كەشتییەكەی سیسیوس گەشتێك بەناو دەریای فەلسەفەدا

لەسەر لێواری ئاگر

11:26 - 2025-06-26
ئەدەب و هونەر
484 جار خوێندراوەتەوە


(26)

سوڵتان: بۆچی ئەوەندە بە هێراکلیتوس سەرسامیت؟
هایدگەر: ئەو زۆر جیاوازە، گۆشەنیگای تایبەتی خۆی هەیە، بەوجۆرە شتەکان نابینێت و بیریان لێناکاتەوە کە هەن، بەڵکو بیر لە شێوازی ئامادەبوونیان لە جیهاندا دەکاتەوە. هێراکلیتوس عەوداڵی دۆزینەوەی لێکدانەوەیەک بۆ دیاردەکان نەبووە، ئەو گوێی راگرتووە بۆ ئەو رێگایەی لێوەی هەبووەکان لە توێی لۆگۆسەوە کەشف دەبن. من ئەوەم لە هێراکلیتوسدا بینی کە کەسی دیکە نەیبینی بوو: بیرمەندی یەکەمی پێبوون، ئەو لای من ساتەوەختی راستەقینەی پێبوونە ((becoming؛ ساتەوەختە رەسەنەکەی هزرە، بەرلەوەی مێتافیزیک بەلاڕێیدا ببات. ئەو وەها مامەڵەی لەگەڵ ‹هەبوو›دا نەکردووە کە بابەتێک بێت بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵکو گوێی لە بوون گرتووە. ئەو هیچمان دەربارەی شتەکان پێ ناڵێت، بەڵکو باسی دەرکەوتنیانمان بۆ دەکات.
سوڵتان: ئەم دەستەواژەیەت بەکارهێنا: «شێوازی ئامادەبوونیان لە جیهاندا! «ئەمە چییە؟
هایدگەر: واتە هێراکلیتوس زۆر گوێی نەداوەتە شتەکان وەک هەبووی جیا، بەڵکو گرنگیی بە چۆنێتی بوونیان داوە؛ چۆنێتی خۆکەشفکردنی جیهان، نەک ناوەڕۆکە رووکەشییەکەی. ئەو وەها سەیری شتەکانی نەکردووە بابەتی زانین بن، وەک ئەوەی دواتر ئەفلاتون یان ئەرەستۆ دەیکات؛ بەڵکو گوێی بۆ لۆگۆس رادێراوە وەک ئەو هێزەی هەبووەکان پێکەوە کۆدەکاتەوە و لە یەک یەکەی ئاڵوواڵادا نمایشیان دەکات، یان کەشفیان دەکات. ئەو لە بوون دەڕوانێت نەک لە هەبووەکان. هێراکلیتوس وەها بیر لە بوون دەکاتەوە کە ‹کەشفبوون›ە، نەک بەشێوەیەکی رەق و تەق هەبێت. ئەو پێمان دەڵێت کە ناتوانین درک بە جێگیریی بکەین لە توێی کرژیی و مۆلەقییەوە نەبێت.
سوڵتان: هەر لەبەرئەوەشە تۆ هێراکلیتوس بە یەکەمین بیرمەندی پێبوون دادەنێیت؛ بەڵام مەبەستت چییە لە گوێڕادێران بۆ لۆگۆس؟ ئەم دەستەواژەیە زۆر ناڕوون و گرفتئامێزە.
هایدگەر: ئەوەی هێراکلیتوس دەیکات گوێگرتن بۆ وتەیەک یان گوتارێک نییە، لای ئەو هەقیقەت بە شێوەیەکی جەوهەریی کەشف دەبێت، پەردەی لەسەر لادەچێت، لەوێدا هەبووەکان لەناو بووندا ئامادە دەبن. تۆ سەیری ئەم پڕیشکەی هێراکلیتوس بکە: «گەرچی لۆگۆس بە بەردەوامی ئامادەیە، کەچی خەڵک لێی تێناگەن.» هێراکلیتوس فەیلەسوفی ئاگر نییە، بەڵکو بیرمەندی پێبوونە، وەک گۆڕان و کەشفبوون لەناو لۆگۆسدا.
سوڵتان: واتە لای هێراکلیتوس، لۆگۆس شتێکی بزر نییە، بەڵکو بەردەوام لەسەر زارانە؛ بەڵام پێویست دەکات ئامادەییەکی تایبەتیمان هەبێت تا بتوانین گوێی لێبگرین. 
هایدگەر: بەڵام چۆن گوێگرتنێک؟ مەسەلەکە تەنها تێگەیشتنێکی ئەقڵانیی ئەبستراکت نییە، بەڵکو کرانەوەیەکی ئۆنتۆلۆجییە بەسەر ئەوەدا کە لەناو وتندا دەوترێت. واتە ئەوەی لە بوون خۆی کەشف دەکات. گوێگرتن لە لۆگۆس کردەی راستەقینەی بیرکردنەوەیە، چاوەڕێکردنە تا بوون قسەی خۆی بکات. ئەوەی منی کەمەندکێش کردووە بۆ هێراکلیتوس ئەوەیە «گوێی لەوە گرتووە کە ناوترێت، لە ئامادەبوون کە لەناو بزرییدا کەشف دەبێت.»
سوڵتان: بەڵام ئەم گوێگرتنە کردەیەکی نەرێنییە.
هایدگەر: بە رووکەش وایە، چونکە باڵاترین شێوەی نیشتەجێبوونە لەناو هەقیقەتدا. ئەمە هزرینێکە لە گوێگرتندا نەک لە بەرهەمهێنانی چەمکەکاندا، بەڵکو لە رەخساندنی بواردا بۆ کەشفبوونی ئەوەی هەیە. بەمەش گوێگرتن بۆ لۆگۆس خۆی لە خۆیدا گەڕانەوەیە بۆ ئەسڵە لەبیرکراوەکەی هزر. زمانیش ئامڕازێک نییە بۆ وێناکردن، بەڵکو ئەو جێگایەیە تێیدا بوون دەردەکەوێت و جیلوە دەدات. دەبینیت! هێراکلیتوس بیرمەندی «سەرەتا رەسەنەکان»ە. بەمجۆرە گوێگرتن هەڵوێستێکی نەرێنیی نییە، بەڵکو بەشدارییکردنە لە چۆنێتی کەشفبوونی هەقیقەتدا.
سوڵتان: مەبەستت لە کەشفبوونی بوونە، پێش ئەوەی ئەفلاتون و ئەرەستۆ و ئەوانەی دواتر لەناو چەمکە مێتافیزیکییەکاندا بزری بکەن؟
هایدگەر: راستە، هێراکلیتوس ساتەوەختی یەکەمی بیرکردنەوەیە لە مانای بوون، نەک لە هەبووەکان. ئەگەر دەتەوێت لە بوون بگەڕێیت، ئەوە لای هێراکلیتوس و پارمێنیدیس بۆی بگەڕێ، نەک لای ئەفلاتون یان ئەرەستۆ. بۆچی؟ 
چونکە هێراکلیتوس لەناوەوە بیر لە پێبوون دەکاتەوە، نەک لەدەرەوەی. ئەو ناپرسێت ئەوەی هەیە چییە؟ بەڵکو بوون خۆی چۆن ئامادە دەبێت. 
سوڵتان: وتەکانی هێراکلیتوس لە پەیوەندیدا بە «ئاگر»ەوە زۆر سەرنجڕاکێشن، بەلام زۆریش ئاڵۆزن، بۆ نموونە، ئەم پڕیشکە: «ئەم جیهانە خوایەک یان مرۆڤێک دروستی نەکردووە، هەمیشە هەبووە، ئیستا و هەمیشە هەر: ئاگرێکی زیندووە بە بڕێک بڵێسە دەدات و بە بڕێکیش خامۆش دەبێت.» هەرچەند بیری لێدەکەمەوە، باش لە مەبەستەکەی تێناگەم.

هێراکلیتوس، دەوروبەری 500 ساڵ پ.س

 

هایدگەر: هێراکلیتوس ساتەوەختی یەکەمی بیرکردنەوەیە لە مانای بوون، نەک لە هەبووەکان. ئەگەر دەتەوێت لە بوون بگەڕێیت، ئەوە لای هێراکلیتوس و پارمێنیدیس بۆی بگەڕێ، نەک لای ئەفلاتون یان ئەرستۆ

هایدگەر: ئەمە یەکێکە لە پڕیشکە روونەکانی؛ پڕیشکی ئاڵۆزی زۆرن، وەک «سروشت حەزی لە خۆشاردنەوەیە.» بەڵام با باسی ئەوەیان بکەین کە تۆ وتت! تۆ خۆت دەزانیت پێشتر تێلیس وتوویەتی: «ئەسڵی شتەکان ئاوە». دەزانیت؟ سوڵتان: بەڵێ.
هایدگەر: دەی هێراکلیتوس بەوە رازی نییە و دەڵێت بنەما سەرەتاییەکە ئاگرە. دەزانیت بۆچی وا دەڵێت؟
سوڵتان: یانی! ئەگەر لە وێنە گشتییەکەدا، کە لەبارەی هێراکلیتوسەوە هەمانە؛ دەبێت ئاگری پەسەند کردبێت وەک سیمبولی گۆڕان و پێبوون، چونکە بەردەوام لە جووڵەدایە و داناسەکنێت، هەتا ئاگر هەبێت، وەستان یان داسەکنان بوونی نییە؛ رای هێراکلیتوسیش بۆ گەردوون ئاواهییە. ئەو بەردەوام دووبارەی دەکاتەوە: ئەوەی هەیە گۆڕانە هیچی دیکە لە ئارادا نییە. ئەو پێمان دەڵێت هەتا ئیستا هاواری ئاگر نەبیستراوە، چونکە بە زمانی پێبوون قسە دەکات، نەک بە زمانی هەبووەکان
هایدگەر: ئەمە باشە، خەریکە چاویلکە ئەفلاتوونییەکە لە چاوت دادەگریت و دەسبەرداری رەهاکان و جێگیرەکان دەبیت. ئاگر پێمان دەڵێت هیچ شتێکی رەها نییە، جێگیر نییە، بەڵکو هەمووی هەر پێبوونە، نەک هەبوون. باشە! ئەی بۆچی دەڵێت «بەبڕێک بڵێسە دەدات و بە بڕێک خامۆش دەبێت؟»
سوڵتان: پێموابێت ئاماژە دەکات بۆ یاسای راگرتنی هاوسەنگی ناو گەردوون، چونکە ئەگەر وانەبێت گەردوون دەبێتە ئاژاوە، لە دیدی ئەودا گەردوون پشێویی تێدا نییە، چونکە بەپێی لۆگۆس بەڕێوەدەچێت. ئەگەر رێگە بەخۆم بدەم وەک تۆ بدوێم؛ دەڵێم لۆگۆس خۆی لەخۆیدا کەشفبوونە، ئەو بوونەڕەوەیە (هاوشێوەی رێڕەو) کە پێبوون بەناویدا تێدەپەڕێت بەرلەوەی بزر ببێتەوە. هەربۆیە بانگمان دەکات بۆ گوێگرتن؛ گەرچی نائومێدانەش دەڵێت: «تەنانەت دوای ئەوەی بیستیشیان، تێناگەن». ئەوەتا لە پڕیشکێکی تریدا دەڵێت: «ئاگر دەگۆڕێت بۆ دەریا، دەریا بۆ زەمین و ئەویش بۆ ئاگر ... شتەکان هەموویان دەگۆڕێن بۆ یەکتریی»، بەڵام تۆ باسی ئەوەم بۆبکە بۆچی سروشت حەزی لە خۆشاردنەوەیە؟
هایدگەر: شتێکت پێ بڵێم؟ نزیکەی هەموو فەلسەفەکەی من لەسەر ئەم پڕیشکەی هێراکلیتوس دامەزراوە! سوڵتان: چۆن؟
هایدگەر: من ئەو دیدە ئەفلاتوونییەم بە دڵ نییە کە پێیوایە هەقیقەت بریتییە لە جووتبوونی نیوان هزر و ریاڵەت. 
سوڵتان: وایە، کە باسی ئالیسیامان کرد، ئەمەت روونکردەوە، تێتگەیاندم کە ئایلیسا توخمێک نییە، هەبوویەک نییە، بەلکو هێمای خودی پێبوونە.
هایدگەر: ئێستا دەمەوێت شتێکی دیکەت پێ بڵێم: کە هێراکلیتوس دەڵێت سروشت حەزی لە خۆشاردنەوەیە؛ مەبەستی لەوەیە کەشفبوون و خۆشاردنەوە، لە پەیوەندییەکی دیالەکتیدان، چونکە هەقیقەت بە تەنها دەرکەوتنێکی رەها نییە، بەڵکو ململانێیەکی بەردەوامە لەنێوان کەشفبوون و شارانەوەدا، لە نێوان ئامادەیی و بزرییدا. ئەگەر بەباشی ئەو کارانەی منت خوێندبنەوە کە دەربارەی هونەر کردوومن؛ دەبینیت پێداگریی دەکەم لەسەر ئەوەی خۆشاردنەوە لە دەرکەوتن زیاتر کەشفە؛ هەقیقەت تەنها لەم هاتووچۆیەی نێوان کەشفبوون و خۆشاردنەوەدا جیلوە دەدات. 
سوڵتان: مەبەستت ئەوەیە بڵێیت هەموو کەشفێک بڕێک لە خۆشاردنەوەی لەخۆیدا هەڵگرتووە؟
هایدگەر: بە پێچەوانەشەوە. هەقیقەت بەتەنها وەک نوورێک پرشنگ نادات، بەڵکو لە خۆشاردنەوەشدا. بوون بە گشتی لە توێی ئەم ناکۆکییەی نیوانیانەوە دەزانین.
سوڵتان: دیسان لێم تێکچۆوە.
هایدگەر: زۆر ئاسانە. کەشفبوون و خۆشاردنەوە دوو جەمسەرەکەی هەقیقەتن: هیچ کەشفبوونێک نییە لەبەرامبەری خۆشاردنەوەیەکدا نەبێت، دەرکەوتن لە زەمینەی بزرییدا دەبێت. هەقیقەت پێدراوێکی جێگیری یەکلاییکراوە نییە، بەڵکو رووداوێکی ئۆنتۆلۆجییە لە کرانەوەی هەبووەکاندا بەسەر مرۆڤدا جیلوە دەدات؛ بێ ئەوەی بە تەواوەتی خۆی کەشف بکات. چونکە بەردەوام بەشێک لە بوون شاراوەیە و لەکاتی کەشفبوونیدا، بەشێکی دیکەی خۆی دەشارێتەوە. هێراکلیتوسیش (لانیکەم بە رای من) مەبەستی لەمەیە.
سوڵتان: لە پڕیشکێکی دیکەدا دەڵێت: «رێگای بەرەو ژوور و بەرەو خوار یەکە! ئەمە چۆن؟
هایدگەر: ئەمە یەکێکە لەو پڕیشکانەی دەتوانین نهێنی بیرکردنەوەی هێراکلیتوس تێبگەین. ئەو باس لە رێگای بەرەو پێبوون دەکات، من ئەمەم لە شیکردنەوەی پەیوەندیی نیوان هزر و بووندا بەکارهێناوە. هەموو کەشفبوونێک لە خۆیدا ئەگەری شاراوەیی هەڵدەگرێت و پێچەوانەکەشی راستە. ئەمە کرۆکی بوونە، هێراکلیتوس وای لێتێگەیشتووە و منیش پێشمخستووە.
سوڵتان: بەڵام ئەو بۆ بە روونی قسە ناکات؟
هایدگەر: چونکە روونی یەکێکە لە فێڵەکانی مۆدێرنە. روونی وامان لێدەکات هێور ببینەوە و بحەسێینەوە. خۆت دەزانیت حەسانەوە و داسەکنان دوژمنی راستەقینەی هەقیقەتە. هێراکلیتوس بۆ ئەوە نانووسێت شتەکەمان بۆ راڤە بکات، ئەو دەیەوێت بێدارمان بکاتەوە. وتەکانی ئەو چەخماخە و بروسکەن و لەو خەولێکەوتنە مێتافیزیکییەی تێی کەوتووین بێدارمان دەکاتەوە. کە ئەو دەڵێت سەرەوژوور و سەرەوخوار یەکن، دەیەوێت باسی یەکێتیی دژەکان و دیالەکتیکی کەشفبوون و خۆشاردنەوەمان بۆ بکات. وەک جەختمان لێکرد، بوون حاڵەتێکی جێگیر یان پێدراوێکی کۆتایی نییە، بەڵکو رووداوێکە لە توێی ململانێی دژەکان و کرژیی نێوانیانەوە هەڵکشان و داکشان دەکات، سەرەوژوور و سەرەوخوارە، کەشفبوون و شاردنەوەیە. هەردوو ئاڕاستەکە ئاماژەن بۆ جووڵەی بەردەوامی بوون لە نێوان کەشفیی و شاراوەییدا، لەنێوان ئامادەیی و بزرییدا، بێ ئەوەی هیچ لێکجیابوونەوەیەکیان هەبێت. سوڵتان: چی تریش؟
هایدگەر من بە درێژایی تەمەنم لە دایالۆگدا بووم لەگەڵ هێراکلیتوس، هەمیشە هەستم کردووە لێکەوە نزیکین و قسە دەکەین. سوڵتان: وەک چی؟
هایدگەر: کاتێک خۆڵەمێش دەبینم یەکسەر هێراکلیتوس -م بیردەکەوێتەوە و لەبەرخۆمەوە دەڵێم «راستە، ئاگر لێرە بوو.» ئەوە کردەیەکی کەشفبوون بوو کە لەناکاو شاراوەیی بەدوادا هاتووە. زۆرجار لەبەرخۆمەوە دەڵێم «هاوڕێم جیهان بیری چۆتەوە گوێ رابدێرێت، ئەوەی لەبیرکردووە کە لۆگۆس هی ئەوە نییە وەک هۆنراوەیەک بوترێتەوە، بەڵکو دەبێت گوێی لێبگرین. قسەکەی تۆ دەربارەی رێگای بەرەو ژوور و بەرەوخوار بێهوودەیی و پووچی نییە، تۆ باسی کات دەکەیت کە نە دووبارە دەبێتەوە و نە لە دووبارەبوونەوەش رادەوەستێت. تەنها دازاین لەمە تێدەگات، چونکە ئەو ئامادەییەکە دڵنیایە لەوەی دەبێت تێبپەڕێت. لەبەرخۆمەوە دەڵێم: «هاوڕێم، ئێمە بە باشی نەمانزانی لەناو زماندا نیشتەجێ ببین، ئێمە رێگاکەمان بزر کردووە.»
سوڵتان: جیاوازی چییە لەنێوان دیدی تۆ بۆ پێبوون، لەگەڵ هێراکلیتوس دا؟
هایدگەر: تۆش خۆشیت: وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە تەمەنێکی دەوێت!
سوڵتان: هەروا چەند سەرەقەڵەمێک.
هایدگەر: هێراکلیتوس زااوەی «پێبوون» بەکارناهێنێت، ئەو زیاتر باس لە (ئاگر، رووبار، ململانێ ... هتد) دەکات. هەروەها پێبوون لای ئەو گۆڕانێکی بەردەوامە، وەستانی بۆ نییە، هەڵقوڵان و رژانی ئەبەدییە. ئەو زۆر تەرکیز لەسەر لۆگۆس دەکات وەک بنەمایەکی گەردوونی کە وەرچەرخان و گۆڕان و یەکێتی ناو ناکۆکیمان پێدەڵێت. ئەو لە توێی گۆڕانی هەبووەکانەوە «پێبوون» دەبینێت؛ لای ئەو جیاکردنەوەیەکی روون لەنێوان «هەبوو» و «پێبوون» دا نییە. مرۆڤ لای ئەو بەشێکە لە گۆڕانێکی گەردوونی، هیچ پێگەیەکی دیاریکراوی نییە.
سوڵتان: ئەگەری ئەوە هەیە لۆگۆس بێدەنگ ببێت، پێبوون پاشەکشە بکات؟
هایدگەر: نا. لۆگۆس بێدەنگ نابێت، بەڵکو ئەوە ئێمەین توانای بیستنیمان نەماوە. ئاخر من هەمیشە جەخت دەکەم کە بێدەنگیی بزریی نییە، بەڵکو کرژیی پێش ئامادەبوونە. بێدەنگیی راستەقینە خۆی لەخۆیدا گوێگرتنە لەوەی تەنها یەک جار دەوترێت. هاوڕێم ئێمە سێبەرین و بەدوای ئاگرێکدا دەگەڕێین کە ناکوژێنرێتەوە.
(هەستم کرد دەبێت لێرەدا کۆتایی پێ بهێنین، ئەو ماندوو بوو، تەمێکی نائومێدیی بە سیمایەوە دیار بوو. هەواڵێکی ناخۆشیشی پێدام: کە تەنها دوو رۆژی دیکە لێرە دەبێت.) لە جیابوونەوەماندا بیرم دەکردەوە، جگە لە بابەتی زمان وەک ماڵی نیشتەجێ بوون، لەبارەی پارمێنیدیس -یشەوە قسەیەکی لەگەڵ بکەم، جارێ نازانم چۆن دەبێت.
• وشەی «پڕیشک»م لە بەرامبەر  (fragment) داناوە،  بەواتای ئەو وتانەی لە فەیلەسوفە دێرینەکانەوە، لەناو نووسینی نووسەرانی دواتردا تۆمارکراون، چونکە ئەسڵەکانیان فەوتاون و بە دەستی ئێمە نەگەیشتوون.
• کورتکراوەی پ.س= پێش سەردەمی نوێ، یان پێش ساڵی سفر، ئەوروپییەکان ئێستا پ.ز بەکارناهێنن. 

 

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان