ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
عیراق پێویستیی به زیاتر له 35 هه‌زار مێگاوات كاره‌با هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ماڵی زیاتر له 45 ملیۆن هاووڵاتیی رووناك بكاته‌وه و كاره‌باش بۆ سه‌رجه‌م سێكته‌ره ئابوورییه‌كان دابین بكات، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یتوانیوه بڕی پێویستی كاره‌با دابین بكات، به تایبه‌تیش له‌م دواییانه‌دا كه له ژێر گوشاری ئه‌مریكادا ده‌ستبه‌رداری غازی ئێران بوو، كه به‌شێكی سووته‌مه‌نی وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای دابین ده‌كرد و به‌وه‌ش كه‌لێنێكی گه‌وره له به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌بادا دروست بوو، به‌ڵام عیراق له هه‌وڵی بێوچاندایه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لێنه و زیادكردنی به‌رهه‌می كاره‌با.
به رێگه‌ی جیاجیا
وه‌زاره‌تی كاره‌بای عیراق له‌م رۆژانه‌دا چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی ئاشكراكرد، كه به نیازه رێگه‌ی جیاجیا و له رێگه‌ی ئه‌و پرۆژانه‌وه بڕی 14 هه‌زار مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م بهێنێت، پرۆژه‌كان، به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له غاز و وزه‌ی خۆر و وێستگه‌ی هه‌ڵمی و (كۆمباین سایكڵ) له‌خۆ ده‌گرن، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا وه‌زاره‌ت چه‌ند پارێزگایه‌كی ده‌ستنیشانكرد بۆ دانانی وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با به هه‌ڵم، جگه له‌وه‌ش عیراق له‌مێژه له هه‌وڵی زیادكردنی به‌رهه‌می غازی سروشتییه‌كه‌یدایه، بۆ كارپێكردنی وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با.
پرۆژه‌كان، به‌شكێن له پلانی ستراتیژیی وه‌زاره‌تی كاره‌بای عیراق بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با، به‌و هیوایه‌ی پێویستییه‌كانی عیراق بۆ كاره‌با پڕ بكاته‌وه، به تایبه‌تیش كه له هاویندا به‌هۆی گه‌رمای زۆره‌وه ئاستی به‌كارهێنانی كاره‌با زیاد ده‌كات
سۆلاریش به‌كار ده‌هێنرێت
ئه‌حمه‌د مو‌سا وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای عیراق له‌باره‌ی ئه‌و پرۆژانه‌وه به رۆژنامه‌ی سه‌باحی راگه‌یاند: وه‌زاره‌ته‌كه‌یان كار له‌سه‌ر ته‌واوكردنی ئه‌و پرۆژانه ده‌كات، كه له رێگه‌ی سووته‌مه‌نی غازی سروشتییه‌وه ده‌توانن دوو هه‌زار مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م بهێنن، هه‌روه‌ها له رێگه‌ی وێستگه‌كانی (كۆمباین سایكڵ)ه‌وه ده‌توانن سێ هه‌زار و 800 مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م بهێنن و چه‌ند وێستگه‌یه‌كی سۆلاریش داده‌مه‌زێنن، كه له توانایاندا ده‌بێت چوار هه‌زار و 800 مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م بهێنن، وێستگه هه‌ڵمییه‌كانیش بڕیاره تا سێ هه‌زار و 500 مێگابایت كاره‌با به‌رهه‌م بهێنن.
به‌غدا و چه‌ند پارێزگایه‌ك ده‌گرێته‌وه
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای عیراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان به‌غدای پایته‌خت و پارێزگاكانی ئه‌نبار و كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف و چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكه‌یان ده‌ستنیشانكردووه بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كان، سه‌رجه‌م پرۆژه‌كانیش به‌شكێن له پلانی ستراتیژیی وه‌زاره‌ت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با، به‌و هیوایه‌ی پێویستییه‌كانی عیراق بۆ كاره‌با پڕ بكاته‌وه، به تایبه‌تیش كه له هاویندا به‌هۆی گه‌رمای زۆره‌وه ئاستی به‌كارهێنانی كاره‌با له باشوور و ناوه‌ڕاستی عیراق زۆر زیاد ده‌كات.