کاپتنی هەڵبژاردەی لاوانی عیراقە

11:51 - 2024-03-19
وەرزش
110 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد ئەحمەد

مەروە جیان ئیحسان ساڵی 2006 لە شاری زاخۆ لە دایکبووە، تا پۆلی 9 -ی بنەڕەتی خوێندووە، لە سەرەتای ساڵی 2016 - ەوە وەرزش دەکات.
سەرەتای یارییکردنی وەک کچە یاریزانێکی فوتساڵ لە یانەی گاراوە بووە، دواتر چۆتە یانەی زاخۆ، ئێستاش لە یانەی ئافرەتانی دهۆک یاریی دەکات و ماوەیەکیش یاریی بۆ یانەی ئەلبدێر کردووە و ئێستاش یاریزانی هەڵبژاردەی لاوانی عیراقە.
سەبارەت بەوەی لە منداڵییەوە وەرزشی خۆش ویستووە، دەڵێت؛ تۆپی پێ بە خۆراک و ئۆکسجینی ژیانم دەزانم، هەر ئەمەش وایکردووە بگەمە هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق، هیواداریشم لە داهاتوویەکی نزیکدا ببم به یاریزانێکی دیارو بەرچاوی عێراق و کوردستان.
 ئەم کچە یاریزانە رای وایە بۆ پێشخستنی یاریی فوتساڵی کچان لە کوردستان هیچ پێویست ناکات یاریزانانی ناوەڕاست و باشووری عیراق بۆ یانەکانی کوردستان بهێنرێن و بەشداریی بکەن، چونکە کچانی زۆر باش و لێهاتوو لە کوردستان هەن تەنیا پێویستیان بە هاندان و پشتگیری و بەشدارییکردن لە خولەکانی کوردستاندا هەیە.
مەروە دوو گلەییشی هەیە، یەکەمیان ئەوەیە لە کوردستان هیچ گرنگییەک بە وەرزشی کچان و خانمان بە گشتی و بە فوتساڵی کچان بەتایبەتی نادرێت، دووەمیشیان ئەوەیە خێزانەکان رێگرن لەوەی کچان وەرزش بکەن و ئەمەش وەرزشی کچانی زۆر دوا خستووە.
لە کۆتاییدا ئەم کچە یاریزانە وێڕای سوپاسی ستادیۆمی کورسستانی نوێ بۆ ئەم بەسەر کردنەوەیە،  ئەوەی وت کە خولی فوتساڵی کچانی یانەکانی عیراق زۆر بەهێزترە لەخولی کوردستان و هیوادارە لێپرسراوانی وەرزشی کوردستان گرنگی زیاتر بەم وەرزشە بدەن و ئاواتە خوازە خۆی لە هەڵبژاردەی عیراقدا ببینێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان