بەچاودێریی د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، فەرمانگەی كاروباری ژنان لە سەرۆكایەتیی كۆمار، لە مێزگردێكدا وردەكاریی ئیقلیمی ساڵی 2024ی سەبارەت بە توندوتیژیی دژی ژنان و كچان خستەڕوو.
لە مێزگردەكەدا، كە چەندین پسپۆڕی وەزارەت و دەزگا و دامەزراوەی حكومی و رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی لە عیراق و هەرێم و نوێنەرایەتیی وڵاتان و شارەزایانی نێودەوڵەتی بەشداربوون و وتەیان پێشكەشكرد، خاتوو حەنا كۆركیس بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی كاروباری ژنان لە سەرۆكایەتیی كۆمار، لە وتەیەكدا رایگەیاند: مێزگردەكە، پلاتفۆرمێكە كە هەموو جۆرەكانی توندوتیژی رەتدەكاتەوە، هەروەها پەرەپێدانی بەرنامە و گرتنەبەری رێوشوێنی كاریگەرە بۆ پاراستنی ژنان و كچانی وڵاتەكەمان.
ئاماژەی بەوەشكرد كە هەوڵەكان بەو ئاڕاستەیەن ژینگەیەك بۆ ژنان و كچان دروستبكرێت تا بتوانن بە ئارامی و شكۆمەندییەوە بژین و وتیشی: قۆناغی ئێستا پێویستی بە هەوڵ و كاری هاوبەش هەیە بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژییەكان دژی ژنان، كە ئێمە لە سەرۆكایەتیی كۆمار كاری تەواومان لەسەر كردووە و ئەم مێزگردەش لەوچوارچێوەیەدایە.