حەیدەر مەنتك
لە ئەنجامی گەڕان و بە دواداچوونم بۆ ژیاننامەی فەرماندە و پێشمەرگەكانی سەرەتای ساڵانی سەرەتای شۆڕش و بەتایبەتی كاتی تەشكیلاتی (قوەتەكان)، ناوی فەرماندە (مكائیل شیواشۆكی) هاتە بەرباس و هەموو را و بۆچونەكانیش كۆكبوون لەسەر ئەوەی كە پێشمەرگەیەكی شەرم بەخۆ و بە ئەدەب، بەڵام تا بڵێی خۆنەویست و ئازا و چاونەترس و دەست گەرم بووە لە هێرش ونەبەردییەكاندا.
دەڵێن، ئەگەرچی پیاوێكی كەم دوو و بێدەنگ بووە بەڵام كە دەكەوتە قسە، خۆشمەشرەب و قسە نەستەق بووە، لەگەڵ دەورووبەردا بەڕێز و جوامێرانە هەڵسوكەوت و ئاخاوتنی كردووە، هیچ كاتیش هەڵپەی پلەوپایە و خۆدەرخستنی نەبووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بە ئازایەتی و خۆڕاگریی خۆی، چەند پلەیەكی پێدراوە و خۆی سەلماندبووی كە كوڕی رۆژی تەنگانەیە.
فەرماندەیەك بووە بە دڵسۆزی و رەوشتبەرزیی سەلماندبووی ئەو لەكوێ بێت سەركەوتن لەوێیە.
لەژیانی پێشمەرگایەتییدا چەندجارێك برینداربووە و دووچاری زۆر ناخۆشی و دەردەسەری بۆتەوە، كەسیش گوێی لێنەبووە گلەیی و ناڕەزاییەكی هەبێت.
زۆرجار لێی بستراوە كە ئەوكاتانەی بەهۆی برینداربوونەوە لەسەر جێگە بووە، داخ و خەمی ئەوەی هەبووە نەیتوانیوە بەشداریی ئەو شەڕانە بكات كە لەو كاتەدا روویانداوە.
باس لەوەش دەكرێت، شەهید میكائیل كە پیاوێكی ئازا و خۆڕاگر و ئەزموونداربووە لە رووی شەڕی پێشمەرگانەوە، بەوهۆیەوە لە هەر ئۆرگان و سنوور و میحوەرێك، فەرماندەیەكی ئازایان پێویست بوایە ئەویان دەگواستەوە و ئەویش هیچ كات ناڕەزایی دەرنەبڕیوە.
ژیاننامەكەی
شەهید مكائیل سمایل ئەحمەد محەمەد ناسراو بە میكایل شیواشۆكی، لە دایكبووی ساڵی 1963ی گەڕەكی (سەرباغ)ی كۆیەی پارێزگای هەولێرە و دەرچووی قۆناغی ناوەندییە.
ساڵی 1978 پەیوەندی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە.
ساڵی 1981 بووە بە پێشمەرگە لە بارەگاكانی سەركردایەتی و دواتریش چۆتە قوەتی (كۆسرەت)، دوای ئەوەش كە تیپەكان پێكهێنران، گواسترایەوە بۆ تیپی 93ی كۆیە لە ساڵی 1982دا، ساڵی 1983 كراوەتە فەرماندەی مەفرەزە لە كەرتی یەكی تیپی 93ی كۆیە.
ساڵی 1985ماوەیەكی كەم لە دەستەكەی هەڤاڵ (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) بووە لە مەڵبەندی سێی هەولێر، پاشان گواستراوەتەوە بۆ كەرتی شەشی تیپی 86ی دەشتی هەولێر و ساڵی 1987یش كراوەتە جێگری فەرماندەی كەرتەكە، هەمانساڵیش گواستراوەتەوە بۆ تیپی 85ی بەڕانەتی و كراوەتە فەرماندەی كەرت.
بەشداریی دەیان داستان و چالاكیی پێشمەرگانەی كردووە و چەندجارێكیش بریندار بووە،
بەداخەوە، رۆژی 17/3/ 1988 لە نەبەردییەكدا لە گوندی (گەڕەدێ)ی دۆڵی جافایەتی، شەهیدكرا.