ئا: گەلاوێژ رەزا
تەها لەتیف حەسەن
ساڵی 1952 لەشاری کەرکوك لە گەڕەکی ئیمام قاسم هاتۆتە دنیاوە، خوێندنی ناوەندیی هەر لەو شارە تەواو کردووە.
هەر لە منداڵییەوە حەز و خولیای زۆری هەبووە بۆ هونەری پەیکەرتاشی و وێنەگرتن.
لە ساڵی 1968 بەهۆی خراپی بارودۆخی ئەو کاتە لە کەرکوك لە خوێندن دادەبرێت، زۆر باش خۆی فێری وێنەگرتن کردووە، لەبەڕێوەبەرێتی (شؤن ارشادات) مۆڵەتی وێنەگری وەرگرتووە.
ساڵی 1969 لەگەڵ هاورێیەکی بە ناوی عەلی ستۆدیۆیان داناوە لە بەغدا لە شەقامی ئەتلەس بەناوی ستۆدیۆ عەلی. لەو کاتەوە بەردەوام بووە تا ساڵی 1970 ناوی هاتۆتەوە بۆ سەربازی لە کەرکوك، بەیانیان لە خزمەتی سەربازی بووە و دوانیوەڕۆیان لە ستۆدیۆکەی کاری کردووە بۆ ماوەی دوو ساڵ.
لە 26/2/1972 لەلایەن ئەمنی کەرکوکەوە بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندان و دڕاندنی وێنەی ئەحمەد حەسەن بەکر، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە بەهۆی ئەو فەرمانەوە کەرکوکی جێهێشتووە و چۆتە شاخ، دواتر چۆتە ئێران لە شاری سەردەشت و کرماشان کاری وێنەگری کردووە .
لەگەڵ کاری وێنەگرتندا پەیکەری بچوکی دروست کردووە لە تواندنەوەی نایلۆن و پێشانگایەکی شێوەکاری رێکخستووە کە لەلایەن کاك مەم بۆتانەوە کراوەتەوە.
هەر لەو ساڵانەدا لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە دەستگیرکراوە و براوەتە ئۆردوگای سەرپێڵی زەهاو تا کاتی لێبوردنی گشتی خەڵکی کوردستان گەراوەتەوە کەرکوك، بەهۆی ئەوەی خێزانەکەی لە کەرکوك گواستراونەتەوە (ترحیل) بۆ باشووری عیراق رووی کردۆتە شاری سلێمانی.
ساڵی 1976 لە گەڕەکی شەخسەکەی ئابڵاخ پشت مزگەوتی حاجی حەسەنی لۆکە چۆتە ماڵی ئامینەخان خێزانی کاك مەجید لەوێ کرێچی بووە. لە رێی قادر مەجیدەوە کوڕی ئەو خانەوادەیە کە یەکێك بووە لەفلاشگێڕەکانی سلێمانی، چۆتە ستۆدیۆ هونەر کاری فلاشگێڕی کردووە لە زانکۆی سلێمانی بۆ ئەو ستۆدیۆیە.
ئەوکاتە بۆ شتنەوەی فیلمەکان دەچونە بەغدا لە وێنەگری کفاح لە شەقامی کفاح، هەر لەوێ خولی شتنەوە و چاپکردنی بینیوە و جیهازی(DURST) ئیتاڵی هێناوەتە سلێمانی، خۆی کاری شتنەوە و چاپکردنی کردووە تا زانکۆی سلێمانی گواستراوەتەوە بۆ هەولێر.
ساڵی 1980 ستۆدیۆی خۆی داناوە بە ناوی کاروخ لە کارێزە وشك تا ساڵی 1994.
بەهۆی لێهاتوویی و شارەزایی لە هونەری وێنەگرتن ساڵی 1994 لە کۆنگرەی نیشتمانی یەکگرتووINC وەك وێنەگر دامەزراوە.
ساڵی1997 گواسراوەتەوە بۆ دازگای ناوەندی راگەیاندن
سەرەتای 2000 تا 2019 لە ئەنجومەنی وەزیران دەست بەکاربووە وەك وێنەگر.
لە ماوەی کارکردنیدا تا ئێستا وێنەی زۆر کەسایەتی و خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات و خوێندکاری زانکۆ و خەڵکی کەرکوك و سلێمانی گرتووە و ئەرشیفێکی گەورەی بەخشێوە بەم شارە کە بەشێکی نەبوونەتە موڵکی خۆی.
ئێستاش لەژیاندا ماوە وەك حەز و ئارەزووی خۆی بەردەوامە لە وێنەگرتن.