ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
سەرۆكی تیمی نیشتمانیی بۆ پرۆژەكانی وزەی نوێبووەوەی عیراق:
پرۆژەكانی وزەی خۆر بە سەرجەم قەزا و ناحییەكانی باكوور و ناوەڕاست و باشووری عیراقدا دابەش دەكرێن و هیچ بارگرانییەكیش بۆ سەر بودجە دروست ناكەن
حكومەتی عیراق دەیەوێ پەلە بكات لە پرۆژەكانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی كارەبادا، بۆ ئەوەی بەر لەوەی وەرزی هاوین بێت، كێشەی كەمیی كارەبا چارەسەر بكات، لەو چوارچێوەیەشدا حكومەت هەر لە ئێستاوە ئامادەكاریی دەكات بۆ جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر و تیمی نیشتمانیی تایبەت بە پرۆژەكانی وزەی نوێبووەوە سەرپەرشتیی كارەكان دەكات، ژمارەیەكی زۆریش لە كۆمپانیا بیانییەكان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ كاركردن لەو پرۆژانەدا.
سەرۆك وەزیران پشتیوانیی لێدەكات
نەسیر كەریم سەرۆكی تیمی نیشتمانیی بۆ پرۆژەكانی وزەی نوێبووەوەی عیراق رایگەیاند: تا ئێستا 150 كۆمپانیای بیانی ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ كاركردن لە پرۆژەكانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر و محەمەد شیاع ئەلسودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقیش پشتیوانیی تەواوی ئەو پرۆژەكانە دەكات.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشكرد، تیمەكەیان كار لەسەر ئەوە دەكات، پرۆژەكانی وزەی خۆر بە سەرجەم قەزا و ناحییەكانی باكوور و ناوەڕاست و باشووری عیراقدا دابەش بكرێن و لە هەمان كاتدا پرۆژەكان هیچ بارگرانییەكیش بۆ سەر بودجەی گشتیی دروست ناكەن، لەبەر ئەوەی بە میتۆدی وەبەرهێنان جێبەجێ دەكرێن.
كۆشكی حكومەت بە نموونە
بە گوێرەی لێدوانی ئەو بەرپرسە، پلانی ئەم جارەی حكومەتی عیراق بە جۆرێكە، تا وەرزی هاوین دۆخی كارەبای عیراق دەگاتە ئاستێكی زۆر باش و كارەبای نیشتمانیی گوشارێكی ئەوتۆی لەسەر نامێنێت، چونكە یەكێك لە پرۆژەكان ئەگەر بە نموونە وەربگرین، پرۆژەی كۆشكی حكومەتی عیراقە، كە رووپێوی و ئەندازەگیریی بۆ كراوە، پێویستی بە 2.5 مێگاوات كارەبا هەیە و بڕیارە سۆلاری بۆ دابنرێت، بە توانای بەرهەمهێنانی دوو مێگاوات، واتە %80 بۆ %90ی كارەباكەی لەو رێگەیەوە دابین دەكرێت، ئەگەر ئەم میتۆدە بۆ سەرجەم دامەزراوە و سێكتەرەكانی دیكەش رەچاو بكرێت، ئەوا بەشێكی زۆری كێشەی كەمیی كارەبا لە عیراق چارەسەر دەبێت.
سەرچاوە: attaqa.net