دیاردەى کۆمەڵایەتى Social Phenomenon

10:22 - 2025-02-19
کەلتور
181 جار خوێندراوەتەوە

ئامادەکردنى :لاپەڕەى کۆمەڵناسی



دیاردە(Phenomenon) هەموو ئەو شتانەیە کە مرۆڤ دەتوانێت هەست بە بوونییان بکات، هاوکات دەتوانێت وەسفییان بکات و دەربارەیان بدوێت یان باسییان بکات. دیاردەى کۆمەڵایەتى Social Phenomenon ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک نموونەى کردار و بیرکردنەوە و هەستکردن کە لە کۆمەڵگەدا زاڵن و تاکەکان ناچارن لە کار و بیرکردنەوەیاندا پەیڕەوییان بکەن و شوێنپێیان هەڵگرن.

کۆمەڵناسی لەو باوەڕەدایە کە دیاردەى کۆمەڵایەتى کۆمەڵێک تایبەتمەندیى هەیە وەک:
1. لە خۆیەوە یان خۆکارە: پێش بوونى تاک هەبووە، واتە تاک بەبێ دوودڵی پیادەى دەکات، چونکە لەلایەن کۆمەڵگەوە دروستکراوە نموونەی ئەمەش بیروباوەڕی ئایینی و ئەخلاق.
2. ئۆبژەیە: واتە بوونێکی لە دەرەوەی هەستی تاک هەیە، چونکە دروستکراوی خۆی نییە، بەڵکو لەو کۆمەڵگایەدا وەریدەگرێت کە تیایدا دەژى، دیاردە لەم حاڵەتەدا بەرهەمی بیرکردنەوەی سووژە نییە، بەڵکو لە دەرەوەی هەستی تاکدایە، وەک زمان و ئایین و یاسا و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە بەبێ ئەوەی گۆڕانکاریی لە تاکەکاندا بکات.
3. بەزۆریی و ناچارییە: بەو پێیەی دیاردەکە لە دەرەوەی هۆشیاری تاکە، بەشێوەیەکى لەخۆوە و ناچارى تاک پیادەى دەکات.
4. مرۆڤانەیە: واتا لەناو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییدا سەرهەڵدەدات و میتۆد و رێسای بیرکردنەوە و کرداری مرۆڤ لەخۆدەگرێت.
5. پەیوەستە بە یەکەوە: لەگەڵ دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی تر و لەگەڵ ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی کە تێیدا لەدایک بووە.
یەکێک لە پێناسە هەرە دیارەکانی کۆمەڵناسییدا، پێناسەی کۆمەڵناس ئالان پێرۆیە، کە بە هەموو رووداوێک پێناسەی کردووە کە گوزارشت لە رواڵەتەکانى ژیانی کۆمەڵایەتی بکات. هەروەها بە سروشتی پەیوەندییەکان یان سروشتی بەها کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگادا ناسراوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی دیاردەی کۆمەڵایەتی ئەوەیە کە هەڵسوکەوتی تاکەکان لەخۆدەگرێت کە پێدەچێت کاریگەریی لەسەر تاکەکانی دیکە دروست بکات.

جۆرەکانى دیاردەى کۆمەڵایەتى
دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بەپێی کۆمەڵناسی پۆلێن دەکرێن بۆ:
یەکەم: دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لەڕووی ئاساییبوون و لادان (نەرێنی و ئەرێنی)
1 - دیاردە کۆمەڵایەتییە ئاساییەکان(ئەرێنی): کە لەڕێگەیەوە دەتوانین ئاماژە بە رەفتارەکان و پەیوەندییە باوەکان بکەین، ناو بازنەی ئەم دیاردەیە رەفتاری ئەرێنین وەک یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و هاوکاری و بە کۆمەڵایەتیکردن.
2 - دیاردەی کۆمەڵایەتی نائاسایی و لادان (نەرێنی): ئەمانە دیاردەگەلێکن کە بە سروشتێکی نەرێنی تایبەتمەندن. لە دەرەوەی پێوەرە پەسەندکراوەکانى کۆمەڵگەن بۆ نموونە: گەندەڵی دارایی و کارگێڕی، ساختەکاریی بازرگانی، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، دزی و بەرتیل.
دووەم: دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بە گوێرەى ئاستى بڵاوبوونەوەى
1. دیاردە بەربڵاوەکان: ئەمانە دیاردەیەکن کە رەنگە بەشێوەیەکى نیمچە تەواوەتى لە کۆمەڵگەدا هەبن. ئەم جۆرە دیاردانە پەیوەستن بە دیاردە ئەرێنییەکانەوە. وەک: هاوسەرگیریی و تەڵاق و بە کۆمەڵایەتیکردن.
2. دیاردەی بەربڵاوی سنووردار: ئەمانە دیاردەن کە رەنگە لەلایەن گروپێکی دیارییکراوەوە لەناو کۆمەڵگادا دەربچن. بەهۆی باوەڕێکی دیارییکراو یان رەوتێکی دیارییکراوەوەیە و ئێمە وەک دیاردەیەکی باو لە کۆمەڵگادا دەیبینین لە نێو ئەم دیاردانەدا بریتین لە: هاوسەرگیریی پێشوەختە، هەڵاواردنی رەگەزی، کۆچی نایاسایی.
زۆرێک لە دیاردە کۆمەڵایەتیەکان دەبنە کێشە و کەموکوڕی کە تاک لە کۆمەڵگادا رووبەڕووی دەبێتەوە، یان تەنانەت کۆمەڵگا بە گشتی رووبەڕووی دەبێتەوە. هاوکات دەکرێت دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی لە ئەگەری دروستبوونی هەڵەیەکدا بگۆڕێت بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کە دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی لە هەندێک لە رەوتەکانی کۆمەڵگا یان رەفتارە کۆمەڵایەتییەکان، بۆیە دەبێت درک بەو پەیوەندیی و ئاڵۆزییانە بکەین کە لە نێوان کردارەکاندا روودەدەن، چونکە ئەگەر ئەم کردارانە لە فۆرم و شێوەدا بڵاوببنەوە لە کردارێکی نەرێنی بەربڵاوەوە، دەبنە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان