سەرۆك كۆمار لە قاهیرە لەگەڵ سەرۆكی وڵاتاندا دۆخی فەلەستینی تاوتوێكرد

12:15 - 2025-03-06
عیراق
144 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوای بەشداریكردن لە كارەكانی لووتكەی نائاسایی عەرەبی كە لە قاهیرە بەڕێوەچوو، دوێنێ گەڕایەوە بەغدا.
لە پەراوێزی چالاكییەكانی لووتكەكەدا، سەرۆك كۆمار چاوی كەوت بە سەرۆكی  فەلەستین مەحمود عەباس، سەرۆكی لوبنان جەنەراڵ جۆزێف عەون، سەرۆكی میسر عەبدولفەتاح سیسی، شا عەبدوڵڵای دووەمی  پادشای ئوردن، پادشای بەحرەین حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە و جێنشینی دەوڵەتی كوەیت شێخ سوباح خالد حەمەد ئەلسوباح و وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودی فەیسەڵ بن فەرحان و سەرۆكی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵ (فاو) كیان ئەكرەم جاف، هەروەها سەرۆك كۆمار وتەی عیراقی لە لووتكەكەدا پێشكەشكرد.
لەو دیدارانەدا، جەخت لە رەتكردنەوەی راگواستنی فەلەستینییەكان لە كەرتی غەززە و دەستبەسەرداگرتنی زەوییەكانیان  و پێویستی یەكخستنی هەوڵەكان بۆ پشتیوانیكردنی گەلی فەلەستین، كرایەوە.
لە كۆبوونەوەكاندا، فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و د.قەحتان جەنابی باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی عیراق لە كۆمكاری عەرەبی و مستەفا غالب مەخیف راوێژكاری سەرۆك كۆمار ئامادەبوون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان