ئا: فەتحوڵڵا حوسێنی
كەناڵی (الیوم) بڵاویكردەوە، بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە بارودۆخی ناوچەكە و ئاڵەنگارییەكان، ئەنجومەنی سەربازیی هێزەكانی سوریای دیموكرات، كۆبوونەوەی دەوری خۆی لە باشوور و خۆرهەڵاتی سوریا گرێداوە كە تەواوی سەركردە سەربازییەكان و دامەزراوە سەربازییەكانی سەربە هێزەكانی سوریای دیموكرات تێیدا بەشداربوون.
بەپێی هەواڵی كەناڵەكە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لەو رێككەوتنە كراوە كە هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگەڵ حكومەتی راگوزەری سوریا ئەنجامیداوە، هەروەها ئەو رێككەوتنەی كە ئەنجومەنی گشتی لە گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب كردوویانە، پاشان پێداچوونەوە بە رەهەندە سیاسی و عەسكەرییەكەی ئەو رێككەوتنانەدا و هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان بەئامانجی وەستاندنی شەڕ لە تەواوی خاكی وڵاتدا.
كەناڵەكە رایگەیاندووە: مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات سەرپەرشتیی كۆبوونەوەكەی كردووە و شیكارییەكی سیاسیی وردی دەربارەی بارودۆخی گشتیی ناوچەكە پێشكەشكردووە.