سەرۆک کۆمار د. لەتیف جەمال رەشید لە قاهیرەی پایتەختی میسر لە پەراوێزی کۆبونەوەکانی لوتکەی عەرەبی پێشوازیکرد لە مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین و وەفدی هاوڕێی، کە پێکهاتبوون لە حسێن شێخ سکرتێری دەستەی کارگێڕی ڕێکخراوی فەتحی فەلەستین و محەمەد مستەفا سەرۆک وەزیر و وەزیری دەرەوەی فەلەستین و باڵیۆز دیاب ئالوح باڵیۆزی فەڵەستین لە میسر و مەجدی خالیدی ڕاوێژکاری سەرۆکی فەلەستین بۆ کاروباری دیپلۆماسی.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار هەڵوێستی پتەوی عیراقی لەبارەی مەسەلەی فەلەستین دووپات کردەوە، هەروەها پەرۆشی عیراقی بۆ پەرەپێدانی کاری هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فەلەستین لە پشتیوانیکردنی دۆزی رەوای فەلەستینیەکان دوپاتکردەوە.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی پشتیوانیکردنی گەلی فەلەستین بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو پیلانانەی کە دەبنە مایەی ئاوارەبوونی فەلەستینییەکان و دەربەدەربونیان بۆ ناوچەکانی دیکە و داگیرکردنی زەوییەکانیان.
هەر لەو دیدارەدا دوایین پێشهاتی ئیقلیمی و ئەو کارەساتە مرۆییەی کە گەلی فەلەستین ڕووبەڕووی بووەتەوە تاوتوێکرا و لەوبارەیەوە سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی پابەندبوونی ڕاستەقینە بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و ڕێگەدان بە گەیاندنی یارمەتییە مرۆیی و پزیشکی و خۆراک بە هاووڵاتیان بە شێوەیەک کە پێداویستییەکانیان مسۆگەر بکات.
هەردوو سەرۆک جەختیانکردەوە کە مەسەلەی فەلەستین لە ئێستادا بابەتێکی گەرمە و ئەمەش پێویستی بەوەیە کۆمەڵی نێودەوڵەتی و هێزە نێودەوڵەتیەکان بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی مێژوویی و سیاسی و مرۆیی نیشان بدەن بۆ ئەوەی کاربکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمەلایەنە و دادپەروەرانە بۆ مەسەلەی فەلەستین.
لە دیدارەکەدا هەردوولا باسیان لە کارنامەی لوتکەی عەرەبی و گرنگییەکەی کرد لە پەرەپێدانی کاری هاوبەش و هاریکاری نێوان وڵاتانی عەرەبی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ناوچەکە.
لای خۆیەوە مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی پێزانینی حکومەت و گەلی فەلەستینی نیشاندا بۆ هەڵوێستە مێژووییەکانی عیراق لە پشتیوانیکردنی مەسەلەی فەلەستین و هەروەها هەوڵەکانی عیراق و هاریکاری بەردەوام بۆ برا فەلەستینیەکانیان بەبایەخەوە باسکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیر و وەزیری دەرەوە و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و د. قەحتان جەنابی باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی عیراق لە کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی و مستەفا غالب مخیف راوێژکاری سەرۆک کۆمار ئامادەی بون.