د. لوبنا لەتيف *
و: پ.ی.د. عومەر عەلی ئەحمەد
کاتێک چەمکى (scientism-العلمجة*)م داهێنا، کە واتاى( زانستگەرایی و بە زانستکردنى ژیان دەگەیەنێت و مەبەستم لەوە بوو کە ملکەچکردنی ژیانی مرۆڤە بۆ لۆژیکی کۆمەڵایەتی لە ژێر چەتری «کۆمەڵناسی پۆست مۆدێرن»دا، کە پرسەکانی سیاسەت، ئابووری، کەلتور و ئەوانی دیکە دەبێت ملکەچی دەسەڵاتی کۆمەڵناسی بن).
ئەم کارە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و بە رێکەوت نەبوو. بەڵکو زادەى رەوشێکى تەژەند بوو کەبەسەر زانست و کۆمەڵگەدا هاتبوو، هەرئەمەش وایکرد کۆمەڵناسیی فەرەنسی ئالان تۆرین پێش سێ ساڵ و لە کتێبی (کۆتایى کۆمەڵگەکان) بڵێت: « مردنى کۆمەڵگەکان»، لەبەرئەوەى لە سەردەمی ئێستاماندا شوێنێک بۆ کۆمەڵایەتیبوون نییە، ئەویش بەهۆی مردنی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەڵناسەکان پێکەوە.
ئەو لەو باوەڕەدایە رۆڵی ئەوان لاواز و پەرش و بڵاوبۆتەوە، بە تایبەتی دواى دەرکەوتنى گۆڕانکارییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانى ئەم دواییەی وڵاتانی عەرەبی (بەهاری عەرەبی) نیشانی داوە کە کۆمەڵناسی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان چەندە رۆڵییان فشەڵ و لاوازە، کە بە بڕوای ئەو بوونەتە هۆی مردنی کۆمەڵگەکان، لەگەڵ ئەوەشدا من بە تەواوی پشتگیریی لە بیرۆکەکەی ئەو ناکەم ، بەڵام لەو شوێنەدا لەگەڵیدا هاوڕام کە رۆڵی کۆمەڵایەتی کاڵ بۆتەوە، لەبەرامبەردا وایدەبینم بەهۆى بارودۆخی کۆمەڵگەکان و هەڵاوسان و گۆڕانکارییەکان، هەموو ئەمانە دەرفەتێکن بۆ کۆمەڵناسی تاوەکو سەرکردایەتیی کۆمەڵگەکان بکات.
کۆمەڵناسیی دەتوانێت هەموو دیاردەکانی ژیان کە پەیوەندییان پێوە هەیە راڤە بکات، دەتوانێت لەڕێگەی کۆمەڵایەتییەوە سیاسی راڤە بکات، هەروەک چۆن دەتوانێت لەڕێگەی کۆمەڵایەتییەوە، ئابووری راڤە بکات
وەک چۆن فەلسەفەی سیاسیی لە سەردەمی پێش پیشەسازییدا بە گشتی زاڵ بوو بەسەر ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و جڤاکیدا، دواتر بەهەمانشێوە ئابووریش لە سەردەمی پیشەسازییدا زاڵ بوو، ئەوا ئەمڕۆش لە سەردەمی دوای پیشەسازی(پۆست مۆدێرنیتە)دا، پانتاییەکی چۆڵ هەیە کە جگە لە کۆمەڵناسی هیچ زانستێکى دیکە ناتوانێت پڕیبکاتەوە! لەژێر رۆشنایی ئەوەی من پێی دەڵێم «بە زانستیکردنی ژیان»، ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەى لە سەرەتای بەهاری عەرەبییەوە دەرکەوتن و کاردانەوەی کۆمەڵایەتیی بزووتنەوە سیاسییەکان کە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەکانمان هەبووە، لەڕاستیدا پێویستی بە ئامادەبوونی بەهێز و کاریگەریی کۆمەڵناسەکان لە وڵاتەکانماندا هەیە، بۆئەوەی بتوانن لەڕێگەی لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە و بەرامبەر ئەم گۆڕانکارییانە بوەستن. ئەمڕۆ رۆڵی کۆمەڵناسی لە تێگەیشتن و لێکدانەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی پاشەکشەى کردووە، بەتایبەت لە کۆمەڵگا عەرەبی و ئیسلامییەکانماندا دەبینین، لەبەر دوو هۆکار:
یەکەم: دەگەڕێتەوە بۆ خودی تیۆرەکە و پەیوەستبوونى بە ئایدۆلۆژیای دەرەکییەوە، کە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتە ملکەچی عەقڵ و میکانیزمەکانى تر، چ لەڕووی ستراتیژیی و چ لەڕووی پراکتیکییەوە!
دووەم: دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵناسان و پسپۆران، گرنگییان بە (داهێنانى خودى) نەداوە کە رۆڵێکى گرنگى هەیە لە بووژانەوە و بە ئاگاهاتنەوەى کۆمەڵگەکان.
بەڕاستی ئەرکی سەرشانی ئێمەیە کە زانستی شارنشینى مرۆیی بەرەوپێش ببەین، وەک یەکەم دامەزرێنەری مسوڵمان ئیبن خلدون، لە سەدەی چواردەدا (کە هاوتای کۆمەڵناسیی خۆرئاوایە، کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا دەرکەوت)، بۆئەوەی راستییە کۆمەڵایەتییەکان بە پشتبەستن بە واقیعی کۆمەڵایەتی ناوخۆیی خۆیان لێکبدەینەوە، وەک چۆن ئیبن خەلدون کردوویەتی! لە کاتێکدا کە ئێمە زۆر پێویستمان بە دامەزراندنی تیۆرێکی جددی هەیە کە واقیعی ناوخۆیی ئێمە لەگەڵ هەموو تایبەتمەندییە ئایینی و کەلتوریی و جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییەکانیدا رەنگ بداتەوە و هاوتا بکات.
سەرەڕاى هەبوونى چەندین ناکۆکی هزریى و ئایدۆلۆژیم لەگەڵ کۆمەڵناسیی میسری کۆچکردوو(ئەحمەد سەمیر) بەڵام ناکرێت رۆڵ و کاریگەریی لەبیر بکرێت و فەرامۆش بکرێت لەبەرئەوەى ئەو خاوەنى دۆزێک بوو کە لەپێناوى کۆمەڵناسییدا خەباتى کردووە و هەوڵی تێگەیشتن و شیکردنەوەی بارودۆخی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە عەرەبییەکانى داوە بە دیدێکی لۆکاڵی و خودییەتى عەرەبیانە.
کۆمەڵناسیی فەرەنسی ئەمیل دورکهایم جەختی لە گرنگی و پێویستی ئەوە دەکردووە کە هەرشتێک کۆمەڵایەتى بێت دەبێت کۆمەڵایەتییانە راڤە بکرێت، کە تا ڕادەیەک ئەمە بە راستی دەزانین، بەڵام من بەشەرمەزاریى نازانم گەر بڵێم هەموو ئەو شتانەى(زیندوون) بە کۆمەڵایەتى راڤە بکرێنن.
بەڵێ کۆمەڵناسی دەتوانێت هەموو دیاردەکانی ژیان کە پەیوەندییان پێوە هەیە راڤە بکات، دەتوانێت لەڕێگەی کۆمەڵایەتییەوە سیاسی راڤە بکات، هەروەک چۆن دەتوانێت لەڕێگەی کۆمەڵایەتییەوە ئابووری راڤە بکات. هاوکات هەموو رواڵەتەکانى ژیانی کۆمەڵایەتی ئەمڕۆ بە روونی باڵادەستی رەهەندی کۆمەڵایەتی نیشان دەدەن و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆ بەشێوەیەک داغ بوون کە رەهەندی کۆمەڵایەتیی بەرچاو و بەهێز کردووە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە دەبینم کە سەردەمی ئەمڕۆمان بەڕاستی سەردەمی کۆمەڵناسییە.
ئێستا سیاسەت لەلایەن خەڵک و بیروڕاى گشتییەوە دەجووڵێنرێت، ئابووری ئەمڕۆش لەلایەن زانیارییەکان و دەسەڵاتى زانینەوە دەجووڵێت. لێرەدا زاڵبوونی رەهەندیی کۆمەڵایەتی بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتییدا دەردەکەوێت و ئەمەش شتێکە کە من بە روونی دەیبینم، کە نە فەلسەفەی سیاسی ئەمڕۆ و نە ئابووری توانای تێگەیشتنیان لە بزووتنەوەی سیاسیی و ئابوورییەکان نییە، بەبێ دەستنیشانکردن و شیکردنەوە و پێشبینیکردنی کۆمەڵایەتی، ئەمانەش وایانکردووە کۆمەڵناسی ئەو زانستە بێت کە ئەمڕۆ پێویستە بۆ رابەرایەتییکردنی عەقڵی پۆست مۆدێرن، تا بتوانێت رۆڵی راستەقینە و پێشەنگانەی خۆی بگێڕێت لە لێکدانەوەی بزووتنەوەی مێژوو بە هەموو لایەن و رەهەند و کاریگەرییەکانییەوە، کە من ناوم ناوە “زانستیبوونى ژیان”.
*دکتۆرا لە کۆمەڵناسی گەشەپێدان، نووسەری رەخنەگر و پرۆفیسۆری کۆمەڵناسی لە زانکۆی جەزائیر
سەرچاوە:
https://www.noonpost.com/