راپۆرتی: جێگر خدر
پەندێکی کۆنی دەشتی بیتوێن بەردەوام لەسەر زمانی جووتیارانی سنوورەکەدایە کە دەڵێت: «ئەو ساڵەی تەڕە، بیتوێن بەدفەڕە، ئەو ساڵەی وشکە بیتوێن سەرپشکە»، بەڵام بەڕێوەبەری کشتوکاڵی راپەڕین دەڵێت: پەندەکە بۆ ئەو رێژە کەمەی بارانی ئەمساڵ نابێ و بەرهەمی جووتیاران بەدفەڕ دەکات.
بە وتەی خالید ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی راپەڕین، لە «75» ساڵی رابردوودا، تەنها ساڵێکی دیکە بەو رێژە کەمە باران باریوە، ئەو کەمییەی باران کشتوکاڵی دەشتەکانی بیتوێن و پشدەری خستووەتە بەردەم مەترسیی وشکەساڵییەوە.
لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی نوێ-ی راپەڕین، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی راپەڕین دەڵێت: ئەمساڵ بەرزترین ئاستی بارانبارین «250» میلیمەتر بووە، نزمترینیشی تەنها 193ملیمەترە، ئەم رێژە کەمە، گرفت بۆ جووتیارانی سنووری ئیدارەی راپەڕین دروست دەکات، بەتایبەتیش ئەو جووتیارانەی گەنم و جۆی دێمی بەرهەمدەهێنن، ئاوی ژێر زەوی و سەرزەوی تا رادەیەکی بەرز کەمدەکاتەوە، دەشتە کشتوکاڵییەکانی بیتوێن و پشدەر لانیکەم پێویستیان بە «500» میلیمەتر بارانە لە ساڵێکدا، خۆ ئەگەر لە مانگی چوار، واتا لەم مانگەدا بە کەمتر لە «50» ملیم باران ببارێت، ئەوا راستەوخۆ دەکەوینە نێو وشکەساڵییەوە، تەنانەت دووچاری کەمیی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەویش دەبینەوە.
لەلایەکی دیکەوە، «سپاردە محەمەد» بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین، بە کوردستانی نوێ-ی راپەڕینی راگەیاند؛ کەمیی رێژەی بارانبارین سەرچاوەکانی ئاوی سنوورەکەی خستووەتە مەترسییەوە، کانیاو و کارێزەکان نەژیاونەتەوە و بەو هۆیەشەوە ئاوی خواردنەوە و ناوچە کشتوکاڵییەکانیش لەبەردەم مەترسیدان، “چۆمی گافڕێن” کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئاوی پرۆژەی ئاودێریی سەنگەسەرە، ئێستا %70 ی ئاوەکەی کەمیکردووە، بەمەش هەموو ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی پشت بەو پرۆژەیە دەبەستن، دووچاری کەمئاوی هاتوون و جووتیارانی سنوورەکە لەمساڵدا بێبەرهەم دەکات، هەربۆیە لە چەند رۆژی ئایندەدا یەکەم ئەرکی دەوامی دوای پشووی جەژنی بەڕێوەبەرایەتیمان ئەوە دەبێت کە جووتیارانی سنوورەکە ئاگادار بکەینەوە کە هەندێک بەروبوومی کشتوکاڵیی هەن نەیچێنن تا تووشی زیان نەبن.
باسی لەوەکرد، بیرە قووڵەکان-یش مەترسیی وشکبوونیان لەسەرە، هەموو ئەو بیرانەی کە یاسایین و پاکژن و بە مەبەستی کشتوکاڵ بەکاردێن. لە لایەکی دیکەشەوە ئاوی خواردنەوەی ناوچە جیاجیاکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین بەهەمان شێوە لەبەردەم مەترسیی وشکبوون یان کەمبوونەوەدان بەرێژەیەکی زۆر، بۆ نموونە سەرچاوەکانی ئاوی رانیە، کوێرەکانی وشکە و ئاوی قولەش کە ئاوی خواردنەوە بۆ رێژەیەکی زۆری دانیشتووانی رانیە دابین دەکات، ئێستا کەمیکردووە، هەروەها زۆرێک لە سەرچاوەکانی ئاو کە دەڕژێنە زێی بچووک و ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ و کشتوکاڵی ناوچەکە بەراو دەکەن، یان وشکبوون یاخود زۆر کەمیان کردووە.
دەشتەکانی بیتوێن و پشدەر، ساڵانە بەرهەمێکی زۆری دانەوێڵە و بەرهەمی جۆراوجۆر بەرهەم دەهێنن، پێداویستیی ناوخۆیی پڕ دەکەنەوە و بەشێکی زۆریشی هەناردەی شارەکانی دیکەی هەرێم و عیراق و دەرەوەش دەکەن، پێدەچێت ئەمساڵ کەمیی بارانبارین لەگەڵ خۆیدا کەمیی بەرهەمی کشتوکاڵییشی لێبکەوێتەوە.