خوێندنەوەیەك بۆ یارییەكانی قۆناغی 8 یانەی چامپیۆنس لیگ

11:49 - 2024-03-19
وەرزش
91 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل

پاش تەواو بوونی سەرجەم یارییەكانی قۆناغی 16 یانەی چامپیۆنس لیگ و دەركەوتنی ئەو هەشت یانەیەی گەیشتوونەتە قۆناغی دواتر، نیوەڕۆی رۆژی هەینی رابردوو 15/3/2024 قورعە بۆ یارییەكانی 8 یانە تا یاریی كۆتایی كراو سەرجەم یارییەكان دەركەوتن.
ئەنجامی قورعەكە
-1 ئە.مەدرید      ×   ب.دۆرتمۆند.
-2 پا.سانجێرمان  ×       بارسیلۆنا.
-3 ئەرسناڵ       × بایرن مونشن.
-4 ریاڵ مەدرید   ×     مان سیتی.
لە قۆناغی دواتر و دوو یاریی پێش كۆتاییشدا، براوەی یاریی 1 × براوەی یاریی 2، براوەی یاریی 3 × براوەی یاریی 4، پێكەوە یاریی دەكەن و براوەكانی ئەم دوو یارییەش دەگەنە یاریی كۆتایی.
ئەگەر سەیرێكی ئەنجامی قورعەكە بكەین، ئەوا دەگەینە ئەو بڕوایەی كە یارییەكانی قۆناغی 8 یانە بۆ سەرجەم یانە بەشدارەكان هاوسەنگە و لەڕوی گرنگی و هەستیارییەوە هەر چوار یارییەكە رێژەی گرنگیان وەكو یەكە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە هەر هەشت یانەكە هەلی سەركەوتنیان بۆ قۆناغی 4 یانە وەكو یەكە.
جگەلەوەش ئەگەر پێوانەیەك  بۆ تیپە بەشدارەكانیش بكەین، ئەنجامی قورعەكە ئەوەمان پێدەڵێت كە ناتوانرێت ئەنجامی كۆتایی هیچ یارییەك لەو یارییانە بۆ تیپێك یەكلایی بكەینەوە، رێژەی سەدی بردنەوەی هەر هەشت تیپەكە لەوی تریان وەك یەكە، چونكە سەرجەم تیپەكان ئاستیان لەیەکترەوە نزیكە، لە سەرجەم رووەكانی توانای جەستەیی و بوونی ئەستێرەكان لە تیپەكاندا و ئاستیان لە خولی وڵاتەكانیاندا و ئەنجامەكانیان چ لەم خولە و چ لە خولی وڵاتەكانیشیان زۆر نزیكە لە یەكترییەوە.
تەنیا پی ئێس جی دووەم بووە
سێ یانەی ئیسپانیا لەم قۆناغەدان هەرسێكیان لە تۆپ فایفی لالیگادان، ریاڵ یەكەم و بارسا دووەم و ئەتلەتیكۆش پێنجەمی ریزبەندییە، هەرسێكیشیان لە قۆناغی گروپەكاندا بە یەكەمیی گروپەكانیان گەیشتونەتە قۆناغی 16 یانەی یارییەكان،دوو یانە ئینگلیزییەكەش ئەرسناڵ و مان سیتی، لە تۆپ تووی پریمەر لیگدان، هەردووكیشیان لە قۆناغی گروپەكاندا بە یەكەمیی گروپەكانیان گەیشتونەتە قۆناغی 16 یانەی یارییەكان، دوو یانەكەی ئەڵمانیاش بریتین لە بایرن مونشن و بروسیا دۆرتمۆند، بایرن مونشن دووەمی ریزبەندیی خولی ئەڵمانیایە و دۆرتمۆند پێنجەمە، هەردووكیشیان لە قۆناغی گروپەكاندا بە یەكەمیی گروپەكانیان گەیشتونەتە قۆناغی 16 یانەی یارییەكان، هەشتەم یانە پاریس سانجێرمانە، ئەم راستە لە خولی وڵاتەكەیدا یەكەمی ریزبەندییە، بەڵام بە دووەمی گروپی شەشەم گەیشتە قۆناغی 16 یانە، ئەوەی تێبینی دەكرێت ئەوەیە رووبەڕووبونەوەكانی نێوان یانە بەشدارەكانی ئەم قۆناغە هیچ یانەیەكیان بۆ یەكەم جار نییە رووبەڕووی ئەوی تر دەبێتەوە، بەڵكو سەرجەمیان پێشتریش پێكەوە لە قۆناغە جیا جیاكاندا رووبەڕووی یەكتر بوونەتەوە.
ریاڵ مەدرید و مان سیتی
ئەم دوو یانەیە وا جارێكی تریش لەم خولەدا پێكدەگەنەوە، وەرزی رابردوو 2022-2023 لەم خولەدا رووبەڕوی یەكتر بوونەوە، یاریی نێو سانتیاگۆ بیرنابیۆ 1-1 كۆتاییهات، بەڵام لە یاریگای مان سیتیدا، ریاڵ زۆر بە خراپی 0-4 دۆڕا، بەڵام وەرزی 2021 - 2022 كاتێك رووبەڕویی یەكتر بوونەوە، ریاڵ باڵا دەست بوو بەوەی لە یاریگای مان سیتی،  مان 4-3 براوە بوو، بەڵام لە یاریگای سانتیاگۆ بیرنابیۆ ریاڵ 3-1 یارییەكەی بردەوە، ئەم دوو یارییەش لە قۆناغی نیوەی كۆتایی و دوو یاریی پێشكۆتاییدا بوون، ئایا ئەمساڵ كام سیناریۆیان دووبارە دەبێتەوە.
بارسا و پی ئێس جی
وەك لە سەرەتاوە باسكرا، بارسا بەیەكەمی و پی ئێس جی بە دووەمی لە قۆناغی گروپەكانەوە گەیشتونەتە قۆناغی 16 یانە، ئەم دوو یانەیە لەوەرزی 2016-2017 – ەوە رووبەڕوی یەكتر نەبوونەتەوە، ئەو ساڵە 2017، لویس ئەنریكی راهێنەری بارسا و ئۆنای ئیمری راهێنەری یانە پاریسییەكە بووە، یاریی نێو پارك دو فرانس 4-0 بە سودی پاریسییەكە كۆتاییهات، بەڵام یاریی گەڕانەوەی نێو كامپ نو 6-1 بە سودی بارسا كۆتاییهات و ئەم یارییەش لە قۆناغی 16 یانەی ئەم خولەدا بوو.
رووبەڕوو بونەوەیەكی تری نێوان ئەم دوو یانەیە لەم خولەدا وەرزی 2014-2015 بووە، یاریی نێو كامپ نو بارسا 3-1 براوە بووە، یاریی گەڕانەوەی نێو پارك دوفرانسیش 2-2 بوون، ئەمە دوا دوو رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەم دوو یانەیە بووە لە چامپیۆنس لیگدا.
بایرن موشن و ئەرسناڵ
بەشێوەیەكی گشتی ئەم دوو یانەیە 12 جار لەم خولەدا رووبەڕوی یەكتر بوونەتەوە، بایرن 7 یاریی بردۆتەوە، ئەرسناڵیش 3 یاریی بردۆتەوەو لە 2 یارییشدا یەكسان بوون، بۆ دوا جار كە ئەم دوو یانەیە لەم خولەدا رووبەڕووی یەكتر بوونەتەوە، وەرزی 2016-2017 بووە لە قۆناغی 16 یانەدا، ئەنجامی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە كە رۆژانی 15/2 و 7/3/2017 كراون، بایرن مونشن 5-1 یارییەكانی چوون و گەڕانەوەی بردۆتەوە. 
ئەتلەتیكۆ مەدرید و بروسیا دۆرتمۆند
ئەم دوو یانەیەش لەم خولەدا 6 جار رووبەڕووی یەكتر بوونەتەوە، دۆرتمۆند 6 یاریی بردۆتەوە و ئەتلەتیكۆش دوو یاریی بردۆتەوەو یارییەكیش یەكسان بوون.
دوا رووبەڕوونەوەیان وەرزی 2017-2018 بووە، لە دۆتمۆند بروسیا 4-0 براوە بووە و لە مەدریدیش ئەتلەتیكۆ 2-0 براوە بووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان