ئا: فەتحوڵڵا حوسێنی
رۆژنامەی (السوري) بڵاویكردەوە: رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی داوای لە دەسەڵاتی دیمەشق كردووە بۆ لێپرسینەوەی بەپەلە و سەربەخۆ لە ئەنجامدەرانی كۆمەڵكوژییەكەی كەناراوەكانی سوریا و داوای پاراستنی گیانی هاووڵاتییە مەدەنییە عەلەوییەكان دەكات. بەپێی هەواڵی رۆژنامەكە لە كۆمەڵكوژییەكەی 8 و 9ی ئازاری 2025ی شاری بانیاسی كەنارییدا زیاتر لە 100 هاووڵاتی مەدەنی عەلەوی بوون بە قوربانی، رێكخراوەكە داواش دەكات: پێویستە لەسەر تەواوی لێپرسراوان ئەو پێشێلكارییە جەستەییە بەتەواوی كۆتایی پێبهێنن.
رێكخراوەكە لە زاری شاهیدحاڵەكانەوە ئاماژەی بەوە كردووە: چەكدارەكان پێش ئەوەی هەڕەشە لە دانیشتوانی ناوچەكە بكەن، یان بیانكوژن، داوای ئینتیمای تائیفییان لێكردوون، ئەوە جگە لەوەی رێكخراوەكە باس لەوە دەكات: چەكدارەكان تۆمەتیان داوەتەپاڵ قوربانییەكان بەو بیانووەی بەرپرسیاری ئەو پێشێلكارییانەن كە دەسەڵاتی پیشووی دیمەشق دژی هاووڵاتیان كردوویەتی، لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەی رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیدا هاتووە «كەسوكاری ئەو قوربانییانەی كەناراوەكانی سوریا ناچاركراون كە بەبێ ئەنجامدانی هیچ رێوڕەسمێكی گشتی و دینی، قوربانییەكانیان لە گۆڕەبەكۆمەڵەكاندا بشارنەوە».