رزگار سەعید
هونەری کینتسووگی، تەکنیکێکی دێرینی ژاپۆنییە لەسەدەی پانزدە بەدواوە پەرەی سەندووە. پێکدێت لەچاککردنەوەی درزەکانی شکاوێک بە زێڕ، لەبری ئەوەی درزەکان بشاردرێنەوە، بەڵام فەلسەفەی پشت ئەم هونەرە قوڵتر دەڕوانێت، وەک لە پراکتیزەکردنە سادەکەی، بە شێوەیەک پەیوەندیی بە هێماسازیی چاکبوونەوە و خۆڕاگرییەوە هەیە.
سەرەتا بە ئاگادارکردنەوە دەست پێدەکات و دواتر رێزگرتن، شکاوەکان ئۆبجێکتی رابردووی خۆیان قبوڵ دەکەن و بەشێوەیەکی پارادۆکسیکال بەهێزتر و جوانتر و بەنرختر دەبنەوە لە پێش شکاندنیان.
ئەم مێتافۆرە تێڕوانینێکە بۆ هەموو قۆناغەکانی چاکبوونەوە، جا نەخۆشییەکە جەستەیی بێت یان سۆزداری.
وشەی kintsugi لە کین (زێڕ) و تسووکی (جووت)ی ژاپۆنییەوە سەرچاوەی گرتووە، بە واتا فراوانەکەی (جومگەی زێڕین)ە، بەڵام هونەری کینتسووگی کە ناوی کینتسووکورۆییە، بە واتای (چاککردنەوە بە زێڕ) دێت، پرۆسەیەکی لە رادەبەدەر وردەکارییە و بە چەندین قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، هەندێکجار چەند هەفتەیەک تاکو چەندمانگێک دەخایەنێت، لە هەندێک حاڵەتیشدا بۆ ساڵێک درێژ بێتەوە بە مەبەستی بەدەستهێنانی باشترین کینتسووگی.
سەرەتا پارچەکانی تەنە شکاوەکە کۆدەکرێتەوە و لەسەرخۆ بە پاکژی دادەنرێت، لاکی تەقلیدیی بۆ بەکار دەهێنرێت کە لە درەختی لاکی ژاپۆنی بەرهەم دەهێنرێت و بەجێ دەهێڵرێت تا بە تەواوی وشک بێتەوە، پاشان رەنگ دەکرێت و درزەکان بە چەندین قات لاکی تر پڕ دەکرێنەوە.
لە کۆتاییدا شوێن پەڵەکان وەک تەکنیکی گینتسووگی بە تۆزی کانزایی دادەپۆشرێن، لەوانە پاودەری زێڕ، یان هەر کانزایەکی تری وەک: پاودەری زیو، برۆنز و مس. ئەم پاودەرانە لەسەر لاکە شێدارەکە دادەنرێن تا دەتوێنەوە هاوشێوەی چەمێک کانزای رژاوی وەهمی، دوای پۆڵیشکردن، جێ پێگەی لێکدانەکان بە درەوشاوەیی دەردەکەوێت.
چیرۆکێک باس لەوە دەکات شۆگون ئاشیکا گایۆشیماسا (1490- 1435) کە پلەدارێکی سەربازیی بووە، هەمیشە بۆ ئاهەنگی چا خواردنەوە، کوپێکی بەکار هێناوە زۆر نازدابووە لەلای، رۆژێک کوپەکەی دەشکێت، بەو پێیەی لە چینەوە بە دیاریی بۆی هاتووە، کوپەکە دەنێرێتەوە بۆ چاککردنەوە، بەڵام سەرئەنجام دوای چاوەڕوانییەکی چەند مانگی، هیوابڕاو دەبێت کاتێک دەبینێت زۆر بە ناشیرینی پارچەکانیان بە کانزا پێکەوە لکاندووە، وەک دروومان چنیویانە، کوپەکە نەک هەر بە ناشیرینی و شێواوی دەبینێت، بەڵکو ناشتوانێت هیچ شلەمەنی و ئاوێک گل بداتەوە. بۆیە داوا لە پیشەگەرە ژاپۆنییەکان دەکات، کە هەوڵێکی کارا و ژیرانەی وەک چارەسەری جوانکاریی بۆ بدۆزنەوە، ئیدی بەو جۆرە هونەری کینتسووگی وەک چارەسەرێکی رەسەن و داهێنەرانە و سادە لەدایکدەبێت. ئەم تەکنیکە خواستی زۆری بۆ پەیدا دەبێت، هەنوکە ئەوەندە بەهادارە تەنانەت هەندێک لە شارەزایان و هونەرمەندە ناودارەکان بە ئەنقەست بەرهەمەکانی خۆیان لە گوڵدان و قاپی خواردن و کەرەستە گڵجۆشییەکان، دەشکێنن بە مەبەستی گۆڕینی فۆرمەکەی.
مرۆڤەکان دەتوانن لە رێی شکانی کەرەستە بەنرخەکانیانەوە سروش لە فەلسەفەی کینتسووگی وەربگرن، واتە لە رێگەی قۆناغە جیاوازەکانی کەسایەتی خۆتەوە هەوڵی دۆزینەوە و چاکبوونەوە و درەوشاوەیی خۆت بدەیت، وەک کینتسووگییەکی زیندوو، بەهۆی سەختییەکانەوە بگۆڕدرێیت و بەهێزتر بیت، ژیانێکی جوانی زێڕین لەباوەش بگریت، تا ئەو ئاستەی رۆح لە کینتسووگیدا دەدۆزیتەوە.
وابی - سابی، بیرۆکەیەکی تری جوانیین، هەروەها کینتسووگیش لەگەڵ چەمکی ژاپۆنی وابی -سابی (وابی- واتا خۆبەزلزانین لە بەرامبەر رووداوە سروشتییەکاندا؛ سابی- واتا مرۆڤ هەست بە چی دەکات)، دەتوانێت بانگهێشتت بکات بۆ ناسینی جوانیی شتە سادە و ناتەواو و نائاساییەکان.
بە کردنەوەی خۆت بۆ وابی - سابی، دژی زەریای ئایدیاڵە مۆدێرنە ستاندارد و دەستکردەکان مەلە دەکەیت و دەوەستیتەوە، تاکو بانگهێشتت بکات بۆ تێڕامان و دابڕان، نەک کامڵبوون.
جەختکردنەوە لەسەر نەگەڕانەوەی کات و سروشتەکەی، بەهای جوانی و شتە سادەکانمان بیرمان دەخاتەوە کە بیناسین. کینتسووگی هونەری بەرزکردنەوەی پێکانەکانی رابردووە، وەک چۆن جۆرێکە لە چارەسەری هونەری، بەهەمان شێوە داوات لێ دەکات خەبات بکەیت بۆ گۆڕینی سەختییەکانی کەسایەتیت بۆ زێڕ.
ئەوەت بیر دەخاتەوە کە پەڵە دیار بێت، یان نادیار، پێویستە بەسەر سەختییەکاندا زاڵ بیت، ئەمە مێژووی کەسایەتیت دیاریی دەکات، پیشانت دەدات چۆن رزگارت بووە، رۆحت زەنگین ترە، لەوەش جوانتر، لەوەش خۆڕاگرتر، لەوەش بەنرختر، لەوەش زیاتر ئەوەیە ئێستا هەموومان کەموکوڕی و برینی خۆمانمان هەیە، ئازارمان چەشتووە و بە چەندین کاتی سەختدا تێپەڕیوین، بەڵام بەختەوەریی رێگایەکە وەک هەموو رێگاکانی تر، لە جیهاندا ناوازەیە و کاتیش ئەوەندە گشتگیرە بە هێما بەهێزەکەیەوە، کە بە ئیرادە لەسەر بنەمای خۆڕاگری و گەشبینی راوەستاوە.
کینتسووگی یارمەتیدەرە بۆ چاکبوونەوە، بۆ بەهێزکردنی خۆت، تا ئەو ئاستەی هەناسە درەوشاوەکەت دەدۆزیتەوە.
* سەرچاوە:
بەشێک لە کتێبی
Kintsugi: Wie uns Bruchstellen im Leben stark machen - Der japanische Wegzur Resilienz لە نووسینی خاتوو Santini, Céline و گۆڕینی بۆ ئەڵمانیUrsula Held چاپی 2019.