هاندەران لە نێوان رۆشنبیری و گێرەشێوێنیدا

11:08 - 2024-03-26
وەرزش
96 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد

 
لەسەردەمانێكی زووەوە وەرزش بە هەموو جۆرەكانییەوە بۆتە پێویستییەكی گرنگ بۆ مرۆڤ، چونكە لەڕووی جەستەیی و ئاوەزییەوە گرنگی خۆی بۆ مرۆڤ هەیە. 
هاندەران و بینەران یان سەیركەرانی یارییەكان، رۆڵی ئەرێنی و نەرێنیشیان لە بەرجەستەكردنی یارییەكاندا بینیوە، بۆیە رۆشنبیركردنی هاندەر بۆ سەیركردنی یاری، گرنگی خۆی هەیە و پێویستە رەچاوی لایەنی رۆشنبیری و فكری هاندەر لەبەرچاو بگیرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت كۆنترۆڵی هەڵچوونەكانیان بكرێت ‌و لەگەڵ خواستی هەردوو یانەكەدا بگونجێت.
زۆر گرنگە بەتایبەتی لەڕووی ئەمنییەوە كۆنترۆڵی هاندەران بكرێت، هەروەها دەبێت خوێندنەوە بۆ هەموو بارێكی گونجاو و نەگونجاو بكرێت تا ئەو كێشانەی لە چەند هەفتەی رابردووی خولەکانی كوردستاندا روویاندا و دەرئەنجامی جۆراو جۆری لێكەوتەوە، رێگە چارەی گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی دووبارە رووداوی تری هاوشێوەیان روونەداتەوە.

دیاردەیەكی ناشارستانییە
حەربی خالید، سەرۆكی لقی كەركوك لیژنەی ئۆڵۆمپی عیراق، رایگەیاند: ناوە ناوە لێرە و لەوێ ئەم جۆرە رووداوانە لە یارییە وەرزشییەكاندا روودەدەن، هەر چەندە لە یاریگاکانی جیهانیشدا گەلێك كارەساتی دڵتەزێن روویانداوە قوربانیش هەبووە و بەشێكیش بریندار بوون، ئێستا لای خۆشمان ئەم دیاردەیە خەریكە پەرە دەسەنێت و بووەتە دیاردەیەكی بەرچاو و لێرەو لەوێ رووداوی دڵتەزێن روودەدات، بەڵام خۆشبەختانە تائێستا قوربانی و گیان لەدەستدان رووینەداوە، بەڵام ئەگەر بێتو یەکێتییەکانی تۆپی پێی كوردستان و عیراق سنوورێك بۆ ئەم رووداوانە دانەنێن، ئەوا كارەساتی گەورەی لێدەكەوێتەوە، دەبێت هەوڵ بدەن هاندەران بخەنە چوارچێوەیەكی رۆشنبیرییەوە و سەیركردنی وەرزش بە هەستێكی دەروونی و خۆشییەوە بێت و دوور بێت لە دەمارگیری بە هەموو جۆرەکانییەوە.

كۆمەڵگەیەک فرە چەشنە
حەربی خالید وتیشی: هەر چەندە ئەم دیاردەیە لای خەڵكی كوردستان دیاردەیەكی ناشارستانی و نامۆیە، بەڵام پێویستە بە هەند وەربگیرێت و چارەسەری پێویستی بۆ بدۆزرێتەوە تا پەرە نەسەنێت، چونكە كومەڵگەی كوردەواری فرە نەتەوە و فرە ئاینە و پێویستی بە تەبایی و ئارامی هەیە و رێكخستنی هاندەران دەبێت بچێتە چوارچێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراوەوە كە خزمەت بە هەموو لایەك بكات.

یەكەیەكی ئەمنی
لیوا كاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی كەركوكیش لەم بارەیەوە ووتی: دوای ئەو رووداوانەی ئەم داوییە كە لە یاریگاکانی كوردستان بینیمان، وەك بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی كەركوك لە هەوڵی ئەوەداین و كارمان بۆ ئەوە كردووە كە هێزێكی ئەمنی لە پۆلیس دروست بكەین كە تایبەت بێت بە پاراستنی یاریگا و یانە وەرزشییەكان و كاتی یارییكردن لە یاریگاکاندا. لە ئێستا و بۆ داهاتووش لە كاتی یاریی نێو یاریگاكانی كەركوك هێزێكی ئەمنی لە پۆلیس بڵاوە پێدەكەین و هەوڵ دەدەین لایەنی رۆشنبیریی جەماوەر پتەو بكەین.
فەرماندەی گشتیی پۆلیسی كەركوك وتیشی: ئەو هێزەی لە پۆلیس دایدەمەزرێنین دەبێت جۆرە كەسانێك بن كە هاوپەیوەستی ئەو بنەمایانە بن ‌و  ئەركەكانی خۆیان لە یارگاكان بێلایەنانە جێبەجێ بكەن.

دەستێكی نامۆ ئاژاوە دەگێڕێت
مەحمود شاكر، کە یەكێكە لە هاندەران وتی: چەند ساڵێكە وەكو ئارەزومەندێك سەردانی یاریگاكانی تۆپێ پێ دەكەم، بەڵام بەداخەوە هەست بە جوڵانەوەیەكی نامۆ دەكەم لە نێو هاندەراندا كە هەندێك جار لە ناكاو و كتووپڕ كێشە دروست دەكەن و هێزە ئەمنییەكانیش هەندێک جار ناتوانن كۆنترۆڵیان بكەن، ئەمەش هەندێجار سەر بۆ كێشەی لاوەكی دەکێشێت، هەروەك ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە یەكێك لە یاریگاكانی كوردستان و لە یەکێک لە یارییەکانی خولی پلە یەکی کوردستاندا بینیمان.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان