروپا لە بەهاری ساڵی 2023دا بەڵێنیان دا کە لە ماوەی ساڵێکدا بە هاوبەشی یەک ملیۆن پارچە تەقەمەنی تۆپخانە بۆ ئۆکرانیا دابین بکەن، لەو ژمارەیەش تەنها لە مانگی نۆڤەمبەردا 300 هەزار پارچە رادەستکرابوو لە کاتێکدا ژمارەی داواکارییەکانیش زۆر دواکەوتووە.
فراوانکردنی بەرهەمە جەنگییەکانی ئەوروپا نزیکەی دوو ساڵ دوای لەشکرکێشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا هێشتا قورسە، کۆمپانیاکان گرێبەستی درێژخایەنیان لەگەڵ کڕیارانی دەرەوەی ئەوروپا کردووە و نزیکەی %40ی بەرهەمەکانیان هەناردەی وڵاتانی دەرەوەی ئەوروپا دەکرێت و ئاماژە بەوەش دەکەن، کە ناتوانن خۆیان لەم شتە بەدوور بگرن، هەروەها داوا دەکەن وڵاتانی ئەوروپا گرەنتی گرێبەستە درێژخایەنەکان بکەن.

خواست زیادی کردووە
لە سەرووی هەمووشیانەوە دەستپێکردنی هێڵی بەرهەمهێنانی نوێ کاتێکی زۆری دەوێت، چونکە پێویستی بە هێزی مرۆیی و ئامێر و کەرەستەی خاو هەیە. لەوانەیە چەند مانگێک یان تەنانەت ساڵانیش بخایەنێت تا هێڵی بەرهەمهێنانی نوێ بخرێتە گەڕ.
وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا دان بەم کێشەیەدا دەنێت، وتەبێژی حکومەتی ئۆکرانیا وتی: «شەڕی ئۆکرانیا دەریدەخات کە دابینکردنی تەقەمەنی زۆر پێویستە، بۆیە وڵاتان بە بڕی زۆر و قەبارەی گەورە چەک و تەقەمەنی دەکڕن، پیشەسازیی چەکیش هێشتا ئامادە نەبووە بۆ ئەمە، بەشێکی بەهۆی بوونی ئاسایشی درێژخایەن و نەبوونی خواستەوەیە، هەروەها کەمی کەرەستەی خاویش رۆڵ دەگێڕێت.» بەڵام لە دوای هەڵگیرسانی شەڕەوە خواست لەسەر چەک و تەقەمەنی زیادی کردووە، بۆ نموونە لەم یەک دوو ساڵەدا هۆڵەندا رایگەیاند، کە کڕینی تەقەمەنی بە بڕی دوو ملیار یۆرۆ زیادکردووە.

زیادکردنی بەرهەم کاتی زۆر دەوێت
ئەم داواکاریانە ئێستا لەگەڵ پیشەسازی ئەوروپا و لە رێگەی پڕۆگرامی بەناو فرۆشتنی سەربازی بیانی ئەمریکاوە کراوە، بەشێک لەو تەقەمەنیانە پێشتر مەمەڵەکانیان کراوەو گەیشتوونەتە دەستیان، لەوانە تۆپخانەی 155 ملم و مووشەکی سوکی دژە تانک کە لە شانەوە دەتەقێنرێن و بە شێوەیەکی باو لەلایەن ئۆکرانیاوە بەکاردەهێنرێن، بەڵام هێشتا پێویستی بە بەرهەمهێنان هەیە. وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا ناتوانێت بە وردی بڵێت چەندە تەقەمەنی هەیە و پێویستی بە چەندی دیکەیە، ئەیش بەهۆی رەچاوکردنی ئاسایشی وڵاتەکەیەوە.
سەرەتای ئەم مانگە گۆڤاری سەربازیی بەریتانی، جین دیفێنس خشتەی چاوەڕوانکراوی گەیاندنی هەزار مووشەکی پاتریۆتی بڵاوکردەوە کە هۆڵەندا لەگەڵ ئەڵمانیا و رۆمانیا و ئیسپانیا لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری ئەوروپی (MBDA)و کۆمپانیای (Raytheon) ئەمریکی داوایان کردووە. پێشبینی دەکەن لە ماوەی نزیکەی سێ ساڵدا یەکەم موشەک رادەست بکرێت.
بە وتەی زەندی پسپۆڕی بەرگری، ئێستا بە راستی گرنگ نییە چەک و تەقەمەنی لە کوێوە دێت، بە مەرجێک بەرهەمهێنانەکان خێراتر لە پێویستییەکان ئەنجام بدرێن، ئێستا کات نییە بۆ مشتومڕ لەسەر ئەوەی ئەوروپاییە، یان ئەمریکایی.

ئەورەپا دەتوانێ جیاواز بێت
هەموو کەسێک لەگەڵ ئەوەدا نییە کە دەبێ بەرهەمەکان زیاتر ئەوروپی بێت، وێندێلا دی ڤریس، توێژەر و چالاکوان لە کۆمپانیای ستۆپ ئارمز ترێد دەڵێت: «نابێت کەمیی تەقەمەنی وەک شکستی هەوڵە ئەمنییەکانی ئەوروپا وێنا بکرێت، ناتوانیت بۆ هەمیشە تەقەمەنی بە گوڕ و تینی سەردەمی جەنگ بەرهەمبهێنیت، ئەوە شتێکی بێمانا دەبێت».
ئەو هۆشداری دەدات کە لە کۆتاییدا بە شێوەیەکی سەرەکی پیشەسازی چەک قازانج لە شەڕەکان دەکات. لە درێژخایەندا مەترسییەکی گەورە هەیە بۆ زیادکردنی بەرهەمی سەربازی بە قەبارەیەکی گەورە، کاتێک شەڕەکە تەواو بوو، وەبەرهێنەران هەر دەیانەوێت بەردەوام بن لە بەدەستهێنانی پارە و بەرهەمی زیادە رێگەی خۆی بۆ بازاڕی هەناردەکردن دەدۆزێتەوە.
ئەو زۆر بەدووری دەزانێت سوپای روسیا، کە بە وتەی خۆی بە شێوەیەکی خراپ رێکخراوە، هێرش بکاتە سەر یەکێتی ئەوروپا، کەواتە بە وتەی دی ڤریس، ئەوروپا دەتوانێت باشتر سەرنجی لەسەر ئەو بوارانە بێت کە دەتوانێت جیاواز بێت، وەک: دیپلۆماسی، کەمکردنەوەی پەرەسەندنی پێسبوونی ژینگە، جیهانێکی دادپەروەرتر، چونکە ئەم بوارانە زۆر زیاتر خزمەت بە ئاسایش دەکات نەک پارەی زیاتر بۆ بەرهەمهێنانی چەک.

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان