رەوەز ئیسماعیل
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 7/4/2025 لە بارەگای یەكێتیی تۆپی پێی عیراق، كۆبوونەوە كراوەكەی پێشووی ئەم یەكێتییە درێژەی پێدرا، ئەم كۆبوونەوەیەش وەك كۆبوونەوەی پێشوو،هیچ ئەنجامێكی نەبوو.
هەفتەی پێشوو بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی تۆپی پێی عیراق، بە تایبەتی مەسەلەی كاساسی راهێنەری هەڵبژاردەی عیراق، كە ئایا دەمێنێتەوە لە پۆستەكەیدا یان نا، كۆبوونەوەیەك كرا، كۆبوونەوەكە ناكۆكی زۆری بەخۆیەوە بینی، بۆیە کۆبوونەوە هیچ ئەنجامێكی نەبوو، لەبەر ئەوە بە كراوەیی هێڵرایەوە تا ئێوارەی دوێنێ دووشەممە.
لە كۆبوونەوەی دووەمیشدا، هەمان گرژی و ئاڵۆزی و ناتەبایی سەرۆك و جێگر و ئەندامەكان لەسەر مەسەلە وەرزشییەكان دووبارە بۆوە، كۆڤەند عەبدولخالق هەرلە سەرەتاوە كۆبوونەوەكەی جێهێشت، كاتێكیش كۆبوونەوە تەواو دەبێت، كەناڵەكانی راگەیاندن لە بەردەم بارەگای یەكێتیی تۆپی پێی عیراقدا گرد بووبوونەوە بۆ ئەوەی ئەنجامێكیان دەست بكەوێت، بە تایبەتی لەسەر مەسەلەی راهێنەری هەڵبژاردەی عیراق، تەنیا عەلی جەبار، جێگری سەرۆك قسەی بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن كرد، ئەوەیش هیچی وای نەدركاند كە لە كۆبوونەوەكەدا چی باسكراوە، تەنانەت وتی؛ هیچ قسەیەك لە سەر راهێنەری هەڵبژاردەی عیراق نەكراوە.
ئێستا ئەو كێشەكانە هەر وەك خۆیان ماونەتەوە، ناكۆكییەكانی ناو یەكێتیی تۆپی پێی عیراق هەر بەردەوامن، لەمانەش گرنگتر ئەوەیە نازانرێت چارەنووسی هەڵبژاردەی عیراق و كاساسی راهێنەر چییە و چۆن دەبێت و سەرجەم كێشەكانی تری تۆپی پێی عیراق بەكوێ دەگەن.