«لێكۆڵینەوەی جددی لە ئاگرەكەی قەیسەری هەولێر بكرێت»

ئەندامێكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگا: دەبوو رووداوەكانی رابردووی بازاڕەكانی شارەكە بەهەند وەربگیرێن

11:58 - 2024-05-07
کوردستان
105 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا




ئەندامێكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، رایدەگەیەنێت: دووبارەبوونەوەی ئاگركەوتنەوە لە بازاڕەكانی هەولێردا، جێگای گومانە. ئاماژە بەوەش دەكات كە بۆ ئەو هەموو رووداوەی لە ماوەی كەمی رابردوودا روویانداوە، دەبوو ئیدارەی شارەكە ئامادەكاریی زیاتر بكات.

رووداوەكە جێی گومانە و دەبوو رێوشوێنی باشتر بگیرایەتەبەر
نیار عوزێری ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، دەڵێت: لە سووتانی بازاڕی قەیسەری  هەولێر، ژمارەیەكی زۆر دوكان سووتاوە، وتیشی: دەبوو پێشتر ئیدارەی شارەكە و بەرگریی شارستانی، رێوشوێنی باشتریان بگرتایەتەبەر و سیستمی ئاگركوژێنەوەی زۆر پێشكەوتوو جێگیربكەن، تا رووداوەكە كەمترین زیانی لێبكەوێتەوە، بەتایبەتی دوای دووبارەبوونەوەی رووداوی لەو جۆرە لە بازاڕی لەنگە و شێخەڵڵا و بازاڕی نیشتمان لە هەولێر، كە زۆربەیان لە شەودا بوون و رووداوەكانیش جێگەی گومانن.
كاریگەریی زۆری دەبێت
راشیگەیاند: سووتانی بازاڕێكی دێرینی وەك قەیسەری، كە بەكۆنترین بازاڕی شارەكە لەدوای قەڵات دادەنرێت، جێگای گومانە و پێویستە لایەنی پەیوەندیدار لێكۆڵینەوەی جددی بكات و لایەنی كەمتەرخەم و تاوانبار توندترین سزا بدرێن. تەئكیدیشیكردەوە كە «رووداوی لەو جۆرە كاریگەریی زۆری لەسەر جموجوڵی بازرگانی و كار و كەسابەتی خەڵكی هەولێر دەبێت، بەوپێیەی دەكەوێتە چەقی شارەوە و رۆژانە هاتوچۆی زۆری تێدایە، بۆیە پێویستە هەرچی زووە نۆژەبكرێتەوە و كاسبكاران بگەڕێنەوە و سنوورەكە ئاوەدانی بۆ بگەڕێتەوە.
سەعات 9ی شەوی یەكشەممە 5/5/2024 بەهۆكارێكی نادیار ئاگر لە بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر كەوتەوە و بەهۆیەوە نزیكەی 300 دوكان سووتان.

راگەیاندنی زیانەكانی ئاگرەكە
لەبارەی زیانەكانی ئاگرەكەوە، پارێزگاری هەولێر، لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بە دوایین ئامارەكانی زیانی ئاگرەكەی بازاڕی قەیسەری كردووە، كە لە كۆی زیاتر لە چوار هەزار دوكان، 227 دوكان و حەوت كۆگای بچووك سووتان و زیانیان پێگەیشتووە.
بەپێی راگەیەنراوەكەی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، دوای خەمڵاندنی زیانەكان، پاككردنەوەی تەواوی بازاڕەكە دەستپێكراوە و لیژنەیەكیش بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە پێكهێنراوە و دەرئەنجام لێكۆڵینەوەكانیش ئاشكرادەكرێن.
سەبارەت بە زیانی ئاگرەكە، پارێزگار وتی: بەهۆی قەرەباڵغی لە شوێنی رووداوەكە، 132 كەس لە ئەفسەر و كارمەندانی بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، كاسبكار و هاووڵاتی، برینداربوون و بەهۆی دووكەڵی ئاگرەكەوە تەندروستیان تێكچوو، هەرزوو لەلایەن تیمەكانی تەندروستی لە شوێنی رووداوەكە 117 كەسیان چارەسەركراون و 15 كەسی دیكەش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتن.

وەزارەتی كارەبا: بەڵگە نییە رووداوەكە پەیوەندی بە شۆرتی كارەباوە هەبێت
لەبارەی رووداوەكەوە، وەزارەتی كارەبای هەرێم بڵاویكردۆتەوە، كە «لیژنەی لێكۆڵینەوەی رووداوە نەخوازراوەكانی وەزارەتمان، سەردانی بازاڕەكەیان كرد و لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا هیچ بەڵگە و ئاماژەیەكی روون دەرنەكەوتووە كە هۆكاری سووتانی بازاڕەكە پەیوەندی بە كارەباوە هەبێت».

#هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان