پسپۆڕێكی ئابووری: نرخی دۆلار دادەبەزێت

12:12 - 2024-04-15
ئابووری
69 جار خوێندراوەتەوە
د.نەدا شاكر جەودەت

پسپۆڕێكی ئابووری، پێشبینی دەكات «بەهای دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا روو لە دابەزین بكات».
د.نەدا شاكر جەودەت پسپۆڕی ئابووری و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردستانی نوێ، رایدەگەیەنێت: «وەفدی عیراق لە سەردانەكەیدا بۆ واشنتۆن، چاویان بە سەرۆكی خەزێنەی ئەمریكا دەكەوێت و چاوەڕوان دەكرێت لە زۆر بواردا لێكتێگەیشتنی باش بكرێت بەتایبەتی پارەی كاش پەیوەست بە دۆلار».
نەدا شاكر، دەڵێت: «هۆكاری بەرزبوونەوە و دابەزینی بەهای دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا دەرەكی و ناوخۆیین، لایەنە دەرەكییەكەی پەیوەندی بە حكومەتەوە هەیە كە ئێستا دەبینین هەوڵەكانی خستووەتەگەڕ و لە رابردووشدا كاریگەریی ئەرێنی ئەو هەوڵانە بینران و دۆلار لەبەرامبەر دیناری عیراقی، تا ئاستێكی باش دابەزی و سەقامگیریی بەخۆوەبینی، ئەمەش كاریگەریی باشی لەسەر نرخی كاڵا و پێداویستییەكان هەبوو لە بازاڕەكاندا، بۆیە پێشبینی دەكرێت سەردانی وەفدی عیراق بۆ ئەمریكا دەرئەنجامی باشی هەبێت بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەهێزبوونی دراوی نیشتمانی و جێگیركردنی نرخەكەی لە 1320 دیناردا، كە ئەوە خواستی تێكڕای هاووڵاتیانە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان