زۆریی رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە جێگەی گومانن

328 حاڵەتی ئاگركەوتنەوە لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی هەولێر لە ساڵێکدا

09:57 - 2024-04-30
ڕاپۆرت
183 جار خوێندراوەتەوە
#کوژاندنەوەی ئاگر لە بازاڕێکی هەولێر

راپۆرتی/ تەها عەبدوڵڵا



ئاگركەوتنەوە و سووتانی بازاڕ و شوێنە گشتییەكان لە هەولێر خەریکە وەک دیاردەی لێ دێت و بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بە کاسبکاران و خاوەن دوکانەکان گەیشتووە و دەڵێن، ئەوەی چەندین ساڵە پێکەوەیان ناوە بەهۆی ئاگر کەوتنەوەوە بە چەند خولەکێک لە دەستی دەدەن.
خالید ئیسماعیل خاوەنی یەکێک لە دوکانە سووتاوەکانی بازاڕی لەنگەی هەولێرە وتی: ئێمە نازانین بۆ هەمووکات لایەنی بەرپرس دەڵێت: هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکانی بازاڕی لەنگە شۆرتی کارەبایە، لەكاتێكدا بازاڕی لەنگە دوای سووتانی یەكەم لە ساڵی 2018 بە باشترین شێوە سیستمی كارەبای بۆ دانراوە.
وتیشی: کاتی ئاگرکەوتنەوەکە تیمەكانی بەرگریی شارستانی وەك پێویست فریای کوژاندنەوە و تەشەنەنەسەندنی ئاگرەکە ناکەون، ئەمە جگە لەوەی هیچ چاودێرێك دانانرێ بۆئەوەی لەكاتی رووداوی لەوجۆرەدا  دزی لەو كەلوپەلانە نەكرێت كە رزگاركراون، وەك ئەوەی لە سووتانی دووەم جاری بازاڕی لەنگەدا بینیمان بەشێک لە دوکاندارەکان دزییان لێکرا.

گومانی خاوەن دوکانەکان
بەشێك لە خاوەنی دوکانە سووتاوەکان گومانیان هەیە لەوەی كارەبا هۆكاری سەرەكی ئاگركەوتنەوەكان بێت، بە تایبەتی کاتێک دەبینن زۆربەی رووداوەكانی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕە میللییەکاندا روو دەدەن، گلەیی ئەوەش دەكەن لەگەڵ ئەو زیانە زۆرەی لێیان دەكەوێت قەرەبوو ناكرێنەوە، یان لایەنی بەرپرسیار لەو رووداوانە دەستنیشان ناكرێت.
ئەیمەن عەبدولخالق كاسبكارێکە لە بازاڕی شێخەڵڵا دەڵێت: ئەوەی لەم بازاڕەدا كاردەكات هەموو كاسبکارن و توانایەكی مادی دیاریكراویان هەیە، بۆیە كاتێك رووداوێكی ئاگركەوتنەوە لە بازاڕەکەدا دروست دەبێت زیانی زۆرمان پێدەگات و بەشێكی زۆری سەرمایەكانمان لەدەست دەدەین.
وتیشی: ئەگەر راستەو هۆكارەكانی ئاگرکەوتنەوە شۆرتی كارەبایە، با لایەنی سەرپێچیکار ‌و  كەمتەرخەم سزا بدەن بەر لەوەی ماڵی خەڵك وێران ببێت.
سەبارەت بە گومانی کاسبکاران کە بە ئەنقەست ئاگر لە بازاڕەکاندا کرابێتەوە، سیراج تەیفور وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر دەڵێت: ئەو تۆمەتانە رەتدەكەینەوە كە باس لەوەدەكرێت هۆكاری شاراوە هەبێت لەپشت ئاگرکەوتنەوەکانەوە، چونكە لیژنەی تایبەتمەند بەدواداچوون بۆ رووداوەکان دەکات و دواتر ئەنجامەکان رادەگەیەنرێت و هیچ شتێک ناشاردرێتەوە.
ئەوەی زیاتر گومانی لەلای خاوەن دوكان و كاسبكارانی بازاڕەكانی هەولێر دروست کردووە و نیگەرانی کردوون دووبارەبوونەوەی حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوەیە لە ماوەیەکی کەمدا،  بەتایبەتی کە دەبینن هەر لەمساڵدا بۆ سێیەم جار بازاڕی لەنگە دەسووتێت و بازاڕەکانی شێخەڵڵا و نیشتمان گڕ دەگرن و بەهۆیەوە زیانێكی زۆر بە خاوەن دوکانەکان گەیشتووە.
ئەحمەد كەریم كاسبكارێكی ترە لە بارەی سووتانی دوكانەكەی لە بازاڕی لەنگە وتی: ماوەی چەند ساڵێكە كاردەكەین و بڕێك پارەمان کۆکردبۆوە، بەڵام بەهۆی سووتانەوە دەبێت لە نۆژەنكردنەوەی دوكانەکانماندا خەرجی بكەین.
وتیشی: ئەگەر هەر مەبەستێك هەیە بۆ چۆڵكردنی بازاڕی لەنگە باپێمان بڵێن تا لەوە زیاتر زیانمان پێ نەگات، چونكە وەک کاسبکاران ئەو گومانەمان هەیە و پێمانوایە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی بازاڕی لەنگە نەمێنێت.

وتەبێژی بەرگریی شارستانی: 
ئەو تۆمەتانە رەتدەكەینەوە كە باس لەوە دەكرێت هۆكاری شاراوە هەبێت لەپشت ئاگرکەوتنەوەکانەوە

 

ئاگرکەوتنەوەکان لەڕووی تەکنیکییەوە
سیراج تەیفور وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند:  لە ماوەی چوار مانگی ئەمساڵدا لە هەولێر 328 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، بەجۆرێك لە مانگی یەكدا 80‌ حاڵەت،  لە مانگی دوودا 91 حاڵەت لە مانگی سێدا 91‌ حاڵەت و  لە مانگی چواردا 66 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون.
وتیشی: هۆكاری زۆربەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە شۆرتی كارەبا بووە، كە بەهۆی كەمتەرخەمی و بوونی كەموكوڕیی لە سیستمی كارەبای ئەو شوێنانەدا كەوتۆتەوە.
سەبارەت بە هۆكاری ئاگركەوتنەوە بەهۆی كێشەی كارەبا لە رووی تەكنیكییەوە، گۆران ئیسماعیل ئەندازیاری كارەبا بۆ كوردستانی نوێ وتی: بەڵێ زۆر حاڵەتی ئاگركەوتنەوە بەهۆی كێشە ‌و  كەموكوڕییەكانی سیستمی كارەباوە  سەرهەڵدەدات، لەوانە خراپی ئەو بگۆڕەی لەنێوان كارەبای موەلیدە و نیشتمانیدا دادەنرێت،  چونكە لەكاتی گۆڕینی كارەبا ئەو بگۆڕە شۆڕت دەكات یان دەتوێتەوە ‌و دەبێتە هۆی ئاگركەوتنەوە.
وتیشی: نزمی کوالێتی کەلوپەلەکانی کارەبا وادەکات زۆر بەرگە نەگرێت و ببێتە هۆکاری تر بۆ ئاگرکەوتنەوە، بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو حاڵەتانەی ئاگركەوتنەوە پێویستە لەكاتی داخستندا دوکانداران سەرجەم ئامێرەكانی كارەبا بكوژێننەوە.

ئابووریناسێک: رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان وادەکات جموجوڵی ئابووری و بازرگانی لەو شوێنانەدا پەكی بكەوێت

زیانە ئابوورییەکانی ئاگرکەوتنەوە
هەروەها لەبارەی كاریگەریی سووتانی بازاڕ و دوكانی كاسبكاران لەسەر بژێوی ژیانی خاوەنەكانیان و هاووڵاتیان بەگشتی، رەمزی گۆمەشینی ئابووریناس وتی: بە دڵنیاییەوە رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان وادەکات جموجوڵی ئابووری و بازرگانی لەو شوێنانەدا پەكی بكەوێت و ئەوەش زیان بەکۆی پرۆسەی کڕین و فرۆشتن دەگەیەنێت.
وتیشی: جگە لەوەی لە كاتی ئاگرکەوتنەوە زیانێكی ماددیی زۆر بەر خاوەن دوكانەکە دەكەوێت، هاوكات ژمارەیەك كاسبكاری تر کە وەک کارمەند یان کرێکار کاردەکەن بێکار دەمێننەوە و زیان بە بژێویی ئەوانیش دەگات، بۆیە پێویستە لەو حاڵەتانەدا حکومەت قەرەبووی زیانلێکەوتوان بکاتەوە تابتوانن زوو دەست بکەنەوە بە کارکردن.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان