دانا حامید
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری زیادکردنی باجی لەسەر بەرهەمە چینییەکاندا، لە بەرامبەردا پەکین ناڕەزایی پیشاندا و بەڵێنیدا بە رێوشوێنی گونجاو وەڵام بداتەوە و دووپاتیکردەوە کە هیچ براوەیەک لە شەڕی بازرگانیدا نییە.
بە گوێرەی پەیمانگای پیتەرسۆن بۆ ئابووریی نێودەوڵەتی، چین وڵاتێکی سەرەکییە بۆ دابینکردنی کاڵای ئەلیکترۆنی و جلوبەرگ و قوماش بۆ ئەمریکا.
لە ساڵی 2017دا یەکەمین ئیدارەی ترەمپ هەنگاوی جدی نا دژی چین و بە رکابەرێکی ستراتیژی بۆ ئەمریکا و دەسەڵاتێکی پاوانخواز پێناسەی کرد، کۆمەڵێک بەڵگەنامەی ستراتیجیشی بڵاوکردەوە، کە ئەم سیاسەتە نوێیەی بەرامبەر چین دەخاتە روو، دیارترینیان ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ساڵی 2017 و ستراتیژی بەرگری نیشتمانی 2018یە.
پیاوی باج
هەر لە ماوەی خولی پێشوویدا، ترەمپ زنجیرەیەک باجی سەپاندووە، لە ساڵی 2018 دا باجی بەسەر نزیکەی %13ی کۆی هاوردەی ئەمریکا لە چینەوە سەپاند، هەروەها سزای لاوەکی بەسەر بەسەر هواویدا سەپاند، کە کۆمپانیایەکی چینییە، کە لە بواری پەیوەندییەکاندا پێشەنگە.
دوای ساڵ و نیوێک لە شەڕی بازرگانی، چین لە مانگی یەکی ساڵی 2020دا قۆناغی یەکەمی رێکەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا ئیمزاکرد، بە پێی ئەو رێکەوتنە واشنتۆن نزیکەی نیوەی ئەو باجانەی نەهێشتەوە کە بەسەر هەناردەی چیندا سەپێنرابوو، لە بەرامبەردا چین بەڵێنیدا لە ماوەی دوو ساڵدا بە بەهای 200 ملیار دۆلار کاڵا لە ئەمریکا بکڕێت.
ترەمپ خۆی بە (پیاوی باج) ناودەبات و باج بە ئامرازی پەسەندکراوی خۆی دەزانێت بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی بازرگانی ئەمریکا، هەروەها زۆرجار بانگەشەی ئەوە دەکات کە جەنگی بازرگانی باشە و ئاسانە بۆ سەرکەوتن.
نابێت بە کەم سەیر بکرێت
دواجار ترەمپ سەلماندی، کە جدییە لەو هەڕەشانەی کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا کردوویەتی.
بەڵام ئەو باجەکانی بە چارەنووسی خاوەندارێتی تیک تۆکەوە گرێدا و هەڕەشەی کرد کە ئەگەر کۆمپانیا چینییەکە، دەستبەرداری کۆنترۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە نەبێت، ئەوا رێوشوێنی توندتر دەگرێتەبەر.
وەزارەتی بازرگانی چین بەڵێنیدا وەڵامی ئەمریکا بداتەوە و رێوشوێنی خۆی بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی چین بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە.
بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی، پەکین رێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی دژی کۆمپانیا ئەمریکییەکان چڕتر کردۆتەوە.
راستییەکی حاشا هەڵنەگرە، کە ئەمریکا یەکێکە لە زلهێزە ئابوورییە گەورەکانی جیهان، چینیش بە سیستمی ئابووریی بەهێز ناسراوە و نابێت بە کەم سەیر بکرێت.
هۆکارەکانی شەڕی بازرگانی
بیرۆکەی شەڕی بازرگانی کاتێک دەستی پێکرد، کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا باجی بەسەر ژمارەیەک هاوردەی چینی بۆ ئەمریکادا سەپاند، لە تویتێکدا رایگەیاندووە کە ئامادەیە بۆ شەڕی بازرگانی.
ترەمپ رۆژی دووى نیسان لە ژێر ناونیشانی (رۆژی ئازادکردن)دا تاریفە گومرگییەکانی راگەیاند و دەستی لە هیچ وڵاتێک نەپاراست، یار و نەیارەکانی وەک یەک کردە ئامانجی رێکارەکانی، لە نێویاندا یەکێتیی ئەوروپا و چین
رێوشوێنەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی باج بەسەر هاوردەکردنی کاڵای چینی، پێشێلکارییەکی روون و ئاشکرای سیستمی ئابووریی جیهانی و لادانە لە بنەماکانی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی، کە واشنتۆن یەکێک بوو لە گەورەترین لایەنگرانی لە دامەزراندنیدا، کە لە ساڵی 1991دا و دوای رێکەوتنی گات دامەزرا.
ترەمپ رۆژی دووى نیسان لە ژێر ناونیشانی (رۆژی ئازادکردن)دا تاریفە گومرگییەکانی راگەیاند و دەستی لە هیچ وڵاتێک نەپاراست، یار و نەیارەکانی وەک یەک کردە ئامانجی رێکارەکانی، لە نێویاندا یەکێتیی ئەوروپا و چین، سەبارە بە چین %34 باجی خستە سەر بەرهەمەکانی، لە بەرامبەردا چین %25 باجی بەسەر 128 جۆر هاوردەی ئەمریکادا سەپاند کە بە پلەی یەکەم گۆشتی بەراز و شەراب بوو، ئەم باجانە کاریگەرییان لەسەر هاوردەکردنی ئەمریکا هەیە کە بەهای ساڵانەکەی نزیکەی سێ ملیار دۆلارە، پەکین روونیکردەوە کە ئامانجی ئەم هەنگاوە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی چین و قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەیە کە لە ئەنجامی سەپاندنی باجی نوێی ئەمریکا بەر چین کەوتووە.