راهێنەرێكی گەنج ئەنجام و دەستكەوتی گەورە

11:44 - 2024-03-19
وەرزش
85 جار خوێندراوەتەوە

تیشكۆ

میكێل ئارتێتا - ی راهێنەری یانەی ئەرسناڵ یەكێكە لە راهێنەرە گەنجەكانی خولی ئینگلیزی و وڵاتانی ئەوروپا، ئەم راهێنەرە گەنجە، ئەنجامەكانی بوونەتە جێی سەرنجی شارەزایانی یاریی تۆپی پێ و ئێستا تیپەكەی یەكێكە لە باشترین هەشت یانەكەی چامپیۆنس لیگ و ئەوروپا.
ئارتێتا 22 –ی دیسەمبەری  ساڵی 2019 واتە لە كۆتایی ئەوساڵەو لە ناوەڕاستی خولی ئینگلیزیدا، بەرەسمی بە راهێنەری یانەی ئەرسناڵ دیارییكرا، خرایە جێگای ئۆنای ئیمری ئیسپانی راهێنەری پێشووی یانەكە، ئەوساڵە 2019-2020  لەپلەی هەشتەمی ریزبەندیا وەستا، توانیشی جامی یەكێتیی ئینگلیزی (ئێف ئەی كاپ) بۆ یانەی ئەرسناڵ بەدەستبهێنێت، ساڵ لە دوای ساڵیش تا دەهات تیپەكەی باشتر رێكدەخستەوە، وەرزی دواتر 2020-2021 هەمان پلەی گرت، بەڵام وەرزی دواتر 2021-2022 تیپەكەی گەیاندە پلەی پێنجەم و بەشداریی یۆرۆپا لیگی كرد، وەرزی 2022-2023 هێندە بەباشی تیپەكەی رێكخست، بوو بەركابەری یانە بەهێزەكان و دواجار پلەی دووەمی پریمەرلیگی گرت و ئەمساڵ بەشداریی چامپیۆنس لیگی كردووە.
ئەمساڵیش پاش تەواو بوونی یارییەكانی هەفتەی 28 ی خولی ئینگلیزی، ئێستا ئەرسناڵ و ئارتێتای راهێنەر، یەكەمی ریزبەندیی ئەم خولەن و خاوەنی 64 خاڵن و بە جیاوازی گۆڵ لە پێش لیڤەرپوڵی دووەم و یەك خاڵیش لە پێش مان سیتی سێیەمەوەیە.
یانەی ئەرسناڵ ماوەی شەش ساڵە نەیتوانیوە خۆی بگەینێتە چامپیۆنس لیگی ئەوروپا، وا ئەمساڵ نەك بەم خولە شاد بۆتەوە، بگرە قۆناغی گروپەكان و پاشان قۆناغی 16 یانەشی بڕیوە و ئێستا لە قۆناغی 8 یانەدا رووبەڕووی یانەی بایرن مونشن بۆتەوە.
ئەم راهێنەرە لاوە تەمەنێكی كورتی لە بواری راهێناندا هەیە، ئەزموونی یارییكردنیشی زۆر دەوڵەمەند نییە، وەك یاریزان سەرەتا ساڵی 1997 لە تەمەنی 15 ساڵییەوە لە تیپی لاوانی یانەی بارسیلۆناوە دەستی بە یارییكردن كردووە، بەڵام هەلی ئەوەی بۆ نەڕەخسا بگاتە ریزی پلەیەكی یانەكە، بۆیە بەخواستن درا بە یانەی پاریس سانجێرمان و یەك ساڵ 2001-2002 لەم یانەیە بووە، دواتر چووە یانەی رەینجەرزی سكۆتلەندی 2002 تا 2004، پاشان گەڕایەوە بۆ ئیسپانیا و 2004-2005 یاریی بۆ یانەی ریاڵ سۆسیداد كردووە، پاشان چووە یانەی ئیڤەرتۆن و شەش ساڵ  2005 تا 2011، لەم یانەیە مایەوە، پاشان چۆتە یانەی ئەرسناڵ و لەم یانەیە گیرسایەوە تا ساڵی 2016، دوا جاریش هەر لەم یانەیە بە رەسمی وازی لە یارییكردن هێنا.
لەسەر ئاستی ئیسپانیاش لە نێوان ساڵانی 1998 تا ساڵی 2012 تەنیا یاریی بۆ هەڵبژاردەی تەمەنە جیاجیاكانی  ئیسپانیا كردووە، لەوانە هەڵبژاردەكانی ئیسپانیا بۆ  ئەو یاریزانانەی تەمەنیان لە 16 ساڵ و 18 ساڵ و 21 ساڵ كەمترە، بەڵام نەیتوانیوە بگاتە هەڵبژاردەی یەکەمی لارۆخا.
وەك راهێنەریش تەمەنێكی كورتی هەیە و ئەزموونێكی دەوڵەمەندی نییە، كاتێك ساڵی 2016 بەرەسمی واز لە یارییكردن دەهێنێت، دوو ئەركی  بۆ پێشنیار دەكەن و هەردوو ئەركەكەش رەتدەكاتەوە، یەكەمیان ئەوەبووە ببێتەسەرۆكی ئەكادیمیای یانەی ئەرسناڵ، دووەمیشان یاریدەدەری  ماوریسیۆ بۆچیتینۆی راهێنەری ئەوساڵەی پاریس سانجێرمان، بەڵام ئەم ئەركێكی تر هەڵدەبژێرێت ئەویش ئەوەبوو بووبە یاریدەری پیپ گواردیۆلای راهێنەری مان سیتی.
ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ گواردیۆلادا بەردەوام بووە، لە پیپەوە زۆر باش لە ئەركی راهێنان تێگەیشت و زۆر شتی باش فێربوو، تا دواجار ساڵی 2019 لە گواردیۆلا جیا دەبێتەوە و بەرەسمی دەبێتە راهێنەری یانەی ئەرسناڵ و تائێستاش بەردەوامە و چاوەڕوانی ئەنجامی زۆر باشی لێدەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان