ئەکرەم ئەمین
دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەم و لە خولی ئێستای سەرۆکایەتیدا هەمیشە زمانی زبر و گوشاری بەرامبەر رکابەکانی بەکارهێناوە، ئەمەش لە پێناو رازیکردنیانە بە خواستەکانی ئەمریکا، یان باشترە بڵێین خواستەکانی دۆناڵد ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ پێش دەستبەکاربوونی بۆ خولی دووەمی وەک سەرۆکی ئەمریکا کۆمەڵێ باجی ئامادەکردبوو بۆ سەپاندنی بەسەر کەنەدا و مەکسیک و چین و روسیا و وڵاتانی ئەوروپادا، دوای دەستبەکاربوونی هەندێکیانی جێبەجێکردووە و لە بەرنامەیدایە ئەوانەی دیکەش جێبەجێ بکات.
رۆژانە لیستی ناوی وڵاتەکان بۆ زیادکردنی باج لە سەریان زیادەکات، کار گەیشتۆتە ئەوەی عیراقیش ناوی هەبێت لە ریزی ئەو ناوانەدا.
ئابووریناسەکان، بە ئەمریکی و ئەوروپی و وڵاتانی تریشەوە، ئەم هەنگاوەی ترەمپ بە زیان و خاوبوونەوەی ئابووریی جیهان دادەنێن و پێیان وایە کار لە کۆمپانیاکان دەکات و دەرەنجام رێژەی بێکاری زیاد دەکات.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکان ئەوەیە، کە ئەمریکا خودی خۆشی زیانمەندە بە هۆی سەپانی باجەوە بەسەر وڵاتانی تردا، ئەی باشە بۆچی دەیسەپێنێت؟
زمانی زبر
دڵنیام کۆمەڵێک راوێژکاری زیرەک هەن لە ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ-دا لە ئێمە زۆر باشتر دەزانن کە سەپاندن و زیادکردنی رێژەی باج لایەنی سلبی زیاترە.
دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەم و لە خولی ئێستای سەرۆکایەتیدا هەمیشە زمانی زبر و گوشاری بەرامبەر رکابەکانی بەکارهێناوە، ئەمەش لە پێناو رازیکردنیانە بە خواستەکانی ئەمریکا، یان باشترە بڵێین خواستەکانی دۆناڵد ترەمپ.
ترەمپ کەسێکی بارزگانە، هەمیشە چاوی لە داهات و قازانجی ماددیە، بۆیە لە هەوڵی راستکردنەوەی تەرازوی بازرگانیدایە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ناومان هێنان بە تایبەتی و وڵاتانی تر بەگشتی، گوشارەکانی جێی خۆی دەگرێت و وڵاتان هەوڵ دەەدن کەمێک تەرازوەکە راست بکەنەوە و خواستی ترەمپ لەبەرچاو بگرن و کەلوپەلی ئەمریکی بکڕن.
لە بەرامبەردا وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەوڵی ئەوەدان، بەم نزیکانە دەست بە سەپاندنی دژە باج بەسەر بەشێک لە کەلوپەلی ئەمەریکادا بکەن، هەروەها وەزیرانی بازرگانیی یەکێتیی ئەوروپا رێکەوتوون لەسەر ئەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا بکەن بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەو باجانەی کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆکی ئەمریکاوە سەپێنراون، نەک هەوڵی تۆڵەسەندنەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەوروپا خواستی هەیە لەگەڵ ئەمریکا رێک بکەوێت و تەرازوەکە راست بکاتەوە.
چین و لوتکەی ریزبەندی
ماوەی چەند ساڵێکە چین لوتکەی ریزبەندیی وڵاتانی گرتووە لە هەناردەکرنی شمەک و کەلوپەل بۆ سەرانسەری دنیا، دۆناڵد ترەمپ لە سەپاندنی باج بەسەر چیندا دوو ئامانجی سەرەکیی هەیە:
یەکەم: کەمکردنەوەی رێژەی هەناردەکردنی شمەک و کەلوپەلی چین بۆ وڵاتان و دابەزینی داهاتی ئەو وڵاتە.
دووەم: لە رێگەی گوشارەوە فرۆش و هەناردەی خۆی زیادبکات و لوتکەی ریزبەندییەکە لە وڵاتی چین وەربگرێتەوە، کە ماوەی چەند ساڵێکە تێیدا چەسپیوە، بەمەش ئەمریکا سوودمەند دەبێت و چینیش زیانی پێدەگات.