دیارترین پێشەنگەکانی پەروەردەی رەخنەیی

پەروەردە لە فەلسەفەی پۆست مۆدێرن دا

09:47 - 2025-02-12
کەلتور
234 جار خوێندراوەتەوە



پ.ی.د.لوقمان رەئوف


پەروەردەی پۆست مۆدێرن، رێبازێکی فەلسەفی و کۆمەڵایەتییە و تیشک دەخاتە سەر ئازادبوون لە پێکهاتە تەقلیدی و جێگیرەکانی بیرکردنەوەی پەروەردەیی، لەبەرامبەریشدا کار بۆ تێگەیشتنێکی فرەڕەهەندی راستی و مەعریفە دەکات و داوای فرەیی کەلتوری و رێژەگەرایی و رەخنەی قووڵی گوتارەکان(meta-narratives) دەکات، کە زاڵبوون بەسەر بیری پەروەردەیی تەقلیدیدا، بەمانایاکی تر فەلسەفەی پەروەردەی پۆست مۆدێرن رەوتێکی فیکرییە و لە روانگە جیاوازەکانی  وەک فەلسەفە تەقلیدی و مۆدێرنەکانەوە، سەیری پرۆسەی پەروەردە و فێربوون دەکات و هەوڵدەدات چەمکەکانی پەروەردە و مەعریفە بە شێوەیەک دابڕێژێتەوە، کە چوارچێوەی تەقلیدی تێپەڕێنێت. ئەم رەوتە لەسەر چەند میحوەرێکی بنەڕەتی دامەزراوە،  کە ئامانجیان شکاندنی مۆدێلە تەقلیدیەکانە لە پەروەردەدا، بۆیە چەخت لەسەر  رزگارکردنی زانین لە سنووردارکردنی رەها دەکەنەوە. 
فەلسەفەی پەروەردە بریتییە لە جێبەجێکردنی پەیڕەو و تێڕوانیینە فەلسەفییەکان و دیاریکردنی رێگەکانی پرۆسەی پەروەردە، واتە ئەو فەلسەفەیەیە کە کار لەسەر پرۆسەی فێربوون و فێرکردن  و کێشەکانی پەروەردە دەکاتەوە، بەم پێیەش بێت روانینی پۆست مۆدێرنە بۆ فێربوون لەسەر بنەمای ئەوەی کە هەموو تاکێك ماناکان لەچەند سەرچاوەیەکەوە وەردەگرن سەرهەڵدەدات، لەبری ئەوەی بە ئامادە و لە کەسێکی پسپۆڕ و شارەزا وەربگرن، لەوانەوتنەوەشدا دەبێت فۆکەسی جدی هەبێت لەسەر دیالۆگ و دۆزینەوە و کەمکردنەوەی رۆڵی مامۆستا، بەوەی کە سەرچاوەی زانیاری بێت، بەمانایەکی تر پۆست مۆدێرنە هات بۆ ئەوەی روانین، یان فەلسەفەی نوێ بۆ مامۆستا بخاتەڕوو، بەوەی هەوڵبدات (ئازادی بکات لە چنگی عەقڵانییەتی هونەری و بیگۆڕێت بۆ ناوەندێك، لەپێناو گواستنەوەی زانیاری بۆ پرۆژە، کاری هاندانی فێرخوازان بۆ وروژاندنی پرسیار لەبارەی مەعریفەوە، نەك تەنها وەرگرتن و هاندانیان بۆ روانینی نوێ بۆ جیهان دەوروبەریان)(ا.د.محمد فتحی موسی، ل171)
 لەپەروەردەدا کێشەی دەسەڵات و رۆڵ هەیە، چونکە دوو جۆر دەسەڵات هەیە، یەکەمیان دەسەڵاتێکی رەهایە کە لەسەرەوە، یان لەدەرەوەی دەسەڵاتی مامۆستاوەیە بەسەر مامۆستادا سەپێنراوە، وەك پرۆگرام کە دەبێت وەك خۆی بیهێڵیتەوە، تەنانەت  بەو هەڵانەشەوە کە تێدایە، جگە لەمەش دەبێت ملکەچی بڕیارە جیاوازەکانیش بێت. دووەمیان دەسەڵاتی ناوخۆیی، یان خودی موختارییە، ئەو جۆرەیە کە رۆڵی مامۆستا بە یەکسانی رێکدەخات، وەك کەسی یەكەم لەنێوان تاکەکاندا.
هێربرت کلیبارد (Kliebard 1985) دەڵێت: (جۆری یەکەم لەسەرەتا و ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، دەستی بەسەر پرۆگرامی ئەمریکیدا گرتبوو، کە بریتی بوو لە (Liberalhumanism) و گەشەپێدانی (Developmentalism) و باشترکردنی کۆمەڵایەتی (Social meliorism) و کارامەیی زانستی (Scientific Efficiency) (موسی:،173)، سامی محەمەد نسار رۆڵی مامۆستا لە پۆست مۆدێرنەدا دەڵێت: (رۆڵی مامۆستا لەسەردەمی پۆست مۆدێرنەدا لەم هەنگاوانەدا دێتە دی: 
یەکەم: هاوکاریی فێرخوازان لە قووڵبوونەوەی هۆشیاریی خودییان بە رۆشنبیریی خۆیان و گەلانی تر.
دووەم: هاوکاریکردنی فێرخوازان بە ئاشکراکردنی بیروبۆچوونی خۆیان و ئەوانی تر و چۆنییەتی خستنەڕوویان.
سێیەم: هاوکاریکردنی فێرخوازان بە دۆزینەوەی سروشتی مەعریفە، لە روانگەی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و زمانەوانییەوە.
چوارەم: هاوکاریکردنی فێرخوازان بەداننان بە کەموکورتی و هەڵەکانیان، بەوەی گەورەیە، چونکە لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا کەس خاوەنی راستی نییە، بۆیە چەند دەزانین ئەوەندەش نازانین، چونکە ئەوەی دەیزانین رێژەییە و جێگر نییە و شیاوی گۆڕانە. (نصار،،2005،ص130)
کەواتە پەروەردە کارگەی دروستکردنە، نەك بەرهەمهێنانی مرۆڤ، بۆیە جۆری کارگە و کەرەستە و کرێکار و شارەزا...تاد، رۆڵی لەسەر جۆری پرۆسەی دروستکردنەکە هەیە، پەروەردە بەرهەمی مەعریفە و بەها و بیرکردنەوە و رەفتار و...تاد، یان چاودێری تەواوە لەسەر کەسایەتی مرۆڤ بەهەموو لایەنەکانییەوە (جەستەیی، دەروونی، عەقڵی، کۆمەڵایەتی) و گەشەپێدان و دروستکردنی، جۆن دێوی دەڵێت: (پەروەردە ژیانە، نەك ئامادەکاریکردن بۆی)، ئەمەش لەوەوەیە کە پرۆسەیەکی بەردەوامە بۆ بنیادنانی کارامەیی.

 

ئەم فەلسەفەیە پێیوایە فێربوون دەبێت فێرخواز سەنتەریی بێت، بەجۆرێک کە لە رێگەی ئەزموونی خۆیەوە بەشداریی لە بونیاتنانی زانیارییە کەسییەکانی خۆیدا بکات. لەبری پەروەردەی تەقلیدی، کە سنووردارە بە گواستنەوەی زانست لە مامۆستایەکەوە بۆ فێرخواز


پرنسیپە گشتییەکانی فەلسەفەی پۆست مۆدێرن:

بەگشتی فەلسەفەی پۆست مۆدێرن، چەند پرسێکی جیاواز لەخۆدەگرێت:
یەکەم: رەتکردنەوەی تیۆرە گشتگیرییەکان، بە تایبەتی گەورەکان، وەك تیۆرەکانی مارکس، هیگل، کونت، شیکاریی دەروونی.
دووەم: رەتکردنەوەی حەتمییەتی سروشتی و مێژوویی، کە لە قۆناغی مۆدێرنەدا باو بوو، بەتایبەتی چەمکی گەشەسەندنی پلە بە پلە.
سێیەم: رەتکردنەوەی هەموو کارە نواندنییەکان.
چوارەم: ناپێوەری و برەودان بە رێژەگەرایی و ئاکاری بەهایی.
پێنجەم: مامەڵکردن لەگەڵ دۆخە جیاوەزەکان لە رێگەی زمانەوە.
شەشەم: گومان و نادڵنیایی و رەنگدانەوەی بابەتییەت و عەقڵانییەت.
حەوتەم: فرەخوازیی هەمەجۆری شرۆڤەکردن.
هەشتەم: دژایەتیکردنی هەموو شێوەکانی دەسەڵات.(ا.د.محمد فتحی موسی،ص107)
سەبارەت بە ناوەڕۆکی پەروەردەیی پۆست مۆدێرن، چەند بنەمایەک بۆ ئەم فەلسەفەیە دانراون، لەوانە:
یەکەم: رەتکردنەوەی راستی رەها لەسەر ئاستی تەکنەلۆجی (بوون) باوەڕبوون بە فرەیی و هەمە جۆری شرۆڤە.
دووەم: گومان، نادڵنیایی و رەتکردنەوەی عەقڵ و بابەتییەتییەت و عەقڵانییەت لەسەر ئاستی ئەبستمۆلۆژی، ئەوانی تریش لەسەر بنەمای هەمان خاڵەکانی سەرەوە بوونیاد نراوە.
مۆدێرنەکان پێیانوایە زانست بە شێوەیەکی راست و بەردەوام، بەهۆی کەڵەکەبوونی زانیاریی نوێوە پێشدەکەوێت، بەڵام  پرۆگرام لەهەرێمی کوردستاندا بەداخەوە بەهۆی گومانییەوە ئەگەر زانستەکەش کەڵەکە بکات، نوێیی بەرهەم ناهێنێت، واقیعی حاڵیش گەواهیدەری ئەم راستیەیە.
دەق لە مۆدێرنەدا پەیوەندییەکی نووسراوە، بەوەی هەوڵی گەیاندنی پەیامێكی دیاریکراو دەدات بە خوێنەرەکان، بەڵام لەم پۆست مۆدێرنەدا دەق ژیانێكی تایبەتە و دابڕاوە لە نووسەر، بە شێوازێك دەق خاڵییە لە ناوەڕۆکی راستەقینە کە هەستی پێبکەین، بۆیە وا سەیری دەق دەکەن، دەتوانرێت سەر لەنوێ لەگەڵ هەموو خوێندنەوەیەكدا بنووسرێتەوە، بەڵام لە مۆدێرنەدا پەیامەکە کورتدەکرێتەوە بۆ خوێنەری نازیرەك و ئەمەش دەقی داخراوە، چونکە لای پۆست مۆدێرنەکان دەق ئامێرێکی بەرهەمهێنانی راڤەکانە.

تایبەتمەندییەکانی فەلسەفەی پۆست مۆدێرن
تایبەتمەندییەکانی فەلسەفەی پۆست مۆدێرن لەوەدایە بیرۆکە جێگیرەکان، یان راستی رەها دەخاتە ژێر پرسیارەوە، چونکە ئەم حاڵەتە تایبەتمەندیی فەلسەفە نەریتییەکانە و پێیوایە زانین گۆراو و فرەڕەهەندە و پەیوەستە بە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی و کەلتورییەوە. بەم شێوەیە فێربوون دەبێتە پرۆسەیەکی کراوە کە لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخەکاندا دەگۆڕێت، هەروەها دان بەوەدا دەنێت، کە پەروەردە ناتوانرێت ستاندارد، یان سنووردار بکرێت بە یەک روانگەوە، چونکە پشت دەبەستێت بەو زەمینە جیاوازانەی، کە فێرخوازان لێیەوە دێن، ئەمەش لەو سۆنگەوەیە کە فەلسەفەی پۆستمۆدێرن کار لەسەر پرەنسیپی رێژەیی دەکات، و جەخت لەوە دەکاتەوە کە راستی و مەعریفە جێگیر نین، بەڵکو رێژەیین و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە و لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی دیکە جیاوازن، جگە لەمەش فەلسەفەی پۆستمۆدێرن داوای قبوڵکردنی فرەیی کەلتوری و کۆمەڵایەتی دەکات لەناو سیستەمی پەروەردەدا، هانی تێگەیشتن لە هەموو بۆچوونەکان و دانپێدانان بە بەهاکانیان دەدات، بۆیە ئامانجی بونیاتنانی ژینگەیەکی پەروەردەییە کە تێگەیشتن و قەدرزانینی فێرخوازان لەگەل جیاوازییەکاندا بەرزبکاتەوە، ئیدی ئەو جیاوازییانە کەلتوری، کۆمەڵایەتی، یان تاکەکەسی بن.
ئەم فەلسەفەیە پێیوایە فێربوون دەبێت فێرخواز سەنتەریی بێت، بەجۆرێک کە لە رێگەی ئەزموونی خۆیەوە بەشداریی لە بونیاتنانی زانیارییە کەسییەکانی خۆیدا بکات. لەبری پەروەردەی تەقلیدی، کە سنووردارە بە گواستنەوەی زانست لە مامۆستایەکەوە بۆ فێرخواز، چونکە لە فەلسەفەی پۆستمۆدێرندا فێرخواز دەبێتە بەشداربوویەکی کارا لە داڕشتنی زانستەکەیدا.
یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی ئەم فەلسەفەیە رەخنەگرتنە لە پێکهاتە تەقلیدییەکانی دەسەڵات لە پەروەردەدا، وەک باڵادەستی مامۆستا لەسەر پۆل و یەک پرۆگرامی خوێندن، بەڵکو داوای پەیوەندییەکی کارلێکەرانەتر و بەشدارانەتر دەکات لە نێوان مامۆستا و فێرخوازدا، کە تیایدا مامۆستا دەبێتە رێبەرێک کە یارمەتی فێرخواز دەدات بۆ دۆزینەوەی زانست، لەبری ئەوەی ببێتە تاکە سەرچاوەی، هەر بۆیە فەلسەفەی پۆستمۆدێرن کار  بۆ فێرکردنی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و داهێنەرانە دەکات بە فێرخوازەکان، بەو پێیەی فێرخوازان هاندەدرێن بۆ خۆیان بیربکەنەوە و زانیارییە بەردەستەکان بخەنە ژێر پرسیارەوە، نەک وەک خۆی قبوڵی بکەن، هەروەها جەخت لەسەر بەدەستهێنانی ئەو لێهاتووییانە دەکرێتەوە، کە بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئاڵۆزییەکان و گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی جیهانی هاوچەرخدا بکەن، لێرەوە فەلسەفەی پۆستمۆدێرن پشت بە ستراتیژی پەروەردەیی داهێنەرانە دەبەستێت، وەک فێربوونی پڕۆژە، فێربوونی هاوبەش، فێربوون لەسەر بنەمای کێشە و پەروەردەی ئەزموونی. ئەمەش ئامانجی بونیاتنانی توانای فێرخوازە بۆ گەڕان و داهێنان، نەک تەنها سەرنجی لەسەر وەرگرتنەوەی زانیاری بێت.

  چەمکی پەروەردەی رەخنەیی
پەروەردەی رەخنەیی یان پێداگۆجیی رەخنەیی، رەوتێکی فەلسەفی پەروەردەییە و تیشک دەخاتە سەر ئازادکردنی فێرخوازان لە کۆت و بەندەکانی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتورییە ستەمکاری و ناڕەواکان. ئەم پەروەردەیە لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە کە پەروەردە بێلایەن نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، کە دەتوانرێت وەک ئامرازێکی ئازادی، یان هەژموون بەکاربهێنرێت.
لایەنگرانی پێداگۆجیی رەخنەیی پێیانوایە رۆڵی مامۆستا تەنها بەخشینی زانیاری نییە، بەمەبەستی سەرقاڵکردنی فێرخوازان لە شیکردنەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەوروبەریان بە ئامانجی بەدەستهێنانی گۆڕانکاری، بەڵکو ئەمەش تێدەپەڕێنێت

بنەما بنەڕەتییەکانی پێداگۆجیی رەخنەیی
یەکەم: پەروەردە وەک ئامرازێک بۆ ئازادبوون، پێداگۆجیی رەخنەیی پێیوایە کە فێرکردن دەتوانێت تاکەکان بەهێز بکات بۆ تەحەدای سیستەمی نادادپەروەرانە و بەدەستهێنانی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، ئەمەش پێویستیی بەوەیە فێرخوازان ببنە بەشداربوویەکی چالاک لە پرۆسەی فێربووندا، نەک تەنها وەرگر بن.
دووەم: هۆشیاری رەخنەیی، هۆشیاری رەخنەیی (Conscientization)، چەمکێکە کە لەلایەن پاولۆ فرێرییەوە دانراوە و ئاماژەیە بۆ هۆشیاریی تاکەکان لەو دۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی کە کاریگەرییان لەسەرهەیە، ئامانجیشی ئەوەیە فێرخوازەکان ئاگاداری واقیع و بارودۆخی کۆمەڵایەتیی خۆیان بن، هەروەها بەشێوەی بیرکردنەوەیەکی رەخنەگرانە لەسەر چۆنییەتی گۆڕینی بیر بکەنەوە.
سێیەم: فێربوونی گفتوگۆیی، فێرکردن پرۆسەی گواستنەوەی زانست نییە لە لایەنێکەوە بۆ لایەنێکی تر، بەڵکو گفتوگۆیە لە نێوان مامۆستا و فێرخوازدا، بەم پێیەش مامۆستا و فێرخواز هاوبەشن لە بەرهەمهێنانی زانیاری و زانستدا، هەروەها بیرۆکەکان بە شێوەیەکی رەخنەگرانە و بونیاتنەرانە ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
چوارەم: رەخنەگرتن لە سیستەمەکانی ئێست، پێداگۆجی رەخنەیی داوای شیکاری سیستەمی پەروەردەیی و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، بۆ ئەوەی تێبگەین کە چۆن بەشداریی دەکەن لە بەهێزکردنی نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و فێرخوازان هاندەدرێن کە دۆخی ئێستا بخەنە ژێر پرسیارەوە و بەدیلێکی دادپەروەرانە و دادپەروەرانەتر لەبەرچاو بگرن.
پێنجەم: دادپەروەری کۆمەڵایەتی
ئامانجی کۆتایی پێداگۆجیی رەخنەیی، بەدەستهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە لە رێگەی بەهێزکردنی تاک و گروپە پەراوێزخراوەکانەوە.

پاولۆ فرێری:

فرێری بە باوکی رۆحی پەروەردەی رەخنەیی دادەنرێت، و لە کتێبی “پەروەردەکردنی ستەملێکراوان”دا بیرۆکەکانی خۆی خستۆتەڕوو و فۆکەس دەخاتە سەر پەیوەندیی نێوان پەروەردە و ئازادی لە نا دادپەروەریی و چەوساندنەوەدا، هەروەها داواشی کردوە فێرخوازان بەشداربن لە شیکردنەوەی ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆیان.
هێنری جیرۆ:
جیرۆ جەخت لە گرنگی بەستنەوەی پەروەردە و فێرکردن دەکاتەوە بە سیاسەت و رۆشنبیرییەوە، جگەلەمەش، داوای بەهێزکردنی فێرخوازان دەکات لە بیرکردنەوەی رەخنەگرانەدا، لەپیناو رووبەڕووبوونەوەی هێزە کۆمەڵایەتییەکان، کە هەوڵی کۆنترۆڵکردنیان دەدەن.
مایکل ئەپڵ: (Michael Apple)
ئەپڵ تیشکی خستە سەر پەیوەندیی نێوان فێرکردن و ئابووریی سیاسی،  لەگەڵ شیکاریی کردنی چۆنییەتی رەنگدانەوەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان لە پرۆگرامەکانی خوێندندا 
ئامانجی پەروەردە لەفەلسەفەی پۆستەمۆدێرندا
پ.د.محەمەد فەتحی موسا:
ئەو پرنسیپەی کە مەعریفە لەسەری وەستاوە و  شەرعییەتی پێدەبەخشێت، پرەنسیپی (ئەنجامدان، Performativity) -ە، واتە رادەی بەشداریی مەعریفییە لە چارەسەرکردنی کێشەکان و چاککردنی سیستمی کۆمەڵایەتی، نەك راستی، یان ئازادی، مەعریفەش لەخودی خۆیدا ئامانج نیە و شەرعییەتی خۆی لە چیرۆکەکانی مۆدێرنەی گەورە لەبارەی زانست و ئازادییەوە وەرنەگرتووە، هەروەها کارو فێربوون لەچوارچێوەی پرەنسیپی ئەنجامداندایە.
بەپێی بۆچوونی فرانسوا لیوتار ئامانجی پەروەردەیی لە فەلسەفەی پۆست مۆدێرندا، دروستکردنی کارامەییەکە، کە ئەو سیستمە ناتوانێت دەستی لێهەڵبگرێت، ئەم کارامەییانەش دوو جۆرن، یەکەمیان: ئەو کارامەییانەی کە بەشێوەیەکی لاوەکی ئامانجیان مامەڵەکردنە لەگەڵ جیهانییەکەدا و بەپێی پسپۆڕی جۆرەکەی دیاریدەکرێت و دەوڵەت یان دەزگا  دەتوانێت لە بازاڕی جیهانیدا بیفرۆشێت، جۆری دووەم: ئەو کارامەییانەن، کە پێداویستییەکانی کۆمەڵگە دابیندەکەن، ئەمەش پەیوەست ناکرێت بەوەی خوێندن وەك نمونەی باڵاو مەبەستە مرۆییەکە بێت، بەڵکو ئامانجەکانی فێربوون، کارنامەیەکی بەسودی پراکتیکین.

پرۆگرام لەفەلسەفەی پۆست مۆدێرنەدا
بەپێی پۆست مۆدێرنە، پێویستە پرۆگرام لەگەڵ فێرخوازدا بگونجێت، بەو مانایەی ناوەڕۆك و کارامەیی بگونجێت لەگەڵ فێرخواز و پێداویستییەکانی، ئامانجی پرۆگرام گۆڕاوی (Transformative) بێت، بۆئەوەی فێرخواز هەست بەجیهانی دەوروبەری بکات و بیپشکنێت، پاشان بەشێوەیەکی زیرەکانە لێی تێبگات، بۆیە چالاکی فێرخواز نابێت پێشتر بڕیاری لەسەردرابێت، بەڵکو لەسەر بنەمای حەزی فێرخواز و ئەو رێگەیەی کەتێیدەگات دیاریدەکرێت، بۆیە لەسەر مامۆستایە کە گرنگی بەڕێگەی وانە وتنەوەیەك بدات، کە فێرخواز زانیارییەکانی پێ زیادببێت، بەهۆی شێوازی فێرکاری جیاواز و بە زیرەکی هەمەجۆر، نەك زیرەکی کلاسیکی، بۆیە پرۆگرام پرۆسیەکە شتی زانراو ناوگوازێتەوە، بەڵکو شتی نەزانراو دەناسێنێت، چونکە لەم رێگایەوە بوونیادی هێز و توانا تایبەتەکان دەکرێن، رورتی پێیوایە، پرۆگرام لە چوارچێوەی پۆست مۆدێرنەدا ناتوانرێت بۆ یەك جار بخرێتەڕوو، چونکە وەك پرۆسەیەکی دیالۆگی و گۆڕاوی و ئاڵوگۆڕییەو پشت بە کارلێکی خودی و بوونیادەکەی دەبەستێت، کەواتە پرۆگرام لە پۆتسمۆدێرنەدا لە پرۆگرامێکی گۆڕاو، ئاڵووێرییە و لەسەربنەمای سیستمی کراوە کاردەکات، پرۆگرامێکە پێشتر بڕیاری لەسەر نەدراوە، چونکە لەسەر بنەمای کاروکارلێك لەنێوان هەردوو لادا دێتەدی.
بۆیە پرۆگرام دەبێت لە رووی جۆرایەتی و کێشە و هۆکار و کوالێتییەوە دەوڵەمەندبێت، لەگەڵ ژینگەیەکی لەبار، تا هۆکار بێت بۆ داهێنان و دۆزینەوەی شتی نوێ.

رێگەی وانەوتنەوە لە فەلسەفەی پۆست مۆدێرنەدا
رێگەی وانەوتنەوە لە فەلسەفەدا ئەو رێگەیەیە کە پێویستە کۆتاییەکەی دیاریکراو و جێگیربێت لەکاتی دانانی پلاندا، واتە پێش دەستپێکردنی وانە بەتەواوی هەمووشتەکان بە روونی و جێگری یەکلایی کرابنەوە، پاش دیاریکردنی کات و پێوانەکردنیان، لەپێناو هێنانەدی ئامانجەکان، بەمەش چالاکییەکان پێوانە و دیارییدەکرێت، لەسۆنگەی ئەم کۆتاییانەی کە دێتەدی، لەگەڵ ئەوکاتەی کە پێویستە بۆ هێنانەدی، هەرچەند هەندێك وڵات پێیانوایە ئەم سیستمە داخراوە و گرنگی پەروەردە کەم دەکاتەوە و لە چەند ئامانجێکی دیاریکراودا کۆتدەکرێت.
روانینی پۆست مۆدێرنە لە فێربووندا، لەگەڵ تیۆری بوونیادنانی کۆمەڵایەتی دەگونجێت(Social Constructivism) کە پێیوایە فێرخواز مەعریفە لەناو زەینی خۆیدا بوونیاد دەنێت، ئەم بوونیادنانەش لە کۆنتێکستی کۆمەڵایەتیدایە نەك ئاکاری، بۆیە ئەم تیۆرە تیۆری فێربوونە، نەك وانەوتنەوە.
 
پۆستمۆدێرنیزم و پەروەردە
پۆستمۆدێرنیزم رەخنەی لە بەرزڕاگرتن و باڵایی عەقڵ مۆدێرنیتە و گرنگیدان بە زانست و بابەتە زانستییەکان گرت. ئەم تێڕوانینەشی لە روانگەی مەعریفەوە خستووەتەڕوو، مەعریفە لە روانگەی پۆست مۆدێرنەوە لە چوارچێوەیەکی کەلتوریدا بونیاتنراوە و ئەرکی پێداگۆجی رەخنەیی ئەوەیە، وا لە فێرخوازان بکات، ئەو بەها و گریمانە و ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندییانە بپشکنن، کە لە مەعریفەدا رەنگدەدەنەوە، بۆئەوەی بتوانن زانست بەرهەمبهێنن لەبری ئەوەی وەک وەرگرێکی ناڕەخنەگرانە بمێننەوە. ئەمەش پاولۆ فرێری، بە پەروەردەی وروژاندنی پرسیار، یان پرسیارکردن  ناوی دەبات، بە پێچەوانەی ئەو پەروەردەیەی کە ناوی لێنابوو پەروەردەی بانکی، کە پشت بە گواستنەوەی زانیاری دەبەستێت.

روانگەی پۆستمۆدێرنەوە ئامانجەکانی 
پەروەردە لە کۆمەڵگەی پۆستمۆدێرندا، وەک لیۆتارد لە کتێبی (دۆخی پۆستمۆدێرن)دا پێناسەی کردووە، بریتییە لە سیستم و خوڵقاندنی ئەو لێهاتووییانەی کە ئەو سیستمە ناتوانێت دەستیان لێهەڵبگرێت، ئەرکی مامۆستاش ئەوە نییە راستییەکان بەو شێوەیەی کە دەیبینێت، بگەیەنێتە مێشکی فێرخواز، بەڵکو ئەرکی ئەو یارمەتیدانی فێرخوازە بۆ بونیاتنانی راستییەکانی خۆی، کە لەلایەن کۆمەڵگە و کەلتورەکەیەوە لە قاڵب دراون، هەربۆیە پۆستمۆدێرنیزم جەخت لەوە دەکاتەوە کە فێرخواز دەبێت فێربێت پشت بەو بابەتانە نەبەستێت، کە مۆدێرنیتە بانگەشەی بۆ دەکات. سەبارەت بە پەیوەندیش، پۆستمۆدێرنیزم کاریگەری لەسەر سروشتی پەیوەندی نێوان فێرخواز و مامۆستا هەیە، چونکە مامۆستا چیتر وەک ئەو پسپۆڕە سەیر ناکرێت کە زانیاری دەدات بە فێرخواز، هەروەها جەخت لەسەر کارلێکی تاکەکەسی فێرخواز و مامۆستا و گەڕانی هاوبەش دەکرێتەوە، سەبارەت بە پرۆگرامیش پێویستە لە دیدگای مۆدێرنەوە بۆ پرۆگرام دووربکەوینەوە، بەوەی  رێبازی کەڵەکەبوو و خستنەڕووی ناوەڕۆک بگۆڕین بۆ رێبازی گۆڕانکاری، واتە هەوڵدەدات گۆڕانکارییەک لە تێگەیشتنی فێرخوازدا بهێنێتە ئاراوە، بەوەی  چی لە دەوروبەریدا روودەدات،  پاشان تێگەیشتن لە خۆی، پرۆگرام ئەو راستیانەی تێدا نییە، کە پێویستە بگەنە فێرخواز، بەڵکو بەندە بەو شتانەی کە جێگەی سەرنجن لەرێگەی بەکارهێنانی پراکتیکەوە، کەواتە هەر بۆیە چەمکی پۆستمۆدێرن بۆ فێربوون لەسەر ئەو باوەڕە بونیادنراوە، کە هەر تاکێک لە سەرچاوەی جیاوازەوە مانا دروستدەکات، نەک بە ئامادەیی لە کەسێکی پسپۆڕەوە وەریبگرێت، بۆیە لە رێگەو شێوازەکانی فێرکردندا، گرنگییەکی تەواو بەدیالۆگ و دۆزینەوە دەدرێت، لەبەرامبەریشدا رۆڵی مامۆستا وەک سەرچاوەی زانیاری کەمدەکرێتەوە، هەرلەبەر ئەمەشە پۆستمۆدێرنیزم میتۆدی گەڕان و ئاشکراکردن دەگرێتەبەر، نەک بۆ دۆزینەوەی راستییەکان، بەڵکو وەک وەڵامێکی کاتی، تا ئەو کاتەی شتێکی دیکە دەدۆزرێتەوە، چونکە فێرخواز هەمیشە زانست لە مێشکیدا بونیاتدەنێت. 

 

ژان فرانسوا لیوتارد

تایبەتمەندییەکانی پەروەردەی پۆستمۆدێرن
ڕەتکردنەوەی ناوەندگەرایی، هەر مۆدێلێکی ناوەندی، یان تاکلایەنە لە بیرکردنەوەی پەروەردەیی رەتدەکاتەوە، فرە کەلتوری و رۆشنبیری، هانی داننان بە فرەچەشنی رۆشنبیری و کەلتوری و نەتەوەیی و ئاینیدا  دەدات، لەگەڵ رێزگرتن لە جیاوازییەکان.
ناپیوەری: دژی سەپاندنی ستانداردە جێگیرەکانە بەسەر فێرخوازاندا، و بانگەشە بۆ گونجاندن لەگەڵ پێداویستی و ئەزموونەکانیان دەکات.
ڕەخنەی بەردەوام: هانی فێرخوازان و مامۆستایان دەدات، کە رەخنە لە سیستم و دامەزراوە پەروەردەییەکان بگرن، هەروەها لایەنگری و کەموکوڕییەکانیان ئاشکرا بکەن.
میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی لەبواری پەروەردەدا:
*مەنهەجێک دابڕێژە کە رەنگدانەوەی هەمەجۆریی کلتوری بێت و پشتگیریی لە بیرکردنەوەی رەخنەیی بکات.
*پێشخستنی فێرکردنی دیالۆگ، لەبری فێرکردنی پێکهاتەیی کە لەسەر بنەمای  تەلقین وەستاوە.
بەکارهێنانی تەکنیکە فێرکارییە کارلێککاری و هاوبەشییەکان، کە پشتگیری لە دەربڕینی خود دەکەن.
ئەم رەوتە هەوڵدەدات ژینگەیەکی پەروەردەیی نەرم و هەمەلایەنە بڕەخسێنێت، بۆئەوەی بەشداربێت لە بەتواناکردنی تاکەکان،  تاوەکو بە بیرکردنەوەی سەربەخۆ و رەخنەگرانە رووبەڕووی ئاڵۆزییەکانی جیهانی مۆدێرن ببنەوە.
کاریگەریی فەلسەفەی پۆستمۆدێرن لەسەر پەروەردەی هاوچەرخ
دامەزراوە پەروەردەییەکان، لەژێر فەلسەفەی پۆستمۆدێرندا، تێڕوانینێکی نوێ بۆ پەیوەندی نێوان فێرخواز و مامۆستا و پرۆگرام و ئامانجەکانی پەروەردە دەگرنەبەر. ئەم دامەزراوانە سەرنجیان لەسەر بونیاتنانی سیستمێکی پەروەردەیی نەرم و نیان و گشتگیرە، کە هەمەجۆریی لەبەرچاوبگرێت و فێرخوازان ئامادە دەکات بۆ گونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی کۆمەڵگەدا.
جگەلەمەش فەلسەفەی پۆستمۆدێرن لە پەروەردەدا، ژینگەیەکی کراوەی فێربوون دروستدەکات، کە فرەیی لە خۆدەگرێت و یارمەتی فێرخوازان دەدات، بیرکردنەوەی رەخنەیی خۆیان بونیاتبنێن و فرەچەشنی بۆچوونەکان بەرز بنرخێنن، ئەمەش وایان لێدەکات بە شێوەیەکی کاریگەر تێکەڵ بە جیهانێکی فرە 
کلتوری و ئاڵۆز بن.

 

دامەزراوە پەروەردەییەکان لەژێر فەلسەفەی پۆستمۆدێرندا، تێڕوانینێکی نوێ بۆ پەیوەندیی نێوان فێرخواز و مامۆستا و پرۆگرام و ئامانجەکانی پەروەردە دەگرنەبەر


گرنگترین بیرۆکە و تێڕوانینی رابەرانی پەروەردەی پۆستمۆدێرن
1- میشێل فۆکۆ:
تیشکی خستووەتە سەر پەیوەندی نێوان مەعریفە و دەسەڵات و ئەوەی خستووەتەروو، کە چۆن گوتارە پەروەردەییەکان وەک ئامرازی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنرێن، بۆیە دەڵێت پێویستە راڤەو شیکاری «گوتارە پەروەردەییەکان» بکرێت، لەپێناو تێگەیشتن لە دروستکردنی ناسنامەی کۆمەڵایەتیی و دەروونی تاکەکان، هەروەها تیشکی خستە سەر گرنگی تێکشکاندنی ناوەندگەرایی و  فۆکەس خستنە سەر جیاوازی و فرەییەکان لە پەروەردەدا.
2- ژان فرانسوا لیوتارد:
لیوتارد چەمکی «مەرگی گێڕانەوەگەرایی گەورەکان»ی خستەڕوو، وەک رۆشنگەری، عەقڵانیەت و عەلمانیەت و سەرنجی خستە سەر «گێڕانەوەگەرایی بچووک» کە رەنگدانەوەی ئەزموونە ناوخۆییەکان و پراکتیزە تاکەکەسییەکانن، بۆیە پێیوابوو کە پەروەردە دەبێت کراوە و فرە دەنگ بێت، نەک پشتی بە بنەمای تیۆری گەورە، یان مۆدێلی ستاندارد بەستبێت.
3 -جاک دێریدا:
دامەزرێنەری تیۆری هەڵوەشانەوە و داوای شیکردنەوەی دەقە پەروەردەییەکان دەکات، بەمەبەستی ئاشكراکردن و دەرخستنی لایەنگری شاراوە و دوو مانایی، هاندانی ئەو فێرکردنە دەدات، کە پرسیار دەکات، نەک وەڵامی ئامادەکراو پێشکەش بکات، ئەمەش رەخنە و بیرکردنەوەی داهێنەرانە بەرەوپێش دەبات.
4- ریچارد رۆرتی:
ئەو رەخنەی لە زۆر پشتبەستن بە زانست گرت، بەوەی کە وەک پێوەرێکی رەهای زانست لە پەروەردەدا بەکاردەهێنرێت.
هەروەها بانگەشەی ئەو جۆرە پەروەردەیە دەکات، کە لەسەر بنەمای گفتوگۆی کراوە بونیادنرابێت، کە تێیدا فێرخوازان هاندەدرێن بۆ بونیاتنانی چەمکەکانی تایبەت بە خۆیان لەبارەی راستییەوە.
5- هێنری جیرۆ:
چەمکی «پێداگۆگی رەخنەیی» (Critical Pedagogy) لە روانگەیەکی پۆست مۆدێرنەوە خستەڕوو و داوای کرد کە فێرخوازان بتوانن بیرکردنەوەیەکی رەخنەگرانە لەبارەی پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بخەنەگەڕ، هەروەها بە هۆشیاری رەخنەگرانەوە کارلێک لەگەڵ کلتوری باودا بکەن.
6-پاولۆ فرێیری:
هەرچەندە فریری بە پلەی یەکەم، پەیوەستە بە پێداگۆگیی رەخنەییەوە، بەڵام هەندێک لە بیرۆکەکانی دەنگدانەوەیان لەگەڵ پۆستمۆدێرنیزمدا یەکدەگرێتەوە، هەروەها فۆکەسی خستووەتە سەر پەروەردەیەکی ئازادیخوازانەو رێگە بە فێرخوازان دەدات، دەنگ و ئەزموونە ناوازەکانی خۆیان دەرببڕن.

 



بابەتە پەیوەندیدارەکان