مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
ئەدەبی منداڵان فۆرمێکی ئەدەبیی گرنگە، رۆڵێکی بەرچاوی لە داڕشتنی هۆشیاری و بیرکردنەوەی منداڵان و تازەلاواندا هەیە. لە کاتی شەڕدا ئەم ئەدەبە رووبەڕووی ئاڵەنگاری بەرچاو دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامرازێکی بەهێزی دەربڕینی هەست و بیرکردنەوەی ئادەمیزادەکانە.
ئەو بابەتانەی لە کاتی شەڕدا لە ئەدەبی منداڵاندا باس دەکرێن دەگۆڕدرێن، رووداوەکانی جەنگ دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر گەشەکردنی رۆڵی کارەکتەرەکانی ناو چیرۆکەکان. لە سەردەمی جەنگدا، گرنگە چیرۆاکەکان وانەی ئاشتی و لێبوردەیی و بەهای ژیان لەخۆبگرن، ئەم وانانە یارمەتی منداڵان دەدەن کە دیدێکی ئەرێنی بۆ داهاتوو بنیات بنێن. ئەدەب یارمەتی منداڵان دەدات هەستەکانیان دەرببڕن و تێبگەن لەوەی لە دەوروبەریان چی روودەدات. چیرۆکەکان پانتاییەکیان بۆ دەڕەخسێنن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەستەکانی ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکانیان دەڕەوێننەوە، دەتوانێت یارمەتی منداڵان بدات بۆ پاراستنی شوناس و کەسێتییان.
نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان، لە کاتی جەنگدا دەتوانن ئەدەبێکی ئەرێنی پێشکەش بکەن. لەکاتێکدا رووخسارەکانی جەنگ و کاریگەرییەکانی و هەستی کارەکتەرەکان پیشان دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەروون و هەستەکانی منداڵان و گەشە جۆربەجۆرەکانیشیان لە بیرناکەن و دەکرێت ئەو ئاڕاستەیە ئەرێنییە بە لەبەرچاو گرتنی مافەکانی منداڵان لە نووسینەکانیاندا بەرجەستە بکەن، بۆ نمونە لەو مافانەی کە گرنگە لەبەرچاو بگیرێن:
1. منداڵان مافی دەربڕینی بیروڕای خۆیانیان هەیە.(مادەی 12)
ئەم مادەییە رێگە بە منداڵان دەدات لە هەست و بۆچونەکانیان دەرببڕن دەربارەی ئەو شتانەی کاریان تێدەکات، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ئەوەی ئەدەب دەتوانێت دەنگی منداڵان بخاتەڕوو.
2. مافی منداڵانە بپارێزرێن لە تووندوتیژی، (مادەی 19)
ئەدەبی منداڵان یەکێکە لە هۆکارەکانی هۆشیارکردنەوە و پاراستنی منداڵان لە بابەتەکانی توندوتیژیی، یارمەتی منداڵان دەدات لەوە تێبگەن چۆن خۆیان بپارێزن لە بارودۆخە سەختەکاندا.
3. منداڵان مافی فێربوونیان هەیە، (مادەی 28)
ئەدەب، بەتایبەت چیرۆکەکان دەتوانن بەشداربن لە پەروەردە و هۆشیاریی سەبارەت بە بەهاکانی ئاشتی و لێبوردەیی، بەرەوپێشبردنی لێکتێگەیشتن و رێزگرتن لە نێوان منداڵاندا.
4. منداڵان مافی کەلتوورییان هەیە، ( مادەی 31)
ئەدەب منداڵان هاندەدات کارلێک لەگەڵ کەلتور و نەریتەکانیاندا بکەن، چیرۆکەکان دەرفەتێک بۆ منداڵان دەڕەخسێنن کە لە واقیعە سەختەکەیان رزگاریان بکات، ئەمەش یارمەتیان دەدات بۆ دەربازبوون لە فشارە دەروونییەکان.
5. پاراستنی منداڵان لە کاتی جەنگدا، ( مادەی 38)
منداڵان مافی ئەوەیان هەیە لە جەنگەکان بپارێزرێن و ناکرێت بەشداریی لە شەڕەکاندا بکەن، بەتایبەت ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە پانزە ساڵ کەمترە،گرنگە نووسەران ئەوە لە بەرچاوبگرن و نەبنە هاندەر بۆ بەشداریی منداڵان لەشەڕدا.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەم مافانە و مافەکانی تری منداڵان، ئەدەبی منداڵان دەتوانێت وەک ئامرازێکی گرنگ بۆ بەرزڕاگرتنی مافەکانی منداڵان و بەرەوپێشبردنی خۆشگوزەرانییان لە کاتی شەڕدا هەژمار بکرێت، پشتیوانی ئەم ئەرێنییە بۆ پاراستنی دەنگی منداڵان لە کاتی قەیرانەکاندا گرنگە، منداڵان دەتوانن رووبەڕووی ئاستەنگەکان ببنەوە و داهاتوویەکی باشتر بنیات بنێن.