كەشتییەكەی سیسیوس گەشتێك بەناو دەریای فەلسەفەدا

بوێرە ئەقڵت بەکاربهێنیت!

10:45 - 2025-05-01
ئەدەب و هونەر
366 جار خوێندراوەتەوە

(23)

(کانت) دەڵێت: ئەمە دروشمی رۆشنگەرییە! بەڵام بەراست کەس هەیە ئەقڵی خۆی بەکارنەهێنێت؟ لەڕاستیدا بەڵێ! سەیرێکی دەوروپشتی خۆت بکە، بزانە چەند زۆرن ئەوانەی تا ئێستا ئەقڵیان بە لۆکی ماوەتەوە. (کانت) دەڵێت: «رۆشنگەری بریتییە لە دەرچوونی مرۆڤ لەو ناکامییەی بەسەر خۆیدا سەپاندوویەتی.» واتە ئەوە مرۆڤەکانن کە خۆیان نایەنەوێت بیربکەنەوە، خۆشخەیاڵانە و بێ بیرکردنەوە دەژین. 
لە هەندێک وەرگێڕاندا وشەی ‹منداڵێتی› لە بری ‹ناکامی› بەکارهاتووە، بە بڕوای من ئەمە دروستترە، چونکە (کانت) خۆی دواتر  روونیدەکاتەوە کە سروشت مرۆڤەکانی لەوە رزگار کردووە چیتر منداڵ بن، بەڵام خۆیان نایانەوێت لەو قۆناغە دەربچن.

 

کێن ئەوانەی کە نایانەوێت گەورە ببن؟ بێگومان ئەوانەی کە ئەقڵیان بەکارناهێنن، بەڵام ئەمانە کێن؟ ئەمانە خەڵکانێکن کە لێگەڕاون خەڵکی دیکە لەجیاتی ئەوان بیربکەنەوە. لە کوێ ئەمانە دەبینیت؟ باشترین جێگا بۆ گەڕان بە دوای ئەوانەدا کە ئەگەرچی بە لاشە گەورە بوون، تەمەنیان چۆتە سەرەوە، کەچی خۆشحاڵن بەوەی هەروا بە منداڵی بمێننەوە، پەرستگایە!
سەرنجێکی پەرستگا بدە: کەشیشێک لە بەرزاییەکەوە، مێزەرێک، جامانەیەک، کڵاوێکی تایبەتی پۆشیوە و بە ئارەزووی خۆی قسە دەکات؛ قسە لەبارەی هەموو شتێکەوە دەکات: بۆ نموونە پزیشکی، فەلەک، زانستە وردەکان؛ بێ ئەوەی خۆی هیچیان دەربارە بزانێت، یاخود شتێکی زۆر سەرپێی دەربارەیان دەزانێت. کەچی لەبەر پێیدا پزیشک و فەلەکناس و پسپۆڕی بوارە جیاجیاکان دانیشتوون و گوێیان بۆ شل کردووە، بێ ئەوەی بۆ ساتێک بیربکەنەوە لەوەی ئەو کەشیشە هیچ دەربارەی بابەتەکان نازانێت. بۆ نموونە، کەشیشەکە زۆر بە ئاسوودەیی باسی ئەوەیان بۆ دەکات کە زەوی تەختە؛ ئەوانەی لە بەرپێیدا خۆیان کڕکردووە بۆ ساتێکیش ناپرسن: بەڵام چۆن؟ تۆ چۆن دەزانیت زەمین تەختە؛ پشتت بە کام زانیارییانە بەستووە؟ ئەمانە ئەو کەسانەن کە (کانت) بە منداڵ ناویان دەبات. کەواتە (منداڵەکانی کانت) ئەوانەن کە بە قۆناغی سروشتی خۆیاندا تێپەڕیون و گەورە بوون، بەڵام لە رووی ئەقڵییەوە بە منداڵی ماونەتەوە. ئەمانە بڕوا بە هەموو جۆرە خورافیاتێک دەکەن؛ بۆ نموونە ئەگەر لەکاتی ئامادەبوونیاندا لە پەرستگا، یەکێک لە کەشیشەکان پێیان بڵێت: بزنێک لە شارەزوور شیعری وتووە، یەکسەر بڕوا دەکەن، رێک وەک ئەو منداڵەی باوکی چیرۆکی بزنە شاعیرەکەی بۆ دەگێڕێتەوە. 
دەبینیت! (کانت) و بیرمەندانی سەردەمی رۆشنگەریی زۆر بە باشی دەیانزانی ئەو منداڵانە کێن! زۆر بە ئاگاییەوە کاریان دەکرد و دەیانزانی لەگەڵ کێدا تێکەوتوون و دەبێت چی بکەن. ئەوان دەیانزانی ئەو منداڵە بە لاشە گەورانە، زۆر بە ئاسانی خۆیان تەسلیمی هەموو دەسەڵاتێک دەکەن، جا چ ئاینی بێت، یاخود دنیایی. قەت لە تەلەفیزیۆنەوە گوێت لێ بووە کەسێک بڵێت: «حکومەت باوکی گەلە؟»، باشە ئەگەر حکومەت باوکی گەل بێت، کەواتە گەلیش منداڵەکانی ئەو باوکەن و بۆی هەیە بە ئارەزووی خۆی هەڵیان بسوڕێنێت. ئەمانە خۆیان حەزدەکەن وەک منداڵ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

 

کارەکە ئەوەندەش قورس نییە؛ هەر ئەوەندەی بەسەر چاڵێکی بچووکدا بازت دا، ئیتر تێدەگەیت کە تۆ ئەوەندەش لاواز نیت؛ دەتوانیت خۆت لەو کۆت و پێوەندە دابماڵیت کە لە باپیرانتەوە بە میرات بۆت ماوەتەوە

 

سەرنجی ئەم وتەیە بدە کە لە تەوراتدا هاتووە: «بە تەواوی دڵت متمانە بە پەروەردگارت بکە، پشت بە ژیریی خۆت مەبەستە.»، بێگومان رستە نێودارەکەی ناو ئاینی مەسیحییشت بیستووە: «ئەی باوکی ئێمە لە ئاسمان»، دوای ئەم قسەیە شوکرانەبژێریی خۆیان دەردەبڕن و داوای لێدەکەن بیانپارێزیت.
لێرەوە دەگەمە لای خاڵێکی دیکە، کە (کانت) زۆر وریایانە ئاماژەی بۆ کردووە: هۆی بیرنەکردنەوەی مرۆڤەکان، هۆی ئەوەی ئەقڵیان بەکار ناهێنن دوو شتە: تەمەڵی و ترسنۆکی. ئەمانە تەمەڵن، نایانەوێت خۆیان بڕەنجێنن، چونکە بیرکردنەوە باجی خۆی هەیە؛ پرۆسەیەکی قورسە مرۆڤ تووشی دڵەڕاوکە دەکات و وای لێدەکات پرسیار بکات، خۆشت دەزانیت پرسیارکردن زۆرجار مرۆڤەکان دەخاتە کێشەوە؛ ئەی سۆکرات لەسەر پرسیارکردن ژەهرخوارد نەکرا؟ هەربۆیە زۆربەی ئەوانەی ئەقڵیان بەکارناهێنن، لە پرسیارکردن دەترسن.
شتێکی خۆشت پێ بڵێم: جارێکیان کەشیشێک لە کاتی قسەکردنیدا لە پەرستگا بەو منداڵانەی لەبەرپێیدا دانیشتوون دەڵێت: ‹ئەقڵ کەرێکە سواری دەبیت تا دەگەیتە بەردەمی پەرستگا. لەوێدا دەیبەستیتەوە و خۆت بە تەنها دەچیتە ژوورەوە› یانی چی؟ یانی بە بێئەقڵی دەچیتە ژوورەوە، چونکە ئەقڵ کەرە؛ تۆش نابێت کەر بیت. کەر هی ئەوەیە ببەسترێتەوە، پێویست ناکات لەگەڵ خۆت بیهێنیت بۆ پەرستگا. تۆ دەزانیت ئەو منداڵانەی کە ناوێرن ئەقڵیان بەکاربهێنن، بەمجۆرە قسانە شاگەشکە دەبن و هەست ناکەن هیچ جۆرە سووکایەتییەکیان پێکرابێت. هەربۆیە (کانت) دەڵێت «منداڵێتی / کاڵفامی / ناکامی .... هتد ئەوەیە، نەوێریت ئەقڵی خۆت بەکاربهێنیت بێ رێنمایی کەسانی دیکە.»

 

تۆ ئەو منداڵەیت؟ من گومانم هەیە؛ راستییەکەی بیرنەکردنەوە، بەکارنەهێنانی ئەقڵ، غەفڵەت و گەوجێتی چێژی خۆیان هەیە. (کانت) بە گاڵتەپێکردنەوە روودەکاتە ئەو کەسانە و دەڵێت: تۆ پێتوایە کتێبی پیرۆز لە جیاتی تۆ بیردەکاتەوە؟ پزیشک پێت دەڵێت چی بخۆیت و چی نەخۆیت، جارجارەش دەست دەکەیت بە گیرفانتدا و بڕێک پارە دەدەیت کە بە ناوی جیاجیاوە لێت وەردەگرن. ئیتر خەیاڵت ئیسراحەت دەکات و وادەزانیت ژیانێکی خۆش دەژیت. تۆ سەیرت کردووە زۆربەی منداڵەکانی پەرستگا هەژارن، کەچی کەشیشەکان زۆر دەوڵەمەندن. نموونەیەکت پێ بڵێم: کەشیشێک هێلکەیەکی خستبووە گیرفانی و لە رۆژانی ئامادەبوونی منداڵەکان لە پەرستگا دەریدەهێنا و دەیووت: «سەیری ئەم موعجیزەیە بکەن لەسەر ئەم هێلکەیە ناوی باوکی ئاسمانمان نوسراوە. ئەمە نامەیەکە لە باوکمانەوە بۆ ئێوە تا هۆشتان بێتەوە سەرتان.» منداڵەکانیش هەموو دڵیان پڕ ببوو، فرمێسک بە چاوەکانیاندا دەهاتە خوارەوە، بێ ئەوەی یەکێکیان بیربکاتەوە و بپرسێت: باشە باوکی ئاسمان هیچی نەدۆزییەوە لێوەی خۆی پیشانی ئێمە بدات، هێلکەیەک نەبێت کە لە شوێنی ریقنەکردنەوە دێتە دەرەوە؟»
بەڵێ! (کانت) لە بڕگەیەکی زۆر دڵگیردا، دەڵێت: لە هەموو لایەکەوە گوێتان لە دەنگێک دەبێت پێتان دەڵێت: بیرمەکەنەوە! ئەفسەری جەنگ پێت دەڵێت: «بیرمەکەرەوە لە جیاتی ئەوە سەنگەرەکە لێبدە؛ کارمەندی باج وەرگرتن دەڵێت: بیر مەکەرەوە پارە بدە. کەشیش پێت دەڵێت: بیر مەکەرەوە باوەڕبهێنە.»
من نازانم، بەڵام وەک دەڵێن؛ کەشیشەکە ئیستا زۆر دەوڵەمەندە و باخێکی تایبەت بە خۆی هەیە و منداڵەکانی لەناو نەهامەتی خۆیاندا جێهێشتووە. دوای ئەوەی بە ئامانجەکانی خۆی گەیشت، ئیتر بۆ یەکجاریش خۆی ماندوو نەکردووە تا سەرێک لە منداڵەکان بداتەوە و هەر هیچ نەبێت سڵاوێکیان لێبکات. (کانت) ئەوانەی بینیوە، زۆر لێیان ورد بۆتەوە، بۆیە دەڵێت: «ئەوانە مێگەلن و خەڵکانێک بە ئاسانی لێیان دەخوڕن و نازی ئەوەشیان بەسەردا دەکەن کە خزمەتیان دەکەن. دەشیانترسێنن بەوەی هەر مەڕێک لە مێگەلەکە داببڕێت گورگان خواردوو دەبێت.» نموونەشیان بۆ دەهێننەوە کە جارێک لە جارەکان مەڕێک ویستی لە مێگەلەکە دەربچێت، بەڵام سەری تیاچوو. منداڵەکانیش بە یەک دەنگ هاوار دەکەن: «چوارپێ باشە، دوو پێ خراپە!»
زۆرجار ئەم مرۆڤە خۆشخەیاڵانە، ئەمانە کە دێنە دنیاوە و گەورە دەبن و تێدەپەڕن بێ ئەوەی بۆ ساتێکیش ئەقڵی خۆیان بەکاربهێنن، پێکەوە کۆدەبنەوە و بە یەکتریی دەڵێن: «کاکە حەشرکردنیش بە کۆمەڵ جەژنە.» قابیلە ئێمە چیمان لەو هەموو مێگەلە زیاترە. سەرنجتداوە مێگەل کە بە رێگادا دەڕۆن سەریان بۆ زەوییەکە شۆڕدەکەنەوە و بەرانەکەی پێشەوەش میز دەکات بە رێگاکەدا و ئەمان بە بۆنی میزەکەی ئەودا رێگاکە دەناسنەوە. هەرکاتێک یەکێکیان باڕەیەکی ناڕەزایی لێ بەرز ببێتەوە، کەشیشەکان دەڵێن: ئەوە وەسوەسەی شەیتانە! وریای خۆتان بن، شەیتان فریوتان نەدات.
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بڵێم: (کانت) ئەوەندەش نائومێد نییە، هیوای بەوەیە رۆژێک لە رۆژان مێگەلەکە لە بەرانەکەیان یاخی ببن و بتوانن بۆ خۆیان بیربکەنەوە، چونکە ‹رۆشنبوونەوە قابیلی ئەوە نییە خۆمانی لێ لابدەین›. کارەکە ئەوەندەش قورس نییە؛ هەر ئەوەندەی بەسەر چاڵێکی بچووکدا بازت دا، ئیتر تێدەگەیت کە تۆ ئەوەندەش لاواز نیت؛ دەتوانیت خۆت لەو کۆت و پێوەندە دابماڵیت کە لە باپیرانتەوە بە میرات بۆت ماوەتەوە. رۆژێک هەر دەبێت زنجیرەکە بپسێنیت و لە ئەشکەوتەکە بێیتە دەرەوە و بە چاوی خۆت رووناکی خۆر ببینیت و بۆت دەربکەوێت سێبەرەکانی سەر دیواری ئەشکەوتەکە هەمووی وەهم بوو، ئەوە جیهانی راستەقینە نەبوو. 
تۆ بێئەقڵ نیت؛ بەڵکو بێئەقڵ کراویت؛ بۆ ئەوەی بتوانیت ئەقڵت بەکاربهێنیت، تەنها یەک شتت پێویستە: ئازادیی. هەر لەبەرئەوەشە کەشیشەکان زۆر لەم چەمکە دەترسن.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان