چیرۆک

خۆپیشاندان

11:02 - 2025-05-01
ئەدەب و هونەر
84 جار خوێندراوەتەوە
خۆپیشاندەران هاواریان کرد: عەتر و گوڵ و كەمانچە، كارگە بكرێتە باخچە


كوردەوان محەمەد سەعید


ئەوانەی بەشداربوون لە خۆپیشاندانەكەدا زۆربەیان گەنج بوون، زۆر رژد و جەسورانە هاواریان دەكرد و دروشمەكانیان دەوتەوە. بە هەموو توانایان هاواریان دەكرد و داوایان دەكرد: كارگەی چیمەنتۆ و ناوەڕاستی شاریان نەوتووە، دەبێ بڕوخێنرێ و شوێنەكەی بكرێت بە باخچە. ئەوان دروشمێكیان زۆر دووبارە دەركردەوە،  ئەمە بوو: عەتر و گوڵ كەمانچە، كارگە بكرێتە باخچە.
سیروانە رەش لەسەر كورسییەك لە بانیژەكەی خۆیان دانیشتبوو، بانیژەیەكی بچووك بوو، ماڵەكانی ئەو باڵەخانانە هەموویان وابوون، یەكی بانیژەیەكی بچووكیان هەبوو روو بە دەرەوە. ماڵی ئەمان لە نهۆمی چوارەم بوو، كە لە بانیژەكە دادەنیشت گەڕەك و ناوچەكەی بە جوانی لێ دیار بوو، بەردەمی ئەو ریزە باڵەخانەیە پانتاییەكی كراوە بوو، باخچەیەكی پەژموردەی لێ بوو، جگە لە ریزێك سنەوبەر لای چەپی بینینی ئەمانەوە، درەخت و پەرژین و گژوگیای دیكە، كە لەو ناوە بوون، بێ خزمەتییان پێوە دیار بوو.
لەولا باخچەكەوە ریزێك دوكان و قوتابخانەیەك و مزگەوتێكی بچكۆلە هەبوون. ریزە دوكانەكە ئێواران شوێنی كۆبوونەوەی گەنجانی گەڕەك بوو، كافتریایەك هەموو ئێوارەیەك بەردەم دوكانەكەی ئاوپڕژێن دەكرد و كورسی و مێزەكانی دەهێنایە دەرەوە، شەوان تا درەنگ ئەگەر لەو نزیكانە بوویتایە گوێت لە قوڵتەقوڵتی نێرگەلەكێشان دەبوو، لەو دیو ریزە دوكان و قوتابخانە و مزگەوتەكەوە شەقامێكی فراوان بوو، لەوبەر شەقامەكەشەوە دیوارێكی بەرز پانتاییەكی زۆری بینینی گرتبوو، ئەوە دیواری كارگەكە بوو.
سیروانە رەش لەسەر كورسییەكەی خۆیەوە لە بانیژەكە سەیری دیمەنەكەی دەكرد و خۆپیشاندانیش بەردەوام بوو، خۆپیشاندەران لەمەوە دیار نەبوون، بەڵام گوێی لە هاتوهاواریان بوو. پێنج رۆژە لەسەر یەك گوێی لەم هاتوهاوارایە، ئەمڕۆ خۆپیشاندان زۆر توندترە و هێزەكانی بەرگری شارستانی و پۆلیس و ئاسایش و ژمارەیەكیش ئامبوڵانس لەو ناوەن، هێزەكانی بەرگری شارستانی بە ئاوپڕژێن دەیانویست بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن. خۆپیشاندەران كە زۆریان بۆ هات، شەقامەكەیان جێهێشت و هاتنە بەردەم ریزە دوكان و قوتابخانە و مزگەوتەكە، بەمەش خۆپیشاندانەكە لە ماڵی سیروانە رەش نزیك بووەوە و ئێستا لە زۆربەی هاتوهاوارەكەیان تێدەگەیشت. هێزەكانی بەرگری شارستانی و ئاسایش و پۆلیس دەیانویست بە هەر رێگایەك بێت كۆتایی بە خۆپیشاندانەكە بهێنن، لە بەردەم مزگەوتەكەدا وەكو شەڕی دەستەویەخەی لێهاتبوو، ئەوان بە ئاوپڕژێن و بە كوتەك و بە دار و شەق و زللە تەنگیان بە خۆپیشاندەران هەڵچنیبوو، بەڵام خۆپیشاندەران تا دەهات ژمارەیان زیادی دەكرد، كۆڵیان نەدەدا. دوو ئاسایش پەلاماری خۆپیشاندەرێكیاندا و دەیانویست ئەو دروشمەی لێ بستێنن كە لەسەر پەڕۆیەكی گەورە نووسرابوو. ئەوان رایان دەكێشاو بە شەق و زللە دەیانویست لێی بستێنن، ئەمیش زۆر رقئەستوورتر بوو لەوەی دروشمەكەیان بداتێ، هێندەی نەبر چوار پێنج خۆپیشاندەری دیكە گەیشتنە سەری و هاوڕێكەیان و دروشمەكەشاین لە دەستی ئاسایشەكان رزگار كرد، حكومەت ئامێر و ئۆتۆمبێل و هێزی دیكەی نارد و دۆخەكە هێندەی دیكە ئاڵۆز بوو، گازی فرمێسكڕێژ بە ناوچەكەدا بڵاو بووەوە.
سیروانە رەش، كە هەر لە بانیژەكە دانیشتبوو، چایەكیان بۆ هێنا و بە دەم خواردنەوەی چاكەوە خەیاڵ بردییەوە بۆ سەردەمی لاوی خۆی، ئەو كاتە خۆی و كۆمەڵێك لە هاوڕێكانی لە خۆپیشاندانێكدا دڵگەرمانە و مكوڕانە داوایان دەكرد كارگەیەكی چیمەنتۆ لەو شوێنە دروست بكرێت و گەنجانی شارەكەش بە كرێكاری كارگەكە وەربگیرێن، ئەو كاتە شوێنی كارگەكە 10 كیلۆمەتر لە شارەوە دوور بوو، گونجاو بوو بۆ دروستكردنی كارگەیەكی چیمەنتۆ، كەرەستەی خاوی چیمەنتۆش لە ناوچەكەوە نزیك بوو، ئەوان زیاتر لە مانگێك بەردەوام بوون لە خۆپیشاندان داوایان دەكرد كارگەیەك دروست بكرێت و هەلی كار بۆ گەنجانی شار بڕەخسێت.
لە گەرمەی خۆپیشاندانكەدا سیروانە رەش هەوڵی دەدا دەنگی لەگەڵ دەنگی كچێكدا هاوئاواز بكات بۆ دووبارەكردنەوەی دروشمەكان، كچێكسیروانە رەش پێی وابوو ئەوە ئەو كچەیە كە دڵی دەیەوێت، سیروان لەو خۆپیشاندانەدا بە دوولا مەست و حەیران بوو، لەلایەك خرۆشاو و تووڕە و خاوەن ماف، لەیەلاك ئەویندار و بریندار و گرفتار، زۆری ویست تا لە كچە نزیك بۆوە و رازی دڵی بۆ دركاندن و سەرەنجام نەرمی كرد و خەونی دروستكردنی كارگەكەشیان هاتەدی و ئەو ماڵەش كە تێیدا دەژین و سەرجەم باڵەخانەكیش بەرهەمی ئەو خۆپیشاندانەن، ئێستا سیروانە رەش و ئەویندارەكەی پێكەوە پیر و خەڕۆ بوون و دوو كچ و كوڕێكیان هەیە و كچ و كوڕێكیان لە دەرەوەی وڵاتن، كچێكیشیان هەر لە شارەكەی خۆیان خاوەن ماڵ و مێردی خۆیەتی.
تا ئێستاش لەگەڵ ئەویندارەكەی پێكەوە دەژین، تەمەنیان هەڵكشاوە و خانەنیشن بوون، ئەمیان گوێی گران بووە و چاوی كز و ئەژنۆی لاواز و ئەویش كەمێك پشتی كووڕ بووە، بەڵام بەم تەمەنەشەوە لە كچە سركەكەی جاران دەچێت. سیروانە رەش زۆر چێژ لەوە دەبینێت، كە ئەویندارەكەی چای بۆ بێنێت و بە دوو سێ قسەی خۆش گرنگیی پێ بدات.
شەو لە تەلەفزیۆن باس باسی خۆپیشاندانەكە بوو، بابەتەكە گەیشتبووە پەرلەمان و رووخادنی كاگەكە و دروستكردنی باخێك لە شوێنەكەی لایەنگری زۆری هەبوو، كار گەیشتە ئەوەی رووخاندنی كارگەكە زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا و وادەی رووخاندنەكەش دەستنیشان كرا.
رۆژێكی بەهار، كەش و هەوایەكی خۆشی نە سارد و نە گەرم، چایەكیان بۆ سیروانە رەش هێنابوو، چاكەی لەسەر تەپڵەكێك دانابوو، لەمێژ بوو چاكەی لەوێ بوو، بەڵام هەر كاتێك شتێك نیگەرانی كردبا لەبیری دەچوو قومی لێ بدات، تا سارد و سڕ دەبووەوە، هەموو شتێك باش و ئاسایی دەردەكەوت، بەڵام ئەو كۆترانەی بەردەوام سەردانی بانیژەكەی ئەوانیان دەكرد، بێئارامییان پێوە دیار بوو، دەنیشتنەوە، بەڵام یەك خولەكی نەدەبرد دەفڕین و دووبارە دەهاتنەوە. سیروانە رەشیش بەردەوام چاوێكی لەسەر كارگەكە بوو، جار جار ئاوڕیشی بۆ ژوورەوە دەدایەوە، ئەمڕۆ وادەی رووخاندنی كارگەكەیە، دڵدارەكەی سیروانە رەشیش هەر دەر و ژووری بوو، كچێكی كە لە دەرەوەی وڵات بوو بە ژانەوە بوو، بەردەوام دەیویست هەواڵی بزانێت، داوای لە زاواكەی كردبوو ڤیدۆیۆی بۆ بكاتەوە، بۆ ئەوەی ئاگای لە وردەكارییەكان بێت، ئەو دەزانێ مانای ژانگرتن چییە. زاواكەی ڤیدیۆی بۆ كردەوە و دەیبینی كە كچەكەی لەسەر ویلچەرێك بەرەو ژووری نەشتەرگەری دەبرا، مێردەكەی دەستی گرتبوو، هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵیدا دەڕویشت، پەرستارێك پاڵی بە ویلچەرەكەوە دەنا و یەكێكی دیكەش ئاوە هەڵواسراوەكەی بۆ گرتبوو، سێ چوار پزیشك و پەرستاریش لەبەردەم ژووری نەشتەرگەریدا چاوەڕوانیان دەكرد، شەقامەكەی بەرامبەر سیروانیش جمەی دەهات، ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە و ئامبوڵانس و پۆلیس بەو ناوەدا بڵاو ببوونەوە، دانانی تی ئێن تی و ئامادەكاریی بۆ تەقاندنەوە لە كۆتاییدا بوو. سیروانە رەش چاوی چووە سەر پیاڵە چاكە و بیری كەوتەوە كە لەمێژە سارد بۆتەوە، لەو كاتەدا گرمەی تەقینەوەیەكی گەورە هات، ئەویندارەكەی قیژەیەكی كرد و لە خۆشیدا خەریك بوو شاگەشكە دەبوو. مۆبایلەكەی هێنا و وتی گوێ بگرە ئەوە دەنگی نەوەكەمانە. لە چاوتروكانێكدا كارگەكە نەما و فرمێسكێك بە چاویدا هاتە خوارەوە، دەنگی گریانی منداڵێكیش بزەیەكی كاڵی خستە سەر لێوانی.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان