هاوار شێخ رەئوف، بۆ کوردستانی نوێ :

دیداری حاجی كاك ئەحمەدی شێخ، زانای شەریعەت پیری تەریقەت، بەڕێوەدەچێت

10:49 - 2025-04-10
هەمەرەنگ
83 جار خوێندراوەتەوە

دیداری كاك ئەحمەدی شێخ، سەعات 10ی سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 12/4/2025، لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، كە یەكەمین دیداری زانستییە تایبەت بە منەوەر و كەسایەتیی گەورەی ئایینی و نەتەوەیی كورد كاك ئەحمەدی شێخ، دیدارەكە بە هاوبەشی  بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی و رێكخراوی بەرزجا رێكخراوە.
هاوار شێخ رەئوف جێگری سەرۆكی رێكخراوی بەرزجا بۆ گرنگیدان بە مێژوو، بە دوالاپەڕەی راگەیاند: بڕیارە دیداری كاك ئەحمەدی شێخ بە ناونیشانی (حاجی كاك ئەحمەدی شێخ زانای شەریعەت پیری تەریقەت) رۆژی شەممە لە سلێمانی بەڕێوەبچێت، بە شێوەیەكی گشتی ژمارەیەك توێژەر لە شارەكانی (سلێمانی، كەركوك، هەولێر، زاخۆ، رۆژهەڵاتی كوردستان)ەوە لە دیدارەكەدا بە چەند توێژینەوەیەك بەشداریان كردووە، شایانی باسە كە لە توێژنەوەكاندا رەهەندە جیاوازەكانی كاك ئەحمەد شێخ وەك كەسایەتییەكی گەورەی كورد لەبەرچاوگیراوە، بە تایبەت رەهەندی علومی ئیسلامی و تەسەوف لای حاجی كاك ئەحمەد هەموو ئەمانە بە هەند وەرگیراوە.
وتیشی: توێژەرەكان لە هەرە باشەكانی كوردستانن، هاوكات فیلمێكی دوكیۆمێنتاری لەسەر ژیان و بەخش و مێژووی حاجی كاك ئەحمەدی شێخ ئامادەكراوە، ئامادەبووان و میوانی دیدارەكە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە بەشدارن، هەروەها دیدارەكە لەسەر ئاستی ناوخۆش دەنگدانەوەیەكی باشی هەبووە، بۆ یەكەمجار لە ئەردەن و سعودیەوە خەڵك بۆ دیدار بێنە كوردستان و  سلێمانی بە تایبەتی، دیدارەكە هەندێك تازەگەریی و جیاوازیی تێدایە كە رەنگە ببێت بە جۆرێك لە كەلتور بۆ رێكخستنی دیدار و بابەتی زانستی، چونكە تەكنۆلۆژیای تازە لە دیدارەكەدا بەكاردێت، كاك ئەحمەدی شێخ كەسایەتییەكی مێژوويی زۆر گرنگە كە تا ئێستا لە رووی زانستییەوە ئاوڕی لێنەدراوەتەوە، دیدارەكە بە سپۆنسەری دەزگای میدیایی كوردسات بەڕێوەدەچێت.
دیانا ئەحمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان