هێمن عەزیز محەمەد*
پیێر بۆردیۆ بە یەکێک لە کۆمەڵناسە دیارەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت، لەڕێگەی هەندێک چەمکی بنەڕەتی بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانی ناو کۆمەڵگە، پەرەی بەم بوارەداوە، لەگرنگترینیان چەمکی«سەرمایەی کۆمەڵایەتی»یە. بۆ تێگەیشتن لە هزری کۆمەڵایەتیی بۆردیۆ، پێویستە شیکاری بیرۆکە و چەمکە و پەیوەندییەکەی بە تیۆرییەکانی وەک مەیدان و هەژموون و هابیتوس بکەین.
کاتێک بۆردیۆ باس لە بیری کۆمەڵایەتی دەکات، تیشک دەخاتە سەر پەیوەندیی نێوان پێکهاتەی کۆمەڵایەتی
(البناء الاجتماعي) و کردەی کۆمەڵایەتی(الفعل الاجتماعي)، ئەو بۆچوونی وایە کۆمەڵگە تەنها سیستەمێکی رێسا و جێگیر نییە، بەڵکو فەزایەکی دینامیکییە کە هێز و ململانێی بەردەوام بەڕێوەی دەبات. بۆردیۆ تاکەکانی کۆمەڵگە لەناو بوارە کۆمەڵایەتییەکان
(الحقول الاجتماعیة) دەبینێت کە ئەم بوارە کۆمەڵایەتییانە کارلێک دەکەن لە بوارەکانی وەک پەروەردە، ئابووری، هونەر، سیاسەت کە تیایدا تاکەکانی کۆمەڵگە کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە.
تاک لە کۆمەڵگەدا کۆمەڵێک ئامرازێکی دەروونی یان ئەو گەشەی تاک لە کۆمەڵگەدا بەدەستی دەهێنیت و بۆردیۆ چەمکی(هابیتوس)ی لە بەرامبەریدا بەکاردەهێنێت، کە لەڕێگەی مێژووی گەشەی کۆمەڵایەتیی تاکەوە دروست دەبێت و رێنمایی رەفتارەکانی تاک دەکات لەناو ئەم بوارانەی کەوا کاری تێدا دەکات. واتە ئەو خوو و تێڕوانین و بەهایانەی مرۆڤ لە منداڵییەوە بەدەستی دەهێنێت، کاریگەرییان لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی هەیە و زۆرجار بیرکردنەوە و رەفتارەکانی تاک لەقاڵب دەدات لەناو کۆمەڵگەدا. لێرەوە سەرمایەی کۆمەڵایەتی وەک مۆدێلێک لە کۆمەڵگەدا دەردەکەوێت.
سەرمایەی کۆمەڵایەتی یەکێکە لەو چوار شێوە سەرماییەی، کە بۆردیۆ باسی دەکات کە بریتین لە:
1 - سەرمایەی ئابووری(سامان و پارە).
2 - سەرمایەی کەلتوری(زانین، بڕوانامە، سەلیقەی کەلتوری).
3 - سەرمایەی رەمزی(شەرەف، ناوبانگ، پێگەی کۆمەڵایەتی).
4 - سەرمایەی کۆمەڵایەتی (پەیوەندیی کۆمەڵایەتی )
بۆردیۆ بۆچوونی وایە سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵێک پەیوەندیی کۆمەڵایەتی پێکدێت، کە تاکەکان دەتوانن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەکاریبهێنن. واتە کەسێک کە تۆڕێکی فراوان و کاریگەریی لە پەیوەندیدا هەبێت، دەتوانێت دەستی بگات بەو سەرچاوە و دەرفەتانەی کە رەنگە لەبەردەستی کەسانی دیکەدا نەبن، وەک هەلی کار، کاریگەریی سیاسی، یان پێگەی کۆمەڵایەتی، یان هەر دەرفەتێکی تر.
بۆردیۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی تەنها پەیوەندیی نێوان تاکەکان نییە، بەڵکو هێزێکە کە دەتوانرێت لە چوارچێوەی بوارە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا بقۆزرێتەوە، تا تۆڕی پەیوەندییەکانی تاک بەهێزتر بێت، توانای بەدەستهێنانی دەستکەوتی کۆمەڵایەتی، ئابووری یان کەلتوری زیاتر دەبێت.
بۆ نموونە، کەسێک کە لە پاشخانێکی کۆمەڵایەتی دەوڵەمەندەوە بێت یان بەهۆی سەر بە خێزانێکی ناسراوە یان ئەندامی عەشیرەت یان هۆزێکی بەناوبانگە، بەهۆی ئەم ناوبانگە کۆمەڵایەتییەوە، کارێک یان بواری کارێکی زۆر باشی دەستبکەوێت، بەم هۆیەوە ئەم دەرفەتەی پێدەبەخشێت کە لەکاتێکدا بۆ کەسانێک لەو جۆرە سەرمایە کۆمەڵایەتییانەیان نییە و تەنها کەسێکی ئاسایی کۆمەڵگەن و هەمان بڕوانامە یان ئەزموونیان هەیە بۆ ئەو کەسانە ئەم دەرفەتە بەردەست نییە.
لێرەوە دەردەکەوێت سەرمایەی کۆمەڵایەتی هەندێکجار ئامرازێکی بەهێزە بۆ تێگەیشتن لە نایەکسانی کۆمەڵایەتی، بەو پێیەی نیشان دەدات کە چۆن جیاوازییە چینایەتییەکان لەڕێگەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەرهەمدەهێنرێنەوە. بەڵام هەندێک رەخنەیان لە بۆردیۆ گرتووە کە بە پلەی یەکەم سەرنجی لەسەر ئەوە بووە کە نوخبەکان چۆن سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنن بۆ پاراستنی پێگەی خۆیان، بەبێ ئەوەی گرنگییەکی ئەوتۆ بدەن کە چۆن گروپە پەراوێزخراوەکان، بەرەنگاری ئەم دابەشکردنە نایەکسانە دەبنەوە.
لە کۆتایدا بۆچوونەکانی بۆردیۆ بۆ چەمکی سەرمایەی کۆمەڵایەتی، بەردی بناغەی تێگەیشتنن لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە پێکدەهێنێت. ئەم سەرمایە کۆمەڵایەتییە، تەنها تۆڕێک نییە لە پەیوەندییەکان، بەڵکو ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردن و بەرهەمهێنانەوەی باڵادەستی کۆمەڵایەتی. بۆیە بیری کۆمەڵایەتی بۆردیۆ وەک ئاماژەیەکی بنەڕەتی لە کۆمەڵناسییدا دەمێنێتەوە، بەتایبەتی لە لێکۆڵینەوە لە نایەکسانیی کۆمەڵایەتیی و دینامیکی دەسەڵات لەناو کۆمەڵگە جیاوازەکاندا.
ماستەر لە کۆمەڵناسی / ئەنپرۆپۆلۆجیا