بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوونەوە کە ئێستا بەشێوەیەکی سەرەتایی بڵاوبووەتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵدان تا رێگری لێ بکەن و کاریگەریی زیانە گیانییەکانی، کەم بکەنەوە.
لەو بارەیەوە، بەڕێوبەرایەتیی ڤێتێرنەریی گەرمیان رایگەیاندووە: هەڵمەتێکیان بۆ شۆردنەوەی ئاژەڵ دەستپێکردووە، ئەوەش بە مەبەستی لەناوبردنی مشەخۆرە دەرەکییەکانی وەک (گەنە)، ئەم هەوڵەش بۆ رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە سنوورەکەدا.
هەر لەو بارەیەوە، بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستیی رزگاری لە خانەقین، ئاماژە بەوە دەكات كە ئامادەكاریی تەواویان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای خوێنبەربوون كردووە.
غالب مەڵەكشاهی، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، وتیشی: راستە تائێستا هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە پەتای خوێنبەربوون لە خانەقین تۆمارنەكراوە، بەڵام ئێمە بە باشمانزانی ئامادەباشی بكەین.
سەبارەت بە ئامادەباشییەكانیش، رایگەیاند: رێنمایی پێویست بە هاووڵاتیان دەدرێت و هۆشیاریی لەبارەی نەخۆشییەكەوە بڵاودەكرێتەوە، تا لە حاڵەتی دەركەوتنی نیشانەكانیدا، تیمە تەندروستییەكان ئاگاداربكرێنەوە.
ئارۆ سامان
حسێن عەزیز