وەرزی پێنجەم، چیرۆكی مەینەتییەكانی ژنی كورد

09:58 - 2024-04-18
ئەدەب و هونەر
96 جار خوێندراوەتەوە

مەحموود نەجمەدین

 

نیشتمان قادریان 27ی 3 ی 1983 لە گوندی خوڕخوڕەی سەر بە شاری بۆكان لەدایك بووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە بۆكان تەواو كردووە، ساڵی 2007 لە زانكۆی مەهاباد كۆلێژی دەروونناسی تەواو كردووە، بەڵام خولیای خۆی لە چیرۆك دا بینیوەتەوە، بەدووی ئەو خەونەی خۆیدا چووە و توانیوێتی بە ماوەیەكی كەم جێگەی خۆی لە بوارەكەدا بكاتەوە و ساڵی 2019 دەستی بە چیرۆكنووسین كردووە و یەكەم بەرهەمی كۆمەڵە چیرۆكی وەرزی پێنجەمە. 




لەنێوەندی ئەدەبیاتی كوردی، بە تایبەت ژانری چیرۆك و رۆمان ژمارەی ئەو ژنانەی دەنووسن زۆر كەمن، هەم لە رۆژهەڵات و هەم لە باشووری كوردستان، هێشتا بەپێی پێویست ژنان نەهاتوونەتە پێشێ، لێرە و لەوێ چەند خانمێك هەن چیرۆك و رۆمان دەنووسن، لەكاتێكدا لە كۆمەڵگەی كوردیدا ژن دووجار قوربانییە، جارێك ژنە و جارێك كوردە، چیرۆكی بەشمەینەتی ژنانی كورد هێندە زۆرن پێویستمان بە سەدان ژن هەیە ئەو چیرۆكانە بگێڕنەوە. ژن هەم لە روانگەی سیاسییەوە هەم لە روانگەی كۆمەڵایەتییەوە ستەمی زۆر لێكراوە. دوژمنان هەمیشە و بۆ جەزرەبەدانی گەلی كورد ژنانی كوردیان كردۆتە ئامانج، بۆ نموونە ژنانی ئێزدی، ژنانی گەرمیان لە ئەنفال دا... بۆیە كاتێك ژنێك دەیەوێت چیرۆكی ژنێتی خۆی و جەزرەبە و ئێش و ئازاری خۆی بنووسێتەوە  دەبێ هان بدرێ و دەرگای بۆ بخرێتە سەرپشت. دەبێ ئەم كارە خۆیان پێی هەستن، چون خۆیان باشتر خۆیان دەنووسنەوە. 

ژنان دەبێ خۆیان بنووسنەوە 
لەم ساڵانەی دواییدا چ لە رۆژهەڵات و چ لە باشوور چەند خاتوونێك هاتوونەتە پێش و دەستیان پێونووسی گرتووە و خەریكن ئەو ماجەڕای ستەم و ناحەقییەی بەرانبەریان كراوە دەنووسنەوە. یەكێك لەو چیرۆكنووسانە نیشتمان قادریانە، كچ كوردێكی رۆژهەڵاتە وا هەستاوەتە سەرپێ و زۆر بە جوانی كار لەسەر ناخی خۆی و ژنانی هاوڕێ و هاونیشتمانییەكانی دەكات. چیرۆكی ژنان دەنووسێتەوە، یەكەم بەرهەمی نیشتمان كۆمەڵەچیرۆكێك بوو بە ناونیشانی وەرزی پێنجەم، خۆشبەختانە لە رۆژهەڵات دەنگدانەوەی باشی هەبوو، بە هیوای ئەوەی لە باشووریش بەخوێنرێتەوە. چون ئەم خانمە هەم شارەزایە بە تەكنیكی چیرۆك و دەزانێ چیرۆك بنووسێ، هەم تێمای چیرۆكەكان وێنای میحنەت و ئازاری ژنانی كوردە. 
نیشتمان یەكێكە لەو خانمە چیرۆكنووسە تازانەی توانی بە ماوەیەكی كەم جێگەی خۆی لە دڵی خوێنەراندا بكاتەوە. ئەم خانمە قەڵەمێكی جددی دنیای چیرۆكی كوردییە و توانایەكی باشی هەیە لە گێڕانەوەدا، دوای بڵاوكردنەوەی یەكەم بەرهەمی بە ناونیشانی وەرزی پێنجەم بووە جێی باسی خوێنەران و رەخنەگرانی ئەدەبیات، بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی كوردستان، وەرزی پێنجەم زۆرباش خوێنرایەوە، لە كاتی بڵاوكردنەوەیدا چەند كوڕ و سیمیناری لەسەر كرا و رەخنەگران و شارەزایانی بوارەكە وەرزی پێنجەمیان بە باشی نرخاند. چیرۆكەكانی نیشتمان هەر زوو لە دڵی خوێنەراندا جێگەی خۆیان كردەوە. بۆیە لەو ماوە كەمەدا تیرئاسا زۆر بەخێرایی بووە دەنگێكی جددی و تازەی بوارەكە و شارەزایانی بواری چیرۆك هیوایەكی زۆریان بە ئایندەی ئەم خانمە هەیە، بەرهەمەكەی لەوماوە كەمەی چاپكرا نەمایەوە و وا جارێكی دیكە چاپكراوەتەوە و بڕیار لە پێشانگای كتێبی هەولێر چاپی دووەمی بڵاوبكرێتەوە. 

 


نیشتمان یەكێكە لەو خانمە چیرۆكنووسە تازانەی توانی بە ماوەیەكی كەم جێگەی خۆی لە دڵی خوێنەراندا بكاتەوە. ئەم خانمە قەڵەمێكی جددی دنیای چیرۆكی كوردییە و توانایەكی باشی هەیە لە گێڕانەوەدا

وەرزی پێنجەم
وەرزی پێنجەم لە بڵاوكراوەكانی چاپەمەنی خانی یە، لە دووتوێی 190 لاپەڕەدایە، جەمال كاڕەشی ئەدیدیتۆری كتێبەكەبووە و ئەسرین كاكی نەخشەسازی بەرگی بۆ كردووە و ئومێد موقەدەسی نەخشەسازی ناوەڕۆكەكەی كردووە. كتێبەكە لە دوانزە چیرۆك پێكدێ، چیرۆكەكان چیرۆكی ژن و ئاریشەكانی ژنە لە كۆمەڵگەی كوردیدا. نیشتمان قادریان لە كۆمەڵەچیرۆكی وەرزی پێنجەم دا، كە نۆبەری نووسینێتی توانا و سەلیقەی دەركەوتووە، هەم وەك زمان بە كوردییەكی ڕەوان دەنووسێ و هەم شارەزای  هونەری گێڕانەوەیە، بە كوردییەكی زۆرجوان، زۆر بەباشی چیرۆكەكانی دەگێڕێتەوە  و لەو چیرۆكنووسانەیە دەزانێ چۆن و چی دەگێڕێتەوە، چیرۆك لەم بەرهەمەدا چیرۆكە و نەچووە بەلای فەلسەفە یان شەرحی زیادە و ئامۆژگاری و وەسفی ناپێویست، لە چیرۆكەكاندا زیادەڕەوی نابینرێ، چیرۆكە بە مانای چیرۆكی هونەریی. لە زاری ژنێكەوە ماجەرای ئەو ژنە بەدبەختانەی كورد دەگێڕێتەوە كە بەهۆی دواكەوتوویی كۆمەڵگاوە دەچەوسێنرێنەوە و قوربانی سیستمێكی كۆن و چەقبەستوون، نیشتمان چیرۆكی ئەو ژنانە دەگێڕێتەوە كە كەوتوونەتە نێو ئەو دۆزەخەوە.

«خەونی دەدی ماڵی ڕەسوو ئاغای سووتاندووە.» 
«خەونی دەدی ماڵی ڕەسوو ئاغای سووتاندووە.» نووسەر بەم رستەیە دەست پێدەكات و دەچێتە نێو كۆمەڵێك رووداو و بەسەرهاتەوە و بە وشە وێنەی ژنانی بەش مەینەت دەكێشێ. لەپاڵ شارەزابوون بە هونەری گێڕانەوە، خاڵی گرنگ تێمای چیرۆكەكانی نیشتمان هەم بارودۆخی ژیانی كوردەواری لە رۆژهەڵات و هەم  چیرۆكی ژنانە و گوزارشت لە ئاریشەكانی ژن دەكات و هاوكات وێنەی پیاوی كوردی و بیركردنەوەیان. چۆن بیر دەكەنەوە؟ ژن لە روانگەی پیاوانەوە چین و چۆن سەیر دەكرێن؟... نیشتمان ژیرانە پەنجەی خستۆتە سەر برین و كێشەكانی ژن لە كوردەواریدا، بەڵام بە زمان و بە تەكنیكی چیرۆك، نەك وەك وتار. بەڵكو بە گێڕانەوەیەكی هونەریی بابەت و ناوەڕۆكی چیرۆكەكان دەباتەوە بۆ ئەو جیهانەی خۆی و هاوسەردەمەكانی و چیرۆك رەنگ و بۆی ژنانەیان پێوە دیارە، لەم سۆنگەیەوە وەرزی پێنجەم دەكرێ وەك گێڕانەوەیەكی ژنانە ئەژمار بكرێ و لە سەرجەم چیرۆكەكاندا گێڕانەوەیەكی پوختە و پتەو  بە زمانێكی ڕەوان و پاراوە وا لە خوێنەر دەكات یەك یەك بیانخوێنێتەوە بە دووی هێڵی گێڕانەوەدا بڕوا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان